یۆرگن کلۆپ… ئەو کەسە لادێیەی خەونی دەبینی ببێتە پزیشک و لە جیهانی ڕاهێناندا خۆی گرتەوە

یۆرگن کلۆپی ئەڵمانی یەکێکە لە باشترین ڕاهێنەرەکانی بواری تۆپی پێ لەجیهاندا، ئەوەش دوای ئەوەی لەگەڵ یانەکانی بوروسیا دۆرتمۆند و لیڤەرپوڵ توانی چەندین نازناوی گەورەی وەک بۆندزلیگ و چامپیۆنز لیگ بەدەست بهێنێت.

ڕاهێنەرە ناوازەکەی “ڕێدز” لەنێو یاریگادا کەسایەتیەکی سەرکێشە و بەردەوام لەلایەن زوومی کامێرای کەناڵە ناودارەکانەوە چاودێری دەکرێت، هەردوو خەسڵەتی حەماسەت و لێزانی لە خۆیدا کۆکردۆتەوە و ئەوەش دەیگەیەنێتە خانەی باشترینەکانی جیهان، ئەگەر لەو پێگەیەشدا نەبێت بێگومان لەوە کەمتر نییە.

لەدەرەوەی یاریگا ڕاهێنەرە سەرکێشەکە ژیانێکی پڕاوپڕ لە باسوخواسی تێپەڕاندووە، خاوەن کەسایەتیەکی بەهەست و ناوازەیە دەرەنجامی ئەو ژیانەی لە لادێ لەگەڵ خێزانەکەی بەڕێیکردووە، لە “ئێستا سپۆرت”ەوە کورتەیەک لەو ژیانیتان بۆ ئاشکرا دەکەین.

لە لادێیەکی شاری شتوتگارت پەروەردە بووە

یۆرگن نۆربێرت کلۆپ بەراوری ١٦/ ٦/ ١٩٦٧ لەلادێیەک بەناوی “گاباتن” لەچواردەوری شاری شتوتگارت لەدایک بووە، نۆربێرت کلۆپی باوکی لە یانەیەکی ئاسایی ناپڕۆفیشناڵ یاریزانی تۆپی پێ بووە، دایکیشی لە یەکێک لە کۆگا بازرگانیەکان فرۆشیارێکی ئاسایی بووە.

یۆرگن زۆرینەی ژیانی لەو لادێیەدا بەسەر بردووە کە بە دارستانی چڕوپڕ و ناوازە ناسراوە، دوو خوشکی لە خۆی گەورەتری هەبووە بەناوەکانی ئیزواڵد و ستیفانی، بەهۆی ئەو ژیانە کۆمەڵایەتیەی لەگەڵ خێزانەکەی بەسەری بردووە زۆر پەیوەست بووە بە لادێی گاباتنەوە و هەڵگری خەسڵەتەکانی جوامێری و لەخۆبوردەیی و بەرخودان بووە.

دەیوست ببێتە پزیشک، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو

کلۆپی ڕاهێنەری لیڤەر لەسەرەتاکانی ژیانیەوە قوتابییەکی ئاسایی بووە، نەیتوانیوە لە بواری خوێندندا بە ئاستی باڵا بگات، بەڵکو نمرەکانی لەنێوان باش و مامناوەند و هەندێجار خراپدا دابەش بوون، خەونی ئەوەبووە لەژیانیدا ببێتە پزیشک، بەڵام ئەو خەونە بەهۆی نمرە نزمەکانیەوە لەبارچووە.

ڕاهێنەرەکەی لیڤەر لەم بارەیەوە دەڵێت :” هێندە زیرەک نەبووم بچمە کۆلێجی پزیشکی، ڕۆژێکیان مامۆستا نمرەکانی پێدەداینەوە و بە منی وت: هیوادارم لە بواری تۆپی پێدا سەرکەوتو بیت، چونکە لەبواری خوێندندا زۆر سەرکەوتوو نیت و نمرەکانت ئاماژەیەکی باش نادەن بەدەستەوە”.

