بڕیارێكی “بێمانا”یە
كاردانەوەی نێردە نێودەوڵەتییەكان بەرامبەر سزادانی چالاكوانانی بادینان

كەنەدا: ڕاگەیاندنکاران و بیروڕای جیاواز وەکو ئۆکسجین گرنگە بۆ کۆمەڵگایەکی ئازاد

كاردانەوەكان بەرامبەر بڕیارەكەی دادگای پێداچوونەوەی هەرێم، تایبەت بە پەسەندكردنی سزای چالاكوانانی بادینان درێژەیان هەیە، ترس هەیە لەوەی تۆمەتباركردنی چەند نێردەیەكی دیپلۆماسی لە هەرێم بە ئەنجامدانی سیخوڕی، گرفت بۆ پەیوەندیی نێوان چەند وڵاتێك و هەرێمی كوردستان دروستبكات، ئەمریكا داوا دەكات ڕێز لە کاری دیپلۆماتە ئەمریکییەکان بگیرێت، ئەڵمانیاش بڕیارەکەی دادگا بە “بێمانا” وەسفدەكات.

كونسوڵخانەی ئەمریكا داوادەكات ڕێز لە کاری دیپلۆماتەكانیان بگیرێت، هاوتا ئەڵمانییەكەشی دەڵێت، بڕیارەكە پێچەوانەی گیانی پەیوەندیی دۆستانە و نزیکیی نێوان ئەڵمانیا و هەرێمی كوردستانە.

بە بڕیاری ژمارە 468، كە لە 28ی نیسانی ڕابردوو دەریكردووە و كۆتایی هەفتەی ڕابردوو بڵاوكرایەوە، سەرۆكایەتیی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان، بڕیاری دادگای تاوانی دووی هەولێری تایبەت بە سزای زیندانیكردن بۆ ماوەی شەش ساڵ بۆ پێنج لە ڕۆژنامەنووس و چالاكوانانی بادینان پەسەندكرد.

ئەمەش دوای ئەوەی لە 16ی شوباتی ڕابردوو سزای زیندانیكردنی هەریەك لە (شێروان شێروانی، شڤان سەعید، ئەیاز كەرەم، هەریوان عیسا و گۆهدار زێباری)، لەلایەن دادگای تاوانی دووی هەولێرەوە دەركرا، پارێزەرانی بەرگری داوای پێداچوونەوە (تەمیز)ی بڕیارەكەیان كرد.

بەڵام دادگای پێداچوونەوە بڕیاریدا بە وەڵامدانەوەی داواكە بە پەسەندكردنی بڕیاری دادگا، سەبارەت بە سزادانی بەندكراوان بە زیندانیكردن بۆ ماوەی شەش ساڵ، لە بڕیارەكەدا سەردانكردنی چالاكوانان بۆ كونسوڵخانەكانی ئەمریكا و ئەڵمانیا وەك بەشێك لەو تۆمەتانەی ڕوبەڕوویان كراوەتەوە، ئاماژەی پێكراوە.

سەبارەت بە بڕیارەكە، وتەبێژی کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر لە وەڵامی تۆمەتباركردنی دەستگیركراوانی بادینان بە بوونی پەیوەندی لەگەڵ كونسوڵگەریی ئەمریكا، بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “چاوەڕوانیمان لە حکومەتە خانەخوێکان لە سەرانسەری جیهاندا ئەوەیە، ڕێز لە کاری دیپلۆماتە ئەمریکییەکان بگرن، کە بەهەمان شێوەی ڕۆژنامەنووسان لەگەڵ خەڵکی جۆراوجۆر کۆدەبنەوە، بۆ ئەوەی بتوانن کارەکانیان بکەن”.

وتیشی، ”لەگەڵ ئەوەی ئێمە قسە لەسەر تاکە کەیسی دادگاکان ناکەین، بەڵام ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ساتی دامەزراندنیەوە پشتیوانی لە ئازادی ڕادەربڕین و ڕاگەیاندن کردووە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “ئازادیی ڕادەربڕین و ڕاگەیاندن بەشێکە لە شوناسمان و بەردەوام دەبین لە داکۆکیکردن لێی، وەک یەکێک لە بەها سەرەکییەکانمان، هەروەها بەردەوام دەبین لە جەختکردنەوە لە گرنگیی ڕێوشوێنی یاسایی و سەروەری یاسا، بەدەستڕاگەیشتن بە پارێزەریشەوە”.

هاوكات کونسوڵخانەی گشتیی ئەڵمانیا لە هەولێر بڕیارەکەی دادگای بە “بێمانا” و پێچەوانەی گیانی پەیوەندیی دۆستانە و نزیکی نێوان ئەڵمانیا و هەرێمی کوردستان، وەسفكرد.

کونسوڵخانەی ئەڵمانیا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ”کونسوڵخانەکەمان بە نیگەرانییەوە لە بڕیاری دادگای تەمیز لە دژی پێنج رۆژنامەوان و چالاکوانەکە دەڕوانێت، تێگەیشتن لە بڕیارەکەی دادگا ئاسان نییە، بەبێ لەبەردەستدابوونی بەڵگەیەکی ڕوون بۆ تاوانکارییەك مایەی سزادان بێت”.

هەروەك داوادەكات نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی خۆی بەکاربهێنێت بۆ دەرکردنی بڕیاری لێخۆشبوون و دەشڵێت، “گۆڕینەوەی ئازادانەی بیروڕا لەگەڵ ڕۆژنامەوانان و چالاکوانان بەشێکە لە کاری ڕۆژانەی دیپلۆماتکاران و هەروەها کاری ڕۆژانەی کونسوڵگەریی گشتییشە”.

