یەكێتیی ئەوروپا داوا لە حكومەتی هەرێم دەكات پابەندی مافەكانی مرۆڤ بێت

یەكێتیی ئەوروپا نیگەرانی لەبارەی دادگاییكردنی چالاكوانانی بادینان دەردەبڕێت و داواش لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات پابەندییەكانی لە بواری مافەكانی مرۆڤ لەبەرچاوبگرێت.

نێردەی یەكێتیی ئەوروپا و نێردە دیبلۆماسییەكانی وڵاتانی ئەندام لە یەكێتییەكە لە عێراق ئەمڕۆ دووشەممە ڕاگەیەنراوێكیان بڵاوكردەوە و تیایدا نیگەرانی لەبارەی ئەو بڕیارەوە دەردەبڕن كە بەدواییە لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی هەولێر تایبەت بە پەسەندكردنی سزای بەندكردنی ڕۆژنامەنوس و چالاكوانانی بادینان دەرچووە.

لە بەیاننامەكەدا هاتووە، “ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی ڕۆژنامەگەری، بەهەمان شێوە مافی دادگاییەكی دادپەروەرانە لە بنەچە سەرەكییەكانی كۆمەڵگا دیموكراتییەكانە، سەرەڕای بوونی دامەزراوەی شەفاف و ئامادە بۆ لێپرسینەوە”.

نێردەی ئەوروپا دەشڵێت، بڕیارەكەی دادگا كاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر ڕوبەری تەرخانكراو بۆ دەنگی ناڕازیی لە هەرێمی كوردستان، هەروەها لەسەر توانای ڕۆژنامەنوسان لە گەیاندن بەبێ ترس لە تۆڵە و ڕێوشوێنی نایاسایی.

دەشڵێت، شاندی ئەوروپا و نێردە دیبلۆماسییەكان نیگەرانن لەو ئاماژانەی لە بڕیارەكەی دادگادا هاتوون دەربارەی پەیوەندی نێوان تۆمەتباران و كونسوڵخانە بیانییەكان، لەنێویشیاندا كونسوڵخانەی گشتی ئەڵمانیا لە هەولێر، ئاماژە بەوەشدەكەن كە ئاڵوگۆڕی ڕێكخراو لەگەڵ كۆمەڵگای مەدەنی بەشێكی دانەبڕاوە لە كاری نێردەی دیبلۆماسی لە سەرجەم ناوچەكانی جیهاندا.

نێردەی یەكێتی ئەوروپا و نێردە دیبلۆماسییەكانی وڵاتانی ئەندام لە یەكێتی ئەوروپا لە عێراق داواش لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن پابەندییەكانی لەبواری مافەكانی مرۆڤ لەبەرچاوبگرێت، لەنێویشیاندا مافی دادگایەكی دادپەروەرانە و ڕێوشوێنە یاساییە پێویستەكان و، زامنكردنی بەردەستخستی تەواوی ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی ڕۆژنامەگەری.

بە بڕیاری ژمارە 468، كە لە 28ی نیسانی ڕابردوو دەریكردووە و كۆتایی هەفتەی ڕابردوو بڵاوكرایەوە، سەرۆكایەتیی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان، بڕیاری دادگای تاوانی دووی هەولێری تایبەت بە سزای زیندانیكردن بۆ ماوەی شەش ساڵ بۆ پێنج لە ڕۆژنامەنووس و چالاكوانانی بادینان پەسەندكرد.

ئەمەش دوای ئەوەی لە 16ی شوباتی ڕابردوو سزای زیندانیكردنی هەریەك لە (شێروان شێروانی، شڤان سەعید، ئەیاز كەرەم، هەریوان عیسا و گۆهدار زێباری)، لەلایەن دادگای تاوانی دووی هەولێرەوە دەركرا، پارێزەرانی بەرگری داوای پێداچوونەوە (تەمیز)ی بڕیارەكەیان كرد.

بڕیارێكی “بێمانا”یە كاردانەوەی نێردە نێودەوڵەتییەكان بەرامبەر سزادانی چالاكوانانی بادینان

بابەتی پێشتر

پەروەردەی سلێمانی ڕەخنە لە بڕیارێكی شارەوانی دەگرێت بۆ فرۆشتنی بینای چەند خوێندنگەیەك

بابەتی دواتر

زیاتر لە 1100 توشبووی كۆرۆنا چاكبوونەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share