خەونەکەی بە بڕوانامەی وەرزشی قەرەبوو کردەوە

کلۆپ ئامۆژگاری مامۆستاکەی وەرگرت، دەستبەرداری خەونی بوون بەپزیشک بوو و لە بواری وەرزشدا قاڵ بووەوە، لە ساڵی ١٩٩٥ لە زانکۆی “گوتە” لە فرانکفۆرت بڕوانامەی باڵای بەدەستهێنا و توێژینەوەکەشی لەسەر وەرزشی ڕۆیشتن و سودەکانی بوو (المشی)، کاتێکیش بووە ڕاهێنەری یانەی ماینز ڕۆژانە بە پێیەکانی بەڕۆیشتن دەگەڕایەوە بۆ ماڵەوە و زیاتر و زیاتر حەزی بۆ ئەو وەرزشە زیادی دەکرد، بەڵام لە یانەکانی بوروسیا دۆرتمۆند و لیڤەرپوڵ بەهۆی ناوداربوونەوە نەیتوانی بەردەوامی بەو خەسڵەتەی ژیانی بدات.

لەم بارەیەوە دەڵێت :” لەگەڵ سودەکانی ڕۆیشتن، سودێکی تریش وەردەگرم کە ئەویش بیرکردنەوەی قوڵە، لە کاتی گەڕانەوەم بۆ ماڵەوە دەچمە بیرکردنەوەی قوڵەوە و چەندین بیرۆکەی نوێ بە مێشکمدا دێن”.

باوکی فریا نەکەوت

باوانی کلۆپ هەمیشە لە لێپرسینەوەدا بوون لەگەڵ کوڕەکەیان، چونکە بواری وەرزشی هەڵبژارد و ئەو بوارەش زۆر جیاواز بوو لە “بوون بەپزیشک”.

دایکی کلۆپ دەڵێت :” کوڕەکەم هیوایەتی یاریکردنی تۆپی پێ بوو تەنانەت لە ژوورەکەی خۆشیدا سەرقاڵی یاریکردن بوو، منیش لێی تێدەگەیشتم”.

کلۆپ لەبارەی سەرەتاکانی ژیانیی وەرزشییەوە دەڵێت :” باوکم و دایکم لەبیرکردنەوەدا لە هەسارەیەکی تر بوون، دایکم لێم تێدەگەیشت، بەڵام باوکم بەوشێوەیە نەبوو، هەمیشە ڕەخنەی لێدەگرتم و ناچاری دەکردم زیاتر خۆم ماندوو بکەم و زیاتریش پێشکەش بکەم بۆ ئەوەی بەرهەمداربم، دواتر تێگەیشتم هەموو ئەمانە لەپێناو ئەوەدا بوون بگەمە لوتکە، وتەکانی زۆر بەهێز و واتادار بوون”.

یەکێک لە ڕووداوە ناخۆشەکانی ژیانی ڕاهێنەرە ئەڵمانیەکە لە ساڵی ٢٠٠٠ بوو کاتێک باوکی بەهۆی نەخۆشی “شێرپەنجە”وە لەتەمەنی ٦٨ ساڵیدا ماڵئاوایی لەژیان کرد، پێڕانەگەیشت کوڕەکەی ببینێت کاتێک دەگاتە لوتکەی بواری تۆپی پێ و دەبێتە باشترین ڕاهێنەری جیهان.

مردنی باوکیی ڕاهێنەرەکەی ڕوخاند، لەبەردەم ٢٠ هەزار هاندەری مایزندا بەگریانەوە وتی :” هەموو ئەوەی بەدەستم هێناوە و ئەو ئەزمونەی کۆمکردۆتەوە و کۆی دەکەمەوە بەهۆی تۆوەیە باوکە گیان، هێشتا وا بیر دەکەمەوە لە ئاسمانەوە لێم دەڕوانیت، تەماشام دەکەیت وەک چۆن بە منداڵی چاودێریت دەکردم”.

