شەش باشترین ساتەکانی ژیانی مارادۆنا لە تێپەڕاندنی کابرێراوە بۆ پەکخستنی میلان

مارادۆنا، ئەو ئەفسانەیەی بە باشترینی مێژوو و داگیرکاری عەرشی یاریزانانی تۆپی پێ ناودەبرێت، زۆرینەی شارەزایان پێیان وایە لە لوتکەی ڕیزبەندی باشترینەکاندایە بە درێژایی مێژووی تۆپی پێ هاوشێوەی نەبووە.

ئەرجەنتینییە ناوازەکە بەهرەیەکی خۆڕسکی خودایی بوو بە خێرایی پێیەکانی و لێدەرکردنە سەرسوڕهێنەرەکانی ناسرابوو، تا ڕۆژگاری ئەمڕۆمان کەمێکن ئەو یاریزانانەی لەئاستە بەرزەکەی نزیکبوونەتەوە.

دەکرێت لەبارەی ئەم ئەفسانەیەوە ئاماژە هەزاران ساتی مێژوویی بکرێت، بەڵام تەنها شەش لەو ساتانە گەیشتونەتە ئاستی دووبارەنەبوونەوە.

لێدەرکردنە مێژووییەکە

مارادۆنا لە ساڵی ١٩٧٦ تەمەنی (١٥) ساڵ و (٣٥٥) ڕۆژبوو بۆ یەکەمجار درێسی لاوانی ئەرجەنتینی پۆشی، بەوەش ڕیکۆردێکی تۆمارکرد و بووە گەنجترین یاریزان لەمێژووی تۆپی پێی وڵاتەکەی، هێندەشی نەخایاند گەیشتە ترۆپکی تواناکانی و لوتکەی یاریزانانی لە ئەفسانەکانی پێشخۆی وەرگرت.

لەیەکەم ڕووبەڕوبونەوەیدا خوان کارلۆس مۆنتیسی ڕاهێنەری لاوانی ئالبی سیلیستی بە مارادۆنا دەڵێت “بچۆ ناو یاریگا و تۆپ بەنێو پێی ڕکابەراندا تێپەڕبکە”.

ئەفسانە زیندووەکە دەچێتە نێو یاریگا و دەقاو دەق ئەوەدەکات کە ڕاهێنەرەکەی داوای دەکات، بەخێراییەکی تۆقێنەر و زۆر بە ئاسانی تۆپ دەکات بەنێو پێیەکانی خوان کابرێرای بەرگریکاردا کە لەو سەردەمەدا باشترین بوو، ئەم جوڵەیەش تا ئەمڕۆ لەلایەن هەوادارانی تۆپی پێی ئەرجەنتینەوە باسدەکرێت.

لێرەدا مشتێکمان لە خەرمانی ئەفسانەکەی ئەرجەنتین نوسییەوە، بەڵام بەرلەوەی بەدوای هەر زانیارییەکدا بگەڕێیت پێویستە بزانین ئەم ساتانەش ناوازەترین بوون لەژیانی یاریزانەکەدا:

ڕێزی هاندەرانی سانتیاگۆ بێرنابیۆی بەدەستهێنا

ئاسان نییە بۆ یاریزانێکی یانەی بەرشلۆنە بە بەرگی هەرێمی کەتەلۆنیاوە لە مەیدانی شاهانەی مەدرید نمایش بکات، بەڵام مارادۆنا ئەوەی کرد و بەزیادیشەوە.

لە حوزەیرانی ١٩٨٣ لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ، مارادۆنا گۆڵێکی بەرانبەر یانەی ڕیاڵ مەدرید تۆمارکرد مەحاڵە دووبارە بکرێتەوە، گۆڵپارێزی بڕی و بەرگریکارێکی لەسەرزەوی خزاند و تۆپەکەی بەهێزەوە ئاڕاستەی گۆڵی بەتاڵ کرد.

لەڕاستیدا نازانرێت بۆ لەدوای تێپەڕکردنی گۆڵپارێز گۆڵی تۆمار نەکرد، بەڵام ئەوەی زانراوە هاندەرانی بێرنابیۆ وەک یەکەمین یاریزانی بیانی یانەی بەرشلۆنە بە چەپڵەلێدان ڕێزداریان کرد.

هاندەرانی لۆس بلانکۆس هەرگیز حەزیان بە کارێکی وەها نییە، بەڵام کاتێک دەبینن ئەستێرەیەکی نایاب لەنێو یاریگاکەیان نمایشی سەرکەوتن دەگێڕێت، ناچارن ڕێزی بگرن.

تۆمارکردنی گۆڵی سەدە

لە ڕووبەڕوبوونەوەی چارەکی کۆتایی مۆندیالی ١٩٨٦ مارادۆنا گۆڵی سەرکەوتنی ئەرجەنتینی بەرانبەر ئینگلتەرا تۆمارکرد (٢ – ١)، ئەم گۆڵە مانشێتی ڕۆژنامەکانی گەرمکرد، بەڵام هۆکارەکان و نازناوی گۆڵەکە گەرمتر.

گۆڵەکە مێژوویی بوو و بەهۆی هونەرە بەرزەکەیەوە ناونرا “گۆڵی سەدە”.

