سلێمانی.. کۆبوونەوەی خۆڵ و خاشاکێکی زۆر بەهۆی مانگرتنی کۆمپانیاکانی پاککەرەوە

لە ئێوارەی دوێنێوە کۆمپانیاکانی پاککردنەوە لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەهۆی خەرجنەکردنی ئەو شایستە داراییانەی بۆیان تەرخانکراوە کارەکانیان ڕاگرتووە.

ناو شاری سلێمانی دابەشکراوە بۆ پێنج زۆن و سێ کۆمپانیای پاککەرەوە کاری پاککردنەوەی خۆڵ و خاشاکی ناوشاری سلێمانی دەکەن، ماوەی ڕابردوو جارێکیدیکە کۆمپانیا پاککەرەوەکان مانگرتنیان ڕاگەیاند بەڵام بە هەوڵی بافڵ جەلال تاڵەبانی جارێکی دیکە دەستیانکردەوە بە کارەکانیان.

لە ئێوارەی دوێنێ کاتژمێر 4:00ەوە هەرسێ کۆمپانیای خالید شینکی، شکار و هەرێم کە کاری پاککردنەوەی ناوشاری سلیمانی دەکەن کارەکانیان ڕاگرتووە هۆکارەکشی بۆ خەرجنەکردنی شایستەداراییەکانیان دەگەڕێننەوە.

ماوەی پێنج مانگە شایستە داراییەکانی ئەو سێ کۆمپانیایە خەرجنەکراوە، وەک خۆیان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بۆدەکەن لە ڕۆژی 25ی شوباتی 2022 بەبڕیارێک خەرجکردنی شایستەکانیان راگیراوە تاوەکو مووچەی سەرجەم مووچەخۆران دابەشدەکرێت.

ئەو سێ کۆمپانیایە داوادەکەن لەماوەی حەوت ڕۆژدا شایستەکانیان خەرجبکرێت، ئاماژە بۆ ئەوەشدەکەن، کرێکار و شۆفێران و کارمەندەکانی دیکەیان ئامادەنین کار بکەن تاوەکو مووچەکانیان دابەشدەکرێت.

ڕاشیانگەیاندووە، ئەگەر شایستەکانیان خەرج نەکرێت کار و پرۆژەکانیان دەوسەتێت.

ئەمڕۆ سێشەممە شارەوانیی سلێمانی بە کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتییەکەی دەستیکردووە بە پاککردنەوەی شوێنە گشتییەکانی سلێمانی، بەڵام بەهۆی کەمیی کارمەندەکانییەوە کێشە بۆ کۆکردنەوەی سەرجەم ئەو خۆڵ و خاشاکە دروستبووە.

 

بابەتی پێشتر

دادگا یاساییبوونی دووبارە كردنەوەی دەرگای خۆكاندیدكردن بۆ سەرۆك كۆمار ‏یەكلادەكاتەوە

بابەتی دواتر

داوا لە سەرۆك كۆمار دەكرێت لێكۆڵینەوە لە بڕوانامەی خوێندنی كازمی بكرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share