ژیانی هاوسەرگیری

ژیانی خێزانی و هاوسەرگیری کلۆپ ژیانێکی نمونەیی نەبووە، لە بیستەکانی تەمەنیدا کیژۆڵەیەکی بە ناوی “سابین” کردە هاوسەر و دواتر بوونە خاوەنی تاقە کوڕێک کە لەدایکبووی ساڵی ١٩٨٩یە و ناوی مارکە.

مارک لە تیپی دووەمی بوروسیا دۆرتمۆند یاریزان بووە و بەهۆی پێکانێکی قورسەوە لەتەمەنی ٢٣ ساڵیدا وازهێنانی یەکجارەکی ڕاگەیاندووە.

کلۆپ و سابین زیاتر لە ١٥ ساڵ ژیانی هاوسەرگیری بەڕێدەکەن و دواتر جیادەبنەوە، تائێستاش هۆکارەکانی جیابونەوەیان ئاشکرا نییە.

ڕهاینەرەکەی “ڕێدز” لەدوای سابین شیوەن ناگێڕێت، بەڵكو لەگەڵ ئافرەتێکی تر بەناوی “ئۆلا” پەیوەندی پێکدەهێنێت و تائێستا بەیەکەوە بەردەوامن، ئۆلا شارەزای بواری دەرونی و نوسەری پەڕتوکی منداڵانە.

لەساڵی ٢٠١٥ میدیاکانی ئەڵمانیا پڕوپاگەندەی ئەوەیان بڵاوکردەوە، کە کلۆپ لەگەڵ کچە هاوڕێی یەکێک لە یاریزانانی “ڤیستیڤالین” خیانەتی کردووە و بەم هۆیەوە “ئۆلا” لە ماڵەکەی دەری کردووە، دواتر دەرکەوت ئەو هەواڵانە دوورن لەڕاستیەوە، بەڵام نکوڵی لەوە ناکرێت کە بڵاوبونەوەی ئەم بابەتە بووە یەکێک لە هۆکارەکان بۆ لێکترازانی پەیوەندی نێوان کلۆپ و یانە زەردە ڤیستیڤالیەکە.

کلۆپ دەڵێت :” کاتێک ئۆلام بینی ڕاستەوخۆ هەستم کرد ئەمە ئەو کەسەیە دەتوانم تەواوی ژیانمی لەگەڵ بەڕێبکەم، لەگەڵ نزیکترین هاوڕێم ژیانی هاوسەرگیریم پێکهێنا و ئەوەش وەک نیگارێک وابوو خۆم کێشابێتم، من لەژیانمدا ڕووبەڕوی چەندین پڕوپاگەندەی خۆش و ناخۆش بوومەتەوە و هەندێکیان سەرنجیان ڕاکێشاوم، بەڵام پڕوپاگەندەی خیانەتکردنەکەم هەموو شتێکی هەڵگێڕایەوە بەسەرمدا، چونکە من هاوسەرەکەمم خۆشدەوێت و هەرگیز خیانەتم لێنەکردووە لە لەماڵەکەشم دەرنەکراوم”.

ڕوواندنەوەی قژ و ڕیکلامەکەی کۆمپانیای “ئۆپڵ

کلۆپ بەوە ناسراوە کە خاوەنی قژێکی پڕە و ڕوخسارێکی گەنجانەی هەیە، بەڵام نکوڵی لەوەش ناکات کە پرچە درێژەکەیی و پڕی قژی بەوشێوەیە نەبووە، بەڵکو ئەوکاتەی یاریزانی یانەی ماینز بووە دووچاری ڕوتانەوە هاتووە و پاش ڕوواندنەوە توانیویەتی پرچی بە پڕی و درێژی بهێڵێتەوە.

“ڕاهێنەرە نۆرماڵەکە” بە بەهێزی کەسایەتی ناسراوە لە بوارە بازرگانیەکاندا کاریگەری دروست کردووە، بۆندی بازرگانی لەگەڵ چەندین کۆمپانیای وەک پوما و بانکی “ڤۆلکس بانکن” و کۆمپانیای “ئۆپڵ”ی تایبەت بە ئوتۆمبێلدا هەیە.

