حەوت هۆکار وا دەکەن گواردیۆلا ڕاهێنەرێکی تۆقێنەر بێت

گواردیۆلا بەهۆی چەند خەسڵەتێکەوە لە ڕاهێنەرانی دیکە جیادەکرێتەوە

ڕاهێنەری یانەی مانچستەر سیتی، پێپ گواردیۆلا لە ئەیلولی ساڵی ڕابردوو تاوەکو ئێستا یانەی مانچستەر سیتی گەڕاندەوە و وەک یەکێک لە باشترینەکانی ئینگلتەرا و ئەوروپا نمایشیکردووە.

لە سەرەتای وەرزەوە سیتیزن لە پێگەی نۆیەمەوە هەوڵی گەڕانەوەیدا، چارەسەری کێشە تاکتیکیەکانی کرد و کەلێنەکانی بەرگری و هێرشبەری پڕکردەوە و یانەکەی گەیاندە لوتکە، حاڵی حازر بە جیاوازی 10 خاڵەوە پلەی یەکەمی ڕیزبەندی یانەکانی ئینگلتەرای کردووە و لە نزیکترین ڕکابەریەوە 10 خاڵ جیاوازی هەیە.

بەپێچەوانەشەوە، ڕاهێنەرانی دیکەی وەک یۆرگن کلۆپ و جوزێ مۆرینیۆ لە لوتکەوە بەرەو خوار ڕۆیشتوون و هەرگیز نەیانتوانیوە پلانەکانیان وەک خۆی جێبەجێ بکەن.

ئاست بەرزی و کارامەیی گواردیۆلا حەوت هۆکاری لە پشتەوەیە، پێکهاتوون لە:

تیکی تاکای چێژپەخش: هەرگیز کۆڵینەداوە لە جێبەجێکردنی ستایلی تیکی تاکا هێرشبەرییەکەی، سەرەڕای ئەوەی شارەزایان پێیان وایە ئەم شێوازی یاریکردنە بەسەرچووە، بەڵام بەردەوام چاکسازی تێداکردووە و بەرانبەر ڕکابەرانی بە شێوەیەکی تۆقێنەر کۆنتڕۆڵی یاریگا دەکات.

ڕکابەرانی شارەزاییان لە شێوازەکەیدا پەیداکردووە، لەگەڵ ئەوەشدا نەیانتوانیوە ڕایبگرنەوە.

 

یەکلاییکردنەوەی نازناوەکان: ڕاهێنەرەکە بە خێرایی کێبڕکێکان یەکلاییدەکاتەوە، لەم وەرزەدا بە جیاوازی 10 خاڵ پێش ڕکابەرانی کەوتووە و دوای زنجیرەیەک بردنەوە نەزانراوە کەی و چۆن لە سەرکەوتنەکانی دەوەستێتەوە.

سەرەڕای ئەوەی ململانێکانی پریمەرلیگ زۆریان ماوە، بەڵام بەشێوەیەکی پراکتیکی توانیویەتی ڕکابەرەکانی بێهیوابکات.

 

ئەقڵیەتی بردنەوە: جگە لە بردنەوە هیچ ئامانجێکی دیکەی نییە، ئەژماری ئەنجامەکان و کۆکردنەوە بۆ ڕێژەی گۆڵ و ئەنجامی چوون و گەڕانەوە ناکات، تەنها بیر لە بردنەوە دەکاتەوە.

زیاتر سەرنج لە نازناوی خولە ناوخۆییەکان دەکات و کەمتر گرنگی بە خول و جامەکانی دیکە دەدات، ئەم ئەقڵیەتە ناوازەیە و ڕاهێنەرانی دیکە بەو شێوازە کارناکەن، بگرە بووەتە مەترسی بۆ یانە گەورەکانی دیکە و ڕاهێنەرانیان.

بێبەزەییە: بردنەوە گواردیۆلا ڕاناگرێتەوە، بەڵکو ئامانجیەتی زۆرترین ڕێژەی گۆڵ تۆماربکات، ڕەحم بە ڕکابەرانی ناکات و ئەگەر پێکهاتەکانی بۆیان بکرێت زۆرترین ڕێژەی گۆڵ تۆماردەکات.

