فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، عێراق هیچ رێككەوتنێکی لەگەڵ توركیا نیە، کە ڕێگە بە چالاکی سەربازیی ئەو وڵاتە بدات، لە ناو خاکی عێراقدا دەشڵێت، لەگەڵ هەرێمی كوردستان لە پەیوەندیداین لەبارەی هۆكاری ئۆپراسیۆنەكانی توركیا.
لیوا تەحسین خەفاجی، وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق ڕایگەیاندووە، ماوەی چەند ڕۆژێكە لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە هەماهەنگی و پەیوەندیدان، هۆکاری ئەنجامدانی یەک لەدوا یەکی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە تورکیا لە نێو خاكی عێراقدا بزانین.
ئاماژەی بەوەشكرد، لە ڕۆژانی داهاتوو لەگەڵ هێزەکانی پاسەوانی هەرێم، کاری هاوبەش دەکەین و حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندیش جەخت لە کاری هاوبەش دەکەنەوە، بۆ پڕكردنەوەی بۆشایی ئەمنیی نێوان هەردولا.
دەربارەی هەنگاوی كرداری حكومەت لەبارەی ئۆپرسیۆنەكانی توركیا، وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق جەختی لەوەكردووەتەوە، ڕۆژانە حکومەتی ناوەندی و وەزارەتی دەرەوە کار لەسەر ئەوپرسە دەکەن، و لەم نزیكانەشدا هەنگاوی دیكە دەگرنەبەر.