ئالابا چانسێکی پێنج خەسڵەتیە ڕیاڵ مەدرید نەیتوانی لەدەستیبدات

ڕیاڵ مەدرید لە کڕینی ئالابا بیری لە پێنج خەسڵەتی یاریزانەکە کردووەتەوە

سەرەڕای ئەوەی تاوەکو ئێستا بە فەرمی هیچ زانیارییەک لەلایەن یانەکانی ڕیاڵ مەدرید و بایرن میونشنەوە ئاشکرانەکراوە، بەڵام سەرچاوە ناودارەکانی ئیسپانیا لە نمونەی مارکا و ئاس جەخت لە ڕێککەوتنی نێوان سەرۆکایەتی یانەی شاهانە و داڤید ئالابای بەرگریکاری نەمسایی دەکەنەوە.

بەرگریکارە 28 ساڵەکە لە 30ی حوزەیرانی 2021 بۆندەکەی لەگەڵ بایرن میونشن کۆتاییدێت و مارکا دووپاتیدەکاتەوە، لەگەڵ ڕیاڵی شاهانە ڕێککەوتنی گرتووە و پەیوەندی بە یانە مێژووییەکەی ئیسپانیاوە دەکات.

مارکا پێنج خەسڵەتی ئالابای دیاریکردووە، بەهۆیەوە بەرپرسانی شاهانە سووربوون لەسەر واژووکردنی بۆندەکەی.

نرخ و چانسی گواستنەوە

ئالابا لە هاوینی 2021 دەبێتە بێبەرانبەر، لەگەڵ بایرن ڕێکنەکەوتووە بۆ نوێکردنەوەی بۆندەکەیی و کشانەوەی بایرن لە دانوستاندنەکان بابەتەکەی بۆ بەڕێوبەرانی ڕیاڵ ئاسان کردووە.

سەرەڕای ئەوەی نرخەکەی بێبەرانبەرە، بەڵام لە ئەگەری واژووکردنی بۆند لەگەڵ لۆس بلانکۆس نرخەکەی لە 65 ملیۆنەوە بۆ 80 ملیۆن بەرزدەبێتەوە.

سەنتەری بەرگری

داهاتوو ڕامۆس ناڕوونە و کاپیتانۆ ئاستی وەک پێشوو نەماوە، ڤاران تاوەکو 2022 بۆندی واژووکردووە و ئەم بەرگریکارەش ئاستی دابەزیوە، لە بەرانبەردا ئیدێر میلیتاو نەیتوانیوە جێگەی خۆی لە پێکهاتەی سەرەکیدا بکاتەوە و وەک یەدەگیش سوودێکی ئەوتۆی نەبووە.

ئالابا هاوشانی ڕامۆس یان ڤاران دەتوانێت تەواوی کەلێنە بەرگرییەکان پڕبکاتەوە، هاوشێوەی ڕامۆس بەرگریکارێکی گۆڵکارە و 32 گۆڵی بەدرێسی بایرنەوە تۆمارکردووە و 49 گۆڵی ڕەخساندووە.

باڵی بەرگری چەپ

ئالابا یاریزانێکی چەپەی ناوازەیە، لە هەردوو پێگەی سەنتەر و باڵی چەپی بەرگری دەتوانێت یاریبکات، دەکرێت کێشە بەرگریەکانی باڵی چەپ چارەسەربکات.

ئەزموونی هەیە و سەرکردەیە

تەمەنی 28 ساڵە، بەڵام لە بایرن 400 یاریکردووە، دووجار نازناوی چامپیۆنزلیگ و نۆ نازناوی خولی ئەڵمانیای بەدەستهێناوە، ئەزموونێکی زۆری هەیە و ڕوحیەتی سەرکردەی تێدایە، لە پێکهاتەکانی هانزی فلیک هەرگیز ئاستی دانەبەزیوە.

ڕەفتار بەرز و پارێزراو

دۆسییەی ڕەوشت بەرزی ئالابا یەکێکە لە باشترینەکانی ئەوروپا، بە درێسی بایرنەوە 18 کارتی زەردی وەرگرتووە، بەڵام هەرگیز کارتی سوور بەڕوویدا بەرزنەکراوەتەوە.

بابەتی پێشتر

جموجۆڵێکی سەیر لە نێوان پاریس و تۆتنهام و ئینتەر ڕوودەدات !

بابەتی دواتر

یەكەم حاڵەتی توشبوون بە جۆرە نوێیەكەی كۆرۆنا لە كوەیت تۆماركرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share