کۆمپانیای ئۆپڵی ئەڵمانی لەساڵی ٢٠١٨ ئاشکرای کرد، بەهۆی سپۆنسەری کردنی یۆرگن کلۆپەوە ڕێژەی فرۆشی ئوتۆمبێلەکانیان بۆ لەسەدا (٣٥) زیادی کردووە، بەوهۆیەشەوە چەندین کۆمپانیای تر هەوڵیانداوە بۆندی لەگەڵدا واژوو بکەن.


پڕۆفایل:

ناو: یۆرگن نۆربێرت کلۆپ

بەراوری لەدایکبوون: ١٦/٦/١٩٦٧

شوێنی لەدایکبوون: شتوتگارت (ئەڵمانیا)

ڕەگەزنامە: ئەڵمانی

بەرزی باڵا: ١.٩١م

پێگەی یاریکردن: باڵی ڕاست – ڕاهێنەر

ئەو یانانەی یاریی بۆ کردوون:

قۆناغی لاوێتی

١٩٧٢ بۆ ١٩٨٣ یانەی گلاتن

١٩٨٣ بۆ ١٩٨٦ یانەی ئارجینزینگن

قۆناغی پرپۆفیشناڵ بوون

١٩٨٦ بۆ ١٩٨٧ ئارجینزینگن

١٩٨٧ بۆ ١٩٨٨ ئینتراخت فرانکفۆرت

١٩٨٨ بۆ ١٩٨٩ ڤیکتۆریا سیندلینگن

١٩٨٩ بۆ ١٩٩٠ ڕۆت – وایس فرانکفۆرت

١٩٩٠ بۆ ٢٠٠١ ماینز

ئەو یانانەی کاری ڕاهێنانی بۆ کردوون:

٢٠٠١ بۆ ٢٠٠٨ ماینز

٢٠٠٨ بۆ ٢٠١٥ بوروسیا دۆرتمۆند

٢٠١٥ بۆ ئێستا لیڤەرپوڵ

نازناوە بەکۆمەڵەکان:

• جامی سوپەری ئەڵمانیا (٢٠١٣ ، ٢٠١٤ – دۆرتمۆند)

• جامی ئەڵمانیا (٢٠١٢ دۆرتمۆند)

• خولی ئەڵمانیا (٢٠١١ و ٢٠١٢ – دۆرتمۆند)

• گەیشتن بە فاینەڵی چامپیۆنز لیگ بۆ ساڵانی ٢٠١٣ بۆ ٢٠١٨ (دۆرتمۆند – لیڤەرپوڵ)

• فاینەڵی جامی ئەڵمانیا بۆ ساڵانی ٢٠١٤ و ٢٠١٥ (دۆرتمۆند)

• فاینەڵی جامی ڕایەڵەی یانە ئینگلیزیەکان بۆ ساڵی ٢٠١٦ (لیڤەرپوڵ)

• خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا بۆ وەرزی ٢٠١٨/٢٠١٩

بابەتی پێشتر

هەشت یاریزانی ناودار... خێزانەکانیان دەوڵەمەند بوون و پرۆفیشناڵبوون ژیانی نەگۆڕین

بابەتی دواتر

بەرشلۆنەی سیتیێن... کوشتنی ڕکابەران بە پۆزیشن، یان گەڕانەوەی (DNA) بەرشلۆنە؟

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

(سه‌رکێشەکانی کلاسیکۆ) ئه‌و یاریزانانه‌ی شێتانه‌ ئاهه‌نگی سه‌رکه‌وتنیان گێڕا و هانده‌رانیان توڕه‌ کرد

بڕیارە ئەمشەو یەکشەممە کاتژمێر (١١:٠٠) بەکاتی هەرێمی کوردستان لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ یاریی کلاسیکۆی گەڕانەوەی لالیگا لەنێوان یانەکانی…
Total
0
Share