دیێگۆ تۆپی لەنێوەندی یاریگاوە لەگەڵ خۆی پەلکێشکرد و یاریزانانی ئینگلتەرای بڕی و پیتەر شێڵتۆنی گۆڵپارێزیشی تێپەڕاند و ڕووبەڕوی گۆڵێکی بەتاڵ بووەوە و لێدانی کۆتایی ئاڕاستەکرد.

ئەم گۆڵەش ڕاستەوخۆ پاش چوار خولەک لەو گۆڵە ناودارە دەهات، کە بە دەستەکانی تۆڕی گۆڵی شیڵتنی پێهەژاند و دواتر ڕایگەیاند “ئەو دەستە دەستی خودا بوو”.

بەرزکردنەوەی جامی مۆندیالی ١٩٨٦

مۆندیالی ١٩٨٦ بۆ مارادۆنا پڕاوپڕبوو لە هەست و سۆزی جۆراوجۆر، لەنێوان ڕەخنە و پیاهەڵدان دەخولایەوە، بەڵام نکوڵی لەوە نەدەکرا کە باشترینی جیهانە.

ئەفسانە بچکۆلەکە ئەرجەنتینی خستە سەر شانەکانی و توانی لە یاریی کۆتاییدا ئەڵمانیای خۆرئاوا بکوتێت بەزەویدا، (٩٠) خولەک لەلایەن لۆتەر ماتیۆسی ئەفسانەی ئەڵمانیاوە چاودێریکرا، بەڵام تەنها خولەکێک غافڵبوونی بەرگریکارەکەی بەس بوو بۆ تۆمارکردنی گۆڵ و گەیاندنی ئالبی سیلسیتی بە کەناری بردنەوە (٣ – ٢).

لەو پاڵەوانێتییە جگە لە نازناوی مۆندیال، نازناوی باشترین یاریزانی جیهانی لەسەر ئاستی تاکە کەسی چنییەوە.. کەس هەیە گومان لە تواناکانی دیێگۆ بکات؟!

دەبڵ نازناو لەگەڵ ناپۆلی

لە ئیتاڵیا هەموو شتێک لەچواردەوری یوڤانتۆس و میلان کۆبوونەتەوە، بەڵام مارادۆنا لە (١٩٨٤)وە پەیوەندی بە ناپۆلییەوە کردووە و هاوکێشەکەی پێچەوانەکردەوە.

لە ساڵی ١٩٨٧ و پاش مۆندیالێکی مێژوویی، جادوگەرەکە پارتینۆپی ئیتاڵیی بەرەو سەرکەوتنێکی مێژوویی برد و هەردوو نازناوە ناوخۆییەکەی چنییەوە.

لەو وەرزەدا (١٥) بردنەوەی لەسەریەکیان تۆمارکرد و کارگەیشتبووە ئەوەی هاندەرانی ناپۆلی مەراسیمی ناشتنیان بۆ یانە ڕکابەرەکانیان ئەنجام دەدا.

لەدوای ئەم مێژووە، ناپۆلیستا دیوار و پێگە و پۆستەرەکانی شارەکەیان بە وێنە و گرافیتی مارادۆنا پڕکرد، تا ئەمڕۆش شانازی بە بوونییەوە دەکەن و وەک خوداوەندی فریادڕەسی هەرێمەکەیان ناوەیدەهێنن.

کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەسپەشێی میلان و سکۆدیتۆی دووەم

میلان لەکۆتایی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو بەهێزەوە گەڕایەوە ناو مەیدانی پاڵەوانان، بەبوونی ڤان باستن و گولێت و چەندین ئەفسانە لەپێکهاتەکەیدا نزیکبوو کۆتایی بە چیرۆکی ناپۆلی بهێنن.

لێرەدا دووبارە “سوپەرمانی تۆپی پێ – مارادۆنا” درێسی فریادڕەسی ناپۆلی پۆشی و لە ئۆکتۆبەری ئەو ساڵەدا و لە دوو یارییدا ڕەگو ڕیشەی ڕکابەرانی لەبن دەرهێنا.

بەرانبەر میلان بەهێزەوە لێدانی ڕاستەوخۆی ئاڕاستەکرد و گۆڵی دووەمی تۆمارکرد، بەڵام ئەو گۆڵەی سەرنجی هەمووانی ڕاکێشا ئەوەبوو کە تۆپەکەی بەنێو بەرگریکاراندا تێپەڕاند و گۆڵپارێزی خستە سەرپشت و گۆڵی سێیەم و یەکلاکەرەوەی نەخشاند (٣ – ٠).

دواتریش بەرانبەر یانەی یوڤانتۆس (٣ – ١) بردنەوەیان بەدەستهێنا و سەماکەرەکەی تانگۆ دوو گۆڵی تۆمارکرد و نازناوی ئەو وەرزشیان بۆ دووەمجار چنییەوە.

بێگومان ئەگەر مارادۆنا نەبووایە ناپۆلی و ئەرجەنتین هەرگیز تامی بردنەوە مێژووییەکانیان بەرانبەر گەورەکانی جیهان نەدەکرد، لەبەرئەوەیە پێی دەوترێت خاوەن عەرشی باشترینەکانی تۆپی پێ.

بابەتی پێشتر

پێنج ڕیکۆردی مێژوویی خولی نایابی ئینگلیزی ئاسان نییە لە داهاتوودا تۆماربکرێتەوە

بابەتی دواتر

یاریی شەترەنج پەیوەندی بە دابەزاندنی کێشەوە هەیە؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share