زیانەکانی کۆرۆنا.. تۆپی پێی ئەوروپا لە ئیفلیجبوونەوە بۆ مایەپوچبوون هەنگاو دەنێت

تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە کیشوەری ئەوروپا کاریگەری نەرێنی قورسی لەسەر تۆپی پێ هەبووە، لەئێستادا زۆرینەی خولە ناوخۆییەکان ڕاگیراون و چاوەڕوانی خراپتریش دەکرێت.

ڤایرۆسی کۆرۆنا گەیشتووەتە وڵاتە پێشکەوتووەکانی کیشوەری ئەوروپا، جگە لەبوارە بازرگانی و کۆمەڵایەتییەکان بواری وەرزش و تۆپی پێ یەکێکە لە زەرەرمەندترین سێکتەرەکان و خولە ناوخۆییەکانی ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، فەرەنسا، ئینگلتەرا، ئیسپانیا ڕاگیراون کە بە بەهێزترین و خاوەن زۆرترین هاندەر هەژمار دەکرێن.

لەسەر ئاستی ئەوروپا بەگشتی، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا (یوێفا) چالاکییەکانی خولی یانە پاڵەوانەکان و خولی ئەوروپی “چامپیۆنزلیگ و یوروپا لیگ”ی ڕاگرت، لەدوای ڕاگرتنی چالاکی یانەکان چاوەڕوانی بڕیاری نوێ دەکرێت سەبارەت بە ڕاگرتنی چالاکییە نێودەوڵەتییەکان لەنێوانیاندا جامی نەتەوەکانی ئەوروپا کە بڕیارە لە هاوینی ٢٠٢٠ سازبکرێت.

ئێزگەی کادینا کۆپێی ئیسپانی ئاماژەی کردووە، بەراورد بە زیانە داراییەکان زیانە وەرزشییەکان ئەو قورسایی و زیانەیان نابێت بۆسەر بواری تۆپی پێ.

بە نمونە ئاماژەی بە یانەکانی ئیسپانیا و خولی لالیگا کردووە، کە بەهۆی ڕاگرتنی چالاکییەکانەوە تا ماوەی داهاتوو زیانی (٦٦٥) ملیۆن یورۆ لە یانەکان و ڕایەڵەی یانەکانیش دەدات، سەرچاوەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەگەر دۆخەکە بەردەوامی هەبێت کارەسات ڕوودەدات، چونکە لەسەدا (١.٤)ی داهاتی نیشتیمانی ئیسپانیا پشتی بە بواری تۆپی پێ بەستووە.

یانە گەورەکانی وەک ڕیاڵ مەدرید و بەرشلۆنە و ڤالێنسیا و ئەتلەتیکۆ مەدرید بەهۆی سپۆنسەرەکانیانەوە زیانی دارایی قورس دەکەن، بەڵام یانە مامناوەند و بچوکەکان بەهۆی نەبوونی سپۆنسەری بەهێزەوە ڕەنگە مایەپوچبوون ڕابگەیەنن.

لە ئینگلتەرا بەوپێیەی مافی پەخشە تەلەڤیزیۆنییەکان بەرزترە لە خولەکانی دیکە، یانەکانی پریمەرلیگ دەتوانن بە زیانەوە بارودۆخەکە تێپەڕێنن، بەڵام یانەکانی پلە یەک و دوو مەترسی مایەپوچبوونیان لەسەردەبێت.

لەم بارەیەوە پیتەر کۆتس سەرۆکی یانەی ستۆک سیتی ڕایدەگەیەنێت، “دۆخەکە بۆ ئێمە لەدەرەوەی پریمەرلیگ و لە خولەکانی خوارتر جیاوازە، ئێمە پشتمان بە مافی پەخشە تەلەڤیزیۆنیەکان نەبەستووە، بەڵکو لەسەر داهاتی هاندەر و چالاکییەکانمان وەستاوین”.

کێشەی گەورە لەوەدایە کە کەناڵە تەلەڤیزیۆنییەکان دانیان بە مەترسییەکاندا ناوە و قایلبوون بە ڕاگرتنی چالاکییەکان، ئەوەش لەکاتێکدا کە گەورەتری زیانیان پێدەگەیەنێت، لەم بارەیەوە دیدێ کۆیۆ بەڕێوەبەری گشتی خولی فەرەنسا دەڵێت: بین سپۆرت و کەناڵ پلەسی هاوبەشی خولەکەمان پاڵپشتی بڕیاری ڕاگرتنی چالاکییەکان دەکەن، ئێستا ئێمە لە دۆخێکی هەستیار و جیاوازداین و هاوبەشەکان لەوە تێدەگەن”.

بەپێی هەژمارە داراییەکان، زیانی هاوبەشەکان لە کەناڵ و پێگەکان زیاتر لە یانەکان دەبێت، ئەگەر ئەم دۆخەش بەردەوامی هەبێت ئەوا یانە مامناوەند و بچوکەکان ڕووەو مایەپوچبوون هەنگاو دەنێن و ئەوەش لە مێژووی تۆپی پێدا ڕووینەداوە.

بەڵکو ئەوەی ڕوودەدات تاقیکردنەوەیەکی گەورەیە: ئایا تۆپی پێ لە ئیفلیجبوونەوە بۆ مایەپوچبوون دەڕوات؟

بابەتی پێشتر

دیتمار هۆپ.. لە چارەگرانی ئەڵمانیاوە بۆ فریادڕەسی جیهان لە ڤایرۆسی کۆرۆنا

بابەتی دواتر

یۆرۆ نەیشن لیگ.. خولی نەتەوەکانی ئەوروپا (٢٠٢٠/٢١) گروپەکان، شێوازی بەڕێوەچوونی خولەکە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share