پێرکاسی.. ئەو یاریزانە بازرگانەی و ئاتالانتای لە سفرەوە گەیاندە چامپیۆنزلیگ

ئەمشەو، چوارشەممە یانەی ئاتالانتا بێرگامۆی ئیتاڵی لە لشبۆنەی پایتەختی پۆرتوگال پەڕەیەکی نوێ لە مێژووی تۆپی پێی ئیتاڵیا و ئەورووپا هەڵدەداتەوە، لە چوارچێوەی ڕووبەڕووبوونەوەکانی قۆناغی چارەکی کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکان بەرانبەر یانەی پاریس سانت جێرمان یاریدەکات.

وەرزی ڕابردوو یانە ناوازەکەی بێرگامۆ ئاستێكی ناوازەی پێشکەشکرد و بۆ یەکەم جار لە مێژوویاندا بەشداریکردنیان لە خولی یانە پاڵەوانەکان مسۆگەرکرد، شارەزایان پێیانوابوو یاریکردنیان لەم خولە تەنها بۆ بەشداریکردنە، بەڵام ئەوەی ڕوویدا پێچەوانەبوو، گەیشتنە قۆناغی چارەکی کۆتایی و ئەمشەو هەنگاوێک لە قۆناغی نیوەی کۆتایی نزیکدەبنەوە.

کێ لە پشت بەرەوپێشچوونی یانەکەیە؟

ئەوەی لەگەڵ ئاتالانتا ڕوودەدات تەنها بەرەوپێشچوونی پڕۆسەیەکی وەرزشیی نییە، بەڵکو چەندین هۆکاری دیکەی هەیە.

ئەنتۆنیۆ پێرکاسی، سەرۆکی یانە لە ڕووی دارایی و کارگێڕییەوە ئەو کەسەکەیە، کە یانەکەی لە هیچەوە گەیاندووەتە ئەو ئاستەی ئێستا پێشکەشیدەکەن.

چیرۆکی پێرکاسی بۆ حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو دەگەڕێتەوە، بۆ یەکەم جار وەک یاریزان لە ساڵی 1971 لەتەمەنی (18) ساڵیدا پەیوەندی بە پێکهاتەی یەکەمی یانە ئیتاڵییەکەوە دەکات.

ناوبراو لە پێگەی بەرگری یاریکردووە و (110) یاری ئەنجامداوە، پاشان بڕیاردەدات لە تەمەنی (25) ساڵیدا وازهێنان ڕابگەیەنێت و لە بواری بازرگانیدا دەستبەکاربێت.

سەرۆکی ئێستای ئاتالانتا خاوەنی ئیمپراتۆرییەتێکی بازرگانی و چەندین کۆمپانیایە لە بوارە جیاوازەکاندا، لە نمونەی ڕێستۆرانت و خانوبەرە و مەیکەپ، خاوەنی زیاتر لە هەزار فرۆشگایە و نۆ هەزار کەس لە کۆمپانیاکانی کاردەکەن، سەروەتەکەی بە ملیار یورۆ خەمڵێنراوە.

گەڕانەوە بۆ ئاتالانتا

پێرکاسی لە دوو سەردەمی جیاوازدا پۆستی سەرۆکی یانەی ئاتالانتای وەرگرتووە، کەسایەتییە تەمەن (67) ساڵەکە لە نێوان ساڵانی 1990 بۆ 1994 سەرۆکی یانە بووە، بەڵام نەیتوانیوە کاریگەرییەکی ئەوتۆ دروستبکات.

پاشان لە ساڵی 2010 بە پڕۆژەیەکی نوێوە گەڕایەوە، یانەکەی بەرەوپێش برد و گەیاندنی بە خولی پلە یەکی ئیتاڵیا، وەرزی ڕابردوو و ئەم وەرزە پلەی سێیەمی کالچیۆیان بەدەستهێناوە و چەندین یانەی مێژوویی وەک میلان و ڕۆمایان تێپەڕاندووە.

لێرەدا کار و ئامانجی وەرزشکارە بازرگانەکە کۆتایی نایەت، لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایدەگەیەنێت، ” هێشتا زۆرمان ماوە بیکەین”.

سەرچاوە ئیتاڵییەکان دووپاتیدەکەنەوە، ئاتالانتا کە لە ئێستادا یەکێکە لەو کەمینانەی خاوەنی یاریگای خۆیانن، پلانیان داڕشتووە لە ساڵانی داهاتوودا یاریگای ئەتلەتی ئازۆری نوێبکەنەوە، بەوەش لە ململانێی وەرزشییەوە بۆ ململانێی جەماوەری و بازرگانی یانەی یوڤانتۆس هەنگاو دەنێن.

بابەتی پێشتر

بارنێت.. ئیمپراتۆری داهاتووی بواری تۆپی پێ جوویەکی بەریتانی سەرسەختە

بابەتی دواتر

'تین تین' بۆ بەرشلۆنە گونجاوە؟ گەشتێک بەنێو هزری کومان و شێوازی یاریکردنی

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share