لە 1969وە ڕووینەداوە .. فێراری لە لوتکەی فۆرمولا 1 وە بۆ تیمێکی کەوتوو

تیمی فێراری ئیتاڵی لەم وەرزەی پاڵەوانیەتی جیهانی فۆرمولا 1 خراپترین ئاستی پێشکەشکردووە، لە ڕووەکانی تەکنیکی و مرۆییەوە کێشەی گەورەیان هەیە و چارەسەرکردنی ئاستەم بووە.

یەک شەممەی ڕابردوو حەوتەم پێشبڕکێی پاڵەوانیەتی جیهانی 2020 “سپا فرانکۆرچامپس” لە بەلجیکا ئەنجامدرا، لویس هامیڵتنی بەریتانی و ڤاڵتێری بۆتاسی فنلەندی شۆفێرانی تیمی مێرسیدس پلەی یەکەم و دووەم و ماکس ڤێرستابنی هۆڵەندی شۆفێری تیمی ڕێدبول پلەی سێیەمیان بەدەستهێنا.

لەبەرانبەردا، سباستیان ڤیتێڵی ئەڵمانی شۆفێری تیمی فێراری پلەی (13) و چارڵ لیکلێری شۆفێری یەکەمی هەمان تیم پلەی (14)یان بەدەستهێنا.

کێشەکان بەردەوامە

ئەنجامەکانی تیمی فێراری لەم وەرزەدا درێژکراوەی وەرزەکانی ڕابردوو نین، بەڵکو خراپترینن، لە ساڵی 2009وە و تیمەکە کەتوووەتە قەیرانەوە و تاوەکو ئێستا هەوڵەکانیان بۆ گەڕانەوە لوتکە سەرکەوتوو نەبووە.

لە ڕیزبەندی شۆفێراندا ڤیتێل بە (16) خاڵەوە دابەزیوە بۆ پلەی (13). چارڵ لیکلێری شۆفێری سەرەکی بە (45) خاڵەوە لە پلەی پێنجەمدا لەدوای هامیڵتن و ڤێرستابن و بۆتاس و ئەلیکزاندەر ئالبۆن ناویهاتووە.

لەم بارەیەوە ماتیا بینۆتۆی بەڕێوەبەری فێراری دەڵێت، ” پێموایە ئەوەی بڵێت فێراری تووشی قەیران بووە هەڵە دەکات، بێگومان ئەنجامەکان جێی ڕەزامەندی تیمەکەمان نییە و هەمووان توڕەین و هەست بە بێزاری دەکەین، لە تاقیکردنەوەکانی زستانە خوێندنەوەمان بۆ کێشەکان کرد، لە ئێستادا مەحاڵە بتوانین چارەسەری دۆخەکە بکەین، مەحاڵە لە نیوەی وەرزدا ئوتۆمبێلەکەمان بەرەوپێش ببەین، بەڵام دەزانین بۆ داهاتوو چی دەکەین، ئێمە تووشی قەیران نەبووین، دەکرێت بڵێن لەناو جەرگەی زریانەکەداین، ئەنجامەکان خەمباریکردوین و لەوە زیاتر هیچم نییە بۆ وتن”.

تیمێکی کەوتوو

لەسەر ئاستی تیمەکان و ڕیزبەندی پاڵەوانیەتی جیهانی 2020، فێراری مێژوویی کە گوزارشتە لە ئەسپی ڕەشی ئیتاڵیا بە کۆکردنەوەی تەنها (61) خاڵ بۆ پلەی پێنجەم دابەزیوە و دوای تیمەکانی مێرسیدس جی پی، ڕێدبول، ڕەیسینگ پۆینت، ماکلارین کەوتووە.

جیاوازی نێوان تیمی مێرسیدس (263 خاڵ) و تیمی فێراری مێژوویی گەیشتووەتە (202) خاڵ، بەو ڕێژەیەشەوە سوورپۆشەکانی ئیتاڵیا مەحاڵە بتوانن مەکینەکانی ئەڵمانیا بگرنەوە.

تاوەکو ئێستا حەوت گەڕی پاڵەوانیەتی جیهانی فۆرمولا 1 ئەنجامدراوە و تەنها (10) گەڕی کۆتایی ماوە تاوەکو تیمی فێراری هەڵە تەکنیکییەکانی لە دیزاین و هێزی بزوێنەری ئوتۆمبێلەکانی ڕاستبکاتەوە، هەروەها شۆفێران ڤیتێڵ و لیکلێر بکاتە دوو شۆفێری کاریگەر و هاوکاریکاری یەکتر، نەک ئەوەی لە ئێستادا ڕوودەدات و هاوشێوەی ڕکابەر لەیەک دەڕوانن.

(55) ساڵە فێراری بەو دەردە نەڕۆیشتووە

لە ساڵی 1950 بۆ یەکەم جار تیمی فێراری لەژێر ناوی سکۆردیا فێراری بەشداری گراند پریکسی مۆناکۆی کرد، لەو کاتەوە تاوەکو ئەم وەرزە لە زۆرینەی وەرزەکاندا پێشەنگ بووە و بە دەگمەن کەوتووەتە دووەم و سێیەمی ڕیزبەندی، ئەوەی لەم وەرزەدا ڕوودەدات بەلایەنی کەمەوە لە ساڵی 1969وە ڕووینەداوە، لەو ساڵەدا فێراری بۆ یەکەم جار لە مێژوویاندا پلەی شەشەمیان تۆمارکرد.

فێراری گەورەترین تیمی فێراری جیهانە و خەونی شۆفێرانە، تا ئێستا (16) نازناوی لەسەر ئاستی تیم، لەسەر ئاستی شۆفێران (15) نازناوی پاڵەوانیەتی جیهانیان چنیوەتەوە، هاوشێوەی تیمەکانی دیکە لەگەڵ کۆمپانیای پایەرلی بۆندی بەرهەمهێنانی سپێری ئوتۆمبێلەکانیان واژووکردووە.

کێشەی فێراری لە کۆتا وەرزەکانی ڕابردوودا دەرکەوتووە، بەرانبەر تیمی مێرسیدسی ئەڵمانی لوتکەی فۆرمولا 1یان لەدەستداوە، هۆکارەکەش بۆ ئەو کێشە تەکنیکییانە دەگەڕێتەوە کە لە بزوێنەر و هەیکەلی ئوتۆمبێلەکانیدا هەیە، سەیر لەوەدایە تیمە مێژووییەکە لە ماوەی زیاتر لە پێنج وەرزدا نەیانتوانیوە بە شێوەیەکی ڕیشەیی کێشەکان چارەسەربکەن.

بابەتی پێشتر

پێکهاتەی وەرزی داهاتوو چێڵسی چۆن دەبێت؟ دوو پلان و پێکهاتەی جیاواز

بابەتی دواتر

تۆپی پێ ئاسایی نابێتەوە.. سبەینێ تیروپشکی چامپیۆنزلیگ ئەنجامدەدرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share