تۆپی پێ ئاسایی نابێتەوە.. سبەینێ تیروپشکی چامپیۆنزلیگ ئەنجامدەدرێت

ئەنجامدانی تیروپشکی قۆناغی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگ لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە، بەڵگەیەکی دیکەیە کە لەم وەرزەشدا پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییەکان ئاساییبوونەوە بەخۆیانەوە نابینن.

شەش هەفتە بەسەر پاڵەوانبوونی بایرن میونشن تێپەڕدەبێت و بڕیارە سبەینێ تیروپشکی قۆناغی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگ بۆ وەرزی 2020/2021 ئەنجامبدرێت، تیایدا 32 یانە بەسەر هەشت کۆمەڵەدا دابەشدەبن، بەهۆی هەڕەشە و مەترسییەکانی کۆرۆناوە جارێکی دیکە هاندەران لە چوونە ناو یاریگاکان بێبەشدەبن.

لە وەرزی نوێی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، گەشتکردن بۆ وڵاتانی مەترسیداری هاوشێوەی هەنگاریا – بوداپێست کە یاری کۆتایی جامی سوپەری ئەوروپای لەنێوان بایرن و ئیشبیلیە لێئەنجامدرا، ئاسایی دەبێتەوە و ئەوەش بە دڵی هەندێک لە یانەکان نییە.

لەم بارەیەوە بەڕێوبەری وەرزشیی بوروسیا دۆرتمۆند، مایکڵ زورک دەڵێت، ” پێداویستییە یاساییەکان بۆ ئەنجامدانی ڕوبەڕوبوونەوە ئەوروپییەکان بوونیان نییە، ئەگەر ئێمە ڕۆژی چوارشەممە لە ناوچەیەکی مەترسیدار یاری بکەین، کەواتە دەبێت لە ڕووی یاساییەوە ڕێگەمان پێبدرێت ڕۆژی شەممە لە خولی ناوخۆی ئەڵمانیا یاریبکەین، ئەوەش لە پڕۆتۆکۆلەکاندا بوونی نییە”،

بەپێی یاسا کارپێکراوەکانی ئەڵمانیا، لەدوای گەڕانەوەی کریزتۆف پیاتیک لە چالاکییە نێودەوڵەتییەکان، یانەی هێرەتا بەرلین ناچاربوو بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ یاریزانەکە کەرەنتین بکات، بەو هۆیەشەوە نەیانتوانی لە جامی ئەڵمانیا بەشداری پێبکەن.

بڕیاربوو ڕێوڕەسمی تیروپشکەکە لە ئەسینای پایتەختی یۆنان سازبکرێت، بەڵام فیدرسایۆنی تۆپی پێی ئەوروپا لەپێناو تەندروستی نوێنەراندا بڕیاریدا بۆنە وەرزشییەکە بە ڕێوشوێنی خۆپارێزی توندەوە بگەڕینێتەوە بۆ بارەگای سەرەکی یوێفا لە سویسرا.

بەپێی ڕێکارە نوێیەکان، هەر یانەیەک بکەوێتە ناوچەی مەترسییەوە دەتوانێت لە حاڵەتی ڕوبەڕوبوونەوەی یانە پارێزراوەکاندا یاریگەیەکی بێلایەنی دیکە دیاریبکات، بۆنمونە: ئەگەر یانەی بایرن میونشن لە یەک کۆمەڵەدا بەرانبەر یانەکانی بەرشلۆنە و دینامۆ کیێڤ و ستاد ڕینس یاریبکات، هەر سێ یانەکەی دیکە کە بەپێی ڕاسپاردەی پەیمانگای ڤان کوخی ئەڵمانی کەوتوونەتە ناوچەی مەترسییەوە، ناچاردەبن داوای مۆڵەتی تایبەتی بکەن، یان یاریگای بێلایەن لە وڵات یان شارێکی دیکە دیاریبکەن.

هەروەها دەکرێت لە ئەگەری ڕوودانی هەر پێشهاتێکی چاوەڕواننەکراودا، کێبڕکێی قۆناغی کۆمەڵەکان لە هەشت و نۆی کانونی یەکەمەوە بۆ 28ی کانونی دووەم درێژبکرێنەوە.

ئەگەر بێتو قۆناغی کۆمەڵەکانیش نەگاتە ئەنجامی کۆتایی و دەرفەت نەبێت بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان، ڕاستەوخۆ لیژنەی جێبەجێکاری یوێفا بڕیار لەسەر یانە سەرکەوتووەکان بۆ قۆناغی 16 دەدات، هەمان ئەم یاسایانەش لە خولی ئەوروپی جێبەجێدەکرێن.

تیروپشکەکە چۆن دەبێت؟

سبەینێ، پێنجشەممە یانەکان بەسەر چوار ئاستدا دابەشدەکرێن، ئاستی یەکەم پێکهاتوون لە پاڵەوانانی وەرزی ڕابردوو، وەک بایرن میونشن، ئیشبیلیە (پاڵەوانی یوروپالیگ)، ڕیاڵ مەدرید، یوڤانتۆس، لیڤەرپوڵ، پاریس سانت جێرمان، زینیت سان پترسبۆرگ، پۆرتۆ.

ئاستی دووەم پێکدێت لە یانەکانی بەرشلۆنە، مانچستەر سیتی، مانچستەر یونایتد، چێڵسی، ئەتلەتیکۆ مەدرید، بوروسیا دۆرتمۆند، ئەیاکس ئەمستەردام، شاختار دۆنستیک.

کێبڕکێی یانەکان لە قۆناغی کۆمەڵەکان لە ڕێکەوتی 20 و 21ی تشرینی یەکەم دەستپێدەکات و یاری کۆتایی لە 29ی ئایار لە ئیستانبوڵ ئەنجامدەدرێت.

بابەتی پێشتر

لە 1969وە ڕووینەداوە .. فێراری لە لوتکەی فۆرمولا 1 وە بۆ تیمێکی کەوتوو

بابەتی دواتر

لەبەر پێنج هۆکار مباپێ پەیوەندی بە ڕیاڵ مەدریدەوە دەکات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share