ئەلڤارۆ ڕۆدریگێز کێیە؟ گۆڵکارێک لەسەر شێوازی باوکی

ئەلڤارۆ ڕۆدریگێز، بەهرەدارێکی لاوی تەمەن (18) ساڵە، لەلایەن کارلۆ ئەنچیلۆتی ڕاهێنەری ئیتاڵییەوە بانگهێشتی پێکهاتەی یەکەمی ڕیاڵ مەدرید کراوە.

یاریزانەکە چەند خولەکێک لە دوو ڕووبەڕووبوونەوەدا بەشداربووە، توانیویەتی گۆڵێک تۆماربکات و دوو هەلی گۆڵکردنیش بۆ هاوڕێکانی بڕەخسێنێت.

ئەلڤارۆ بووەتە جێی باسوخواسی میدیاکانی ئیسپانیا و ئەوروپا، هەمووان پێیانوایە، داهاتووی ڕیاڵ مەدرید لەسەر ڕەوتی بەرەوپێشچوونی تواناکانی ئەم گەنجە بەندە.

ئەلڤارۆ کێیە؟

ناوی تەواوی ئەلڤارۆ دانیێل ڕۆدریگێز مونۆزە، ساڵی 2004لە شارۆچکەی پاڵامۆس لە ئیسپانیا لەدایکبووە، هەڵگری هەردوو ڕەگەزنامەی ئیسپانی و ئورۆگواییە.

بەهرەدارەکەی ڕیاڵ مەدرید کوڕی دانیێل ڕۆدریگێزی یاریزانی ئورۆگوایە، کە بە “کۆکیتۆ” بەناوبانگ بووە.

لە حەفتا و هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، باوکی ئەلڤارۆ یەکێکبووە لە گۆڵکارە مێژووییەکانی یانەی پیناڕۆڵ لە ئورۆگوای، بە هەمانشێوە هەڵگری ڕەگەزنامەی ئیسپانی بووە بەوپێیەی لە وڵاتەوە دەرکەوتووە، بەڵام درێسی هەڵبژاردەی “ئالبی سێلیستی” پۆشیوە.

“کۆکیتۆ” لە کاروانی وەرزشییدا ناسناوەکانی (دوو لیبەرتادۆریس، 4 خولی ناوخۆی ئورۆگوای) خستووەتە هەگبەی دەستکەوتەکانییەوە.

لەسەر ڕێچکەی باوکی

ئەلڤارۆ ڕۆدریگێز هەمان ڕێچکەی باوکی گرتووە، سەرەتا بۆ پێکهاتەی لاوانی ئیسپانیا یاریکردووە (خوار 18 ساڵ)، لە چوار یارییدا تەنها گۆڵێکی تۆمارکردووە.

لەمساڵدا (2023) ئاراستەی گۆڕیوە و پەیوەندی بە لاوانی ئورۆگوایەوە کردووە (خوار 20 ساڵ)، لە کۆی هەشت یاریدا پێنج گۆڵی تۆمارکردووە.

ئەلڤارۆ ڕۆدریگێز و لوکا مۆدریچ لە مەشقەکانی یانەی ڕیاڵ مەدرید

هێرشبەرە (18) ساڵەکە لە پێگەکانی هێرشبەری سەرەڕم، باڵەکانی ڕاست و چەپ ئەسپی خۆی تاوداوە، لە کۆی (39) یاری بۆ پێکهاتەکانی “کاستیا و پێکهاتەی یەکەمی ڕیاڵ مەدرید” توانیویەتی (10) گۆڵ تۆماربکات و پێنج هەلی گۆڵکردنیشی ڕەخساندووە.

دژە بەرشلۆنەیە

دوای ئەو گۆڵەی یاریزانەکە بەرامبەر ئەتلەتیکۆ مەدرید لە “دێربی مەدرید” تۆماریکرد، “کۆکیتۆ”ی باوکی ئەلڤارۆ لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ” دەستم بە گریان کرد کاتێک ئەلڤارۆی کوڕم گۆڵی تۆمارکرد، ئەو دەیەوێت خەونەکەی بەدیبهێنێت، ئەوە تەنها شتێکە کە دەیەوێت.”

ئەلڤارۆ ڕۆدریگێز لەگەڵ باوکی

هەروەها دەڵێت، “کوڕەکەم لە منداڵییەوە عاشقی ڕیاڵ مەدریدە، کاتێک لە یاریی کلاسیکۆدا ڕیاڵ بە بارسا دەدۆڕا، دەستی بە گریانێکی قوڵ دەکرد، زۆر خەمباردەبوو، ئێستا چانسی ئەوەی هەیە خۆی ئەنجامی کلاسیکۆ بگۆڕێت.”

لە کۆتاییشدا جەخت لە بۆچوونەکانی دەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، کە سەرسامبووە کاتێک ئەنچیلۆتی بڕیاریداوە کوڕەکەی بانگهێشتی پێکهاتەی یەکەمی “لۆس بلانکۆس” بکات، ئەو خەونەی خۆی هەرگیز بەدینەهێنا.

بابەتی پێشتر

ئەنجامەکانی بارسا بەبێ پێدری کارەساتە

بابەتی دواتر

(ڤیدیۆ) بۆلۆنیا، ئینتەر میلانی ڕاگرت و ناپۆلی لە "سکۆدیتۆ" نزیککردەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share