زۆرینەی یانەکانیش ڤێڕەحمی گواردیۆلایان بینیوە، 15 جار لە ئارسیناڵی بردووەتەوە 11جار لە ڕیاڵ مەدرید، نۆجار مان یونایتد، هەشتجار بەرانبەر چێڵسی، بەڵام بەرانبەر لیڤەرپوڵ پێنج بردنەوە و پێنج دۆڕاندنی هەبووە.

 

عاشقی وردەکاریەکانە: چەندینجار لە دوای ڕوبەڕوبوونەوەکان گرتەی بڵاوبووەتەوە زانیاری و ڕێنمایی بە یاریزانەکانی دەدات.

عاشقی وردەکاریە تاکتیکی و وەرزشیەکانە و میدیا و هاندەران و تەنانەت شارەزایانیش شایەتحاڵی ئەو ڕاستییەن، کەسانی نزیکیشی دووپاتیانکردووەتەوە، کە تەنها بە جێبەجێکردنی وردەکاریەکان قایلدەبێت، بەدەر لەوە لە ڕرخنەبارانکردنی ڕکابەرانی ناوەستێتەوە.

پێپ گواردیۆلا، ڕاهێنەری یانەی مانچستەر سیتی

بەرگریکردن بە هێرشبردن: گواردیۆلا باوەڕی بەو بۆچوونەیە کە دەڵێت: هێرشبردن باشترین چارەسەرە بۆ بەرگریکردن.

لەم وەرزەدا لەکۆی 25 یاری پێکهاتەکەی 50 گۆڵی تۆمارکردووە، بە نێوەندی ڕێژەی گۆڵێک لە هەر 90 خولەکێکدا، هێڵی هێرشبەری سیتی بەردەوام کێشە تاکتیکی و هونەریەکانی هێڵی بەرگری دەشارێتەوە.

 

سەرکەوتن بەسەر ڕاهێنەرە جیهیانیەکاندا: گواردیۆلا بەرانبەر ڕاهێنەرە ڕکابەرەکانی باڵادەستبووە و بەردەوامیشە.

بەرانبەر یۆرگن کلۆپ 21 یاریکردووە، نۆ بردنەوە و هەمان ژمارە دۆڕاندنی هەبووە، بەڵام بەرانبەر مۆرینیۆ 12 یاری بردووەتەوە و حەوتی دۆڕاندووە.

بەرانبەر ماوریسیۆ پۆچتینۆ سەرکەوتنێکی یەکلاکەرەوەی تۆمارکردووە، 10 یاری بردووەتەوە و سێ یاری لەکۆی 18 دۆڕاندووە.

بەرانبەر مانوێل پیلیگرینی 11 بردنەوە و دوو دۆڕاندنی هەبووە، بەرانبەر ئارسین ڤینگەری ئەفسانەی ئارسیناڵ 14 بردنەوە و سێ دۆڕاندن، بەرانبەر داڤید مۆیس شەش بردنەوەی بەبێ دۆڕاندن هەبووە.

ڕۆی هۆدسۆن یەکێکی دیکەیە لەو ڕاهێنەرانەی چوار یاری بە پێپ دۆڕاندووە، هەروەها ئولی گۆنار سۆڵشایەری نەرویجی ڕاهێنەری مانچستەر یونایتدیش سێجار بە ڕاهێنەرە کەتەلۆنیەکە دۆڕاوە، بەرانبەر ماسیمیلیانۆ ئالێگری سێ بردنەوە و سێ دۆڕاندنی تۆمارکردووە.

بابەتی پێشتر

چەند ڕاپۆرتێك: سێ لەسەر چواری پەنابەرە سورییەكان بەدەست نەخۆشی دەروونی ترسناكەوە دەناڵێنن

بابەتی دواتر

عێراق 25%ی بەرهەمە نەوتییەكان لە وڵاتانەوە هاوردە دەكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share