نوێترین كاردانەوەش لەسەر دۆسیەكە، لەلایەن باڵیۆزخانەی كەنەدا بوو لە بەغداد، كە بە بڕیارەكە نیگەرانە.

درەنگانی شەوی ڕابردوو باڵیۆزخانەی كەنەدا لە عێراق لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی تویتەر بڵاویكردووەتەوە، “کەنەدا زۆر نیگەرانە لە سزادانى ڕۆژنامەنووس و چالاکوانان لە هەرێمی کوردستان”.

دوپاتیشیكردووەتەوە، “ڕاگەیاندنى ئازاد و سەربەخۆ بناغەی دیموکراسییە، ڕاگەیاندنکاران و بیروڕای جیاواز وەکو ئۆکسجین گرنگە بۆ کۆمەڵگایەکی ئازاد و هۆشیار و گشتگیر”.

پارێزەرانی دۆسیەكە كۆڵنادەن
پێنجشەممەی ڕابردوو بەشدار حەسەن، پارێزەری دۆسیەی دەستگیركراوان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، “لەگەڵ تیمی پارێزەراندا ڕێگای دیكەمان لەبەردەمدایە بۆ تانەدان لە بڕیارەكە، لەدوای داوای پێداچوونەوە، دەتوانین داوای ڕاستكردنەوەی بڕیاری پێداچوونەوە بكەین، هەروەها دەكرێت سەرۆكی هەرێمی كوردستان بڕیاری لێبوردنی تایبەتیان بۆ دەربكات”.

ئەوەشی وت، لەمیانەی دادگاییەكەدا دوو هەڵەی بنەڕەتی ئەنجامدراوە، “یەكێكیان، ناكرێت هێزی ئاسایش لە هۆڵی دادگا بێت خۆی (حەكەم) بێت و خۆشی (خەسم) بێت، ئەوە هەڵەیەكی زۆر گەورەیە و سەرپێچیی یاسایە”.

لەبارەی هەڵەی دووەمیشەوە پارێزەرەكە وتی، “لەكاتی وەرگرتنی وتە لە دەستگیركراوان، پارێزەریان لەگەڵ نەبووە و لەبەردەم سەرۆك و ئەندامانی دادگا ئاماژەیان بەو خاڵە كرد، كە ئەوان لەژێر هەڕەشە و ئەشكەنجە ئەو وتانەیان پێنوسراوە و واژوویانكردووە”.

پارێزەری دەستگیركراوان پرسیاری ئەوەشی كرد، “ئەوەی دادگای پێداچوونەوە پشتی پێبەستووە سەردانیكردنی ئەو بەڕێزانەیە بۆ كونسوڵخانەكانی ئەمریكا و ئەڵمانیا، پرسیارەكە ئەوەیە سەردانكردنی ئەو كونسوڵخانانە چ تاوانێكە؟”.

ئەوەشی ڕونكردەوە، ئەگەر داوای ڕاستكردنەوەی بڕیاری پێداچوونەوەكەش هەر بڕیاری سزادانەكە پەسەندبكات، ئەوكات سەرۆكی هەرێم دەتوانێت لێبوردنی تایبەتیان بۆ دەربكات.

جگە لەو دەستگیركراوانەی بڕیاری دادگایان بۆ دەرچووە، ژمارەیەك دەستگیركراوی دیكەی بادینان لە بەندینخانەكاندان و دۆسیەكانیان بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە.

لەسەر چی دەستگیركراون؟
هەڵمەتی دەستگیركردنی چالاكوان و ڕۆژنامەنووسان پاش خۆپیشاندانێكی ناڕەزایی بوو كە لە 19ی ئابی 2020 لە زاخۆ ئەنجامدرا و دواتر توندوتیژی لێكەوتەوە و بەریەككەوتن لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزەكانی پۆلیسدا ڕویدا.

زۆرینەی ئەو دەستگیركراوانە تۆمەتی “تێكدانی ئاسایش و ئاژاوەگێڕی”یان ڕوبەڕووكراوەتەوە.

لەماوەی رابردوودا چەندین گردبوونەوە و چالاکیی جۆراوجۆر لە ناوخۆ و وڵاتانی ئەوروپا و جیهان دژ بە دەستگیرکردن و سزادانی ئەو ڕۆژنامەنووس و چالاکوانانە بەڕێوەچوو، هەروەها ژمارەیەك رێكخراوی جیهانی ڕاپۆرتیان لەسەر کەیسەکە بڵاوکردوەتەوە.

پێشتر ڕێكخراوی CPT، كە رێکخراوێکی نێودەوڵەتیی بواری مافەکانی مرۆڤە، لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، پارێزەرانی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان ھیچ بەڵگەیەکی ڕاستەوخۆ و بڕواپێھێنەریان پێشکەشنەکرد، کە تۆمەتەکانی چالاکوانان و ڕۆژنامەوانانی بادینان بسەلمێنێت.

دەشڵێت، “ئەندامانی تیمی CPT بەقوڵی نیگەرانیی خۆیان دەردەبڕن سەبارەت بەم پڕۆسەیە، کە تیایدا مافە مەدەنی و سەرەتاییەکان بە ئامانج دەگیرێن و دەبنە ھۆی تێکدانی ژیانی ئەوانەی، کە ڕاستییەکان ئاشکرادەکەن و بەڕووی توندوتیژیدا دەوەستنەوە”.

بابەتی پێشتر

نرخی دراوە بیانییەکان

بابەتی دواتر

خشتە و کاتی یارییەکانی ئەمڕۆ، شەممەی خولەکانی ئەوروپا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
2
Share