هێزەكانی ئەمریكا لە هەولێر ڕاهێنانی چڕی نوێ بە هێزەكانیان دەكات لە بنكە سەربازییەكان، و خۆی زیاتر ئامادە دەكات بۆ هەر هێرشێك، كەبكرێتە سەربنكەكانی.
بە گوێرەی زانیاریی میدیا عێراقییەكان، ئەمریكا بۆ رٍوبەروبونەوەی هەر ئامانجێكی فڕۆكە بێ فڕۆكەوانەكان، كە ماوەیەكە بنكە سەربازییەكانی لە پارێزگاكانی عێراق دەكرێتە ئامانج، دەستی بەڕاهێنانی چڕ و ئامادەكاری زیاتر كردووە بۆ بەرپەرچدانەوەیان.
ئاماژەیان بەوەشكردووە، هێزەكانی ئەمریكا چەند بەرپرسێكی باڵای سەربازی خۆی گواستووەتەوە بۆ فڕۆكەخانەی هەولێر و سەرقاڵی لێدانی خەندەقی نوێن، لە نێو بنكەی سەربازیی ئەمریكا لە فڕۆكەخانەكەدا.
ئەوەش لەكاتێكدایە، ماوەیەكە ڕۆژانە بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لە عێراق دەكرێنە ئامانجی مووشەكی، و تا ئێستاش هیچ لایەنێك بە فەرمی ئەو هێرشانەی نەگرتووەتە ئەستۆ، لەماوەی ڕابردووش چەند جارێك بە مووشەك هێرشكرایە سەر فڕۆكەخانەی هەولێر و چەند ناوچەیەكی شارەكە.