دارایی بەرشلۆنە لە چ دۆخێکدایە و دزەکردنی بۆندی مێسی چۆن چارەسەر دەکرێت؟

کێشە داراییەکانی بەرشلۆنە تەنها بە سەرۆکی نوێ چارەسەردەکرێت

ڕۆژنامەی دەیلی مەیڵی بەریتانی ڕاپۆرتێکی لەسەر بارودۆخی دارایی یانەی بەرشلۆنە بڵاوکردووەتەوە و دووپاتیدەکاتەوە، لە داهاتوودا دەکرێت زۆرینەی کێشەکان چارەسەربکرێن.

لیۆ مێسی لە هاوینی 2021 بۆندەکەی کۆتاییدێت و دەتوانێت بێبەرانبەر ڕوو لە یانەیەکی دیکە بکات، لە ئێستادا چاوەڕوانی سەرۆکی نوێی یانەکەیە بۆ بڕیاردان لەو بارەیەوە، بە واتای ئەوەی سەرۆکی نوێ هەموو کێشەکان یەکلاییدەکاتەوە، چونکە کارلیس توسکێسی بەڕێوبەری کاتیی توانا و دەسەڵاتی بڕیاردان و چارەسەرکردنی نییە.

بەپێی سەرچاوە،ە کۆی قەرزە کەڵەکەبووەکانی بارسا نزیکی 1.2 ملیار یورۆ دەبێتەوە، ئەگەر خوێندنەوەی زیاتری بۆ بکەین دەردەکەوێت زیاتر لە 750 ملیۆن قەرزی تەواویان بەبێ باج لەسەرە، کە نرخێکی زۆرە، بەڵام دانەوەی ئاستەم نییە و یانەکە ناخاتە ژێر هێڵی سوورەوە، ئەرکی سەرۆکی نوێیە بۆ پێنج ساڵی داهاتوو کۆبوونەوە لەگەڵ بانکە سپۆنسەرەکان بکات بۆ دانەوەی ئەو قەرزە بەشێوەی قیستی درێژخایەن.

کەیسی مێسی

خوان لاپۆرتا، کاندیدی سەرۆکایەتی بارسا دەڵێت، ” مێسی سێ یەکی داهاتی یانەی بەرشلۆنەی بەدەستدەهێنێت، پێش کۆرۆنا بەخشینی ئەو بڕە ئاسایی بوو”.

بە واتایەکی دیکە لە ئێستادا کە قەیرانی کۆرۆنا ڕوویداوە پێشکەشکردنی ئەو بڕە بۆ بارسا ئاسان نییە، بەڵکو لە ئەگەری هەڵبژاردنیدا بۆندێکی نوێی پێشکەشدەکات و لە موچە و ئیمتیازاتەکانی کەمدەکاتەوە، چونکە ناکرێت ئەو هەموو داهاتە ڕادەستی یاریزانێک بکرێت لە تەمەنی سەرو 30 ساڵدا.

مێسی قایلدەبێت یان نا؟ ئەوەیان کێشەی ناوخۆیی یانە کەتەلۆنیەکەیە، بەڵام گەورەترین کێشە لەوەدایە یانەکانی پاریس و سیتی ئامادەن نەک کەمکردنەوە، بەڵکو زیاتر لەوەی ئێستای پێبدەن کە بارسا پێیدەدات.

کێ هۆکاری کێشانەکانە؟

بە کورتی، ئیدارەی پێشووی بارتۆمیو هۆکاری کێشەکانن بەوپێیەی لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوو سوودیان لە بەرزبوونەوەی داهاتی ساڵانە وەرنەگرتووە، لە کاتێکدا بارسا بووەتە بە بەهاترینی سەرجەم یانەکانی ئەوروپا.

ڕۆژنامەکە نمونە بە پارەی فرۆشتنی نێیمار (222 ملیۆن یورۆ) دەهێنێتەوە، کە لە بری بەکارخستنی بۆ هاوسەنگکردنەوەی داهات و زیانی دارایی، تەواوی پارەکە لە کڕینی دیمبیلی و کۆتینیۆ بەگەڕخراوە.

بە گشتی لە بارسا شارەزایەکی وەرزشی و دارایی ناوازە نەبووە بتوانێت هاوشێوەی یانە گەروەکانی دیکە هاوسەنگی بپارێزێت، لە کۆتاییشدا دەگەینە ئەو بۆچونەی ئیدارەی نوێ ناچارە و دەشتوانێت هەموو ئەم کێشانە لە پێنج ساڵی داهاتوو چارەسەربکات.

بابەتی پێشتر

ئەنجومەنی دادوەری عێراق: زیاتر لە چوار ملیار دینار لە سپیکردنەوەی پارەدا دەستیبەسەرداگیراوە

بابەتی دواتر

چالاكوانانی ژینگە داوای ڕاوەستاندنی ئەمازۆن دەكەن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share