وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێم ڕایگەیاند، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بەشی هەرێم لەو ڤاکسینە دەگات، کە ڕۆژی یەکشەممە، گەیشتووەتە دەست وەزارەتی تەندروستیی عێراق.
ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێم بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “بڕێک ڤاکسینی فایزەر گەیشتووەتە دەست وەزارەتی تەندروستیی عێراق، لەو بڕەش وەک هەمیشە بەشی هەرێمی کوردستانی تێدایە”.
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێم بڕی ئەو ڤاکسینەی ئاشکرا نەکرد، کە لەلایەن وەزارەتی تەندروستیی عێراقەوە بەدەستیان دەگات، بەڵام تەئکیدی کردەوە، لەم چەند ڕۆژەدا ڤاکسینەکە دەکات.
ئەو ڤاکسینەی گەیشتووەتە دەست وەزارەتی تەندروستیی عێراق لە جۆری فایزەرە و ڤاکسینەکە لەلایەن هاوڵاتییانەوە خواستی زۆری لەسەرە.
وەزارەتی تەندروستیی هەرێم ڤاکسینی کۆرۆنا بەسەر 8 ناوەنددا دابەشدەکات، کە ساردکەرەوەی تایبەتیان هەیە بۆ هەڵگرتنی، بەپێی ڕێکارێکی دیاریكراو هەڵدەگیرێن تا بەکارهێنانیان.
بڕیارە ڕۆژانی یەکشەممەی هەموو هەفتەیەك بڕێک ڤاکسینی کۆرۆنا بگاتە دەست وەزارەتی تەندروستیی عێراق، لە مانگی نیسانەوە ئەم پرۆسەیە بەردەوامیی هەیە، بەڵام هەندێکجار بڕی گەیشتنی ڤاکسینەکە ئاشکرا ناکرێت.