(فیفا) جەنگی دژی لێپرسراوی کاروباری یاریزانان ڕاگەیاندووە و (١٠٠) بریکار دووردەخاتەوە

ئەمڕۆ پێنجشەممە زیاتر لە (١٠٠) لێپرسراوی کاروباری یاریزانان و بریکاری گواستنەوەکان لە زیوریخی پاتەختی سویسرا کۆبوونەوە ئەنجام دەدەن، دەربارەی ئەو یاسایایەی یەکێتی تۆپی پێی جیهان دەریدەکات و لەگواستنەوەکانی هاوینەی (٢٠٢٠)وە بەکاردەخرێت.

ماڵپەڕی (ojogo) و ڕۆژنامەکانی مارکا و ئاس ئاشکرایان کردووە، ئەمڕۆ (١٢٠) لێپرسراوی ناوداری کاروباری یاریزانان لە یاریگای زیوریخ لە سویسرا کۆدەبنەوە، کۆبوونەوەکەش پەیوەندی بە وەرزشەوە نییە، بەڵکو بۆ تاوتوێکردنی ئەو یاسایەیە کە (فیفا) لەدژیان دەریکردووە، ئەمانیش لە وەڵامدا دەیانەوێت سکاڵایەک لەدژی یەکێتیە نێودەوڵەتییەکە لەبەردەم دادگای باڵای ئەوروپا تۆمار بکەن.

چی ڕوودەدات؟

بڕیارەکەی یەکێتی تۆپی پێی جیهان (فیفا) لێپرسراوی کاروباری یاریزانان ناچار دەکات دووبارە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ یانە و یاریزانان ڕێکبخەنەوە، بەم شێوەیە بەرپرسانی (فیفا) دەیانەوێت لە پڕۆسەی گواستنەوەی یاریزاناندا شەفافیەتی زیاتر پەیڕەو بکرێت بەتایبەت لەڕێژەی وەرگرتن و پێدانی پاداشتەکان.

ئەگەربێتو (فیفا) بڕیارەکە جێبەبجێبکات، نزیکەی (١٠٠) لێپرسراوی کاروباری یاریزانان و بریکاری گفتوگۆکان لەکارەکانیان دووردەخرێنەوە، چیتر لەلایەن یەکێتی تۆپی پێی جیهانەوە دان بە کارە بازرگانییەکانیاندا نانرێت.

لەم بارەیەوە مایک میلەر، سەرۆکی ڕێکخراوی لێپرسراوانی وەرزشیی ڕایگەیاندووە، “فیفا بڕیاریداوە یاساکە بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە و بەهۆیەوە زیاتر لە نیوەی لێپرسراوی کاروباری یاریزانان لە بازاڕی گواستنەوەکان دەردەکرێن، دەربارەی یاساکە هیچ پرسوڕایەکیان بە لێپرسراوان نەکردووە”.

یاساکە چ گۆڕانکارییەک دروست دەکات؟

لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا دیاردەی گواستنەوەی یاریزانان و بەدەستهێنانی پاداشتی خەیاڵیی لەلایەن لێپرسراوی کاروباری یاریزانانەوە زیادی کردووە.

بەنمونە ئاماژە بە گواستنەوەی پۆل پۆگبا کراوە لە یانەی یوڤانتۆسەوە بۆ مانچستەر یونایتد، کە بەهۆیەوە مینۆ ڕایۆلای ئیتاڵی لێپرسراوی کاروبارەکانی ئەو یاریزانە بڕی (٤٨) ملیۆن یورۆی وەک پاداشت لە سێ جەمسەرەوە بەدەستهێناوە، ئەوەش بەنسبەت (فیفا)وە بێمانایە و لێدانە لەبەرژەوەندی وەرزش و تۆپی پێ.

بەپێی یاسا نوێیەکە، لێپرسراوی کاروباری یاریزانان دەبێت پێداچوونەوە بە پەیوەندییەکانیاندا بکەن، لەگواستنەوەکاندا تەنها دەتوانن وەک نوێنەری یەکێک (یاریزان، یانەی کڕیار، یانەی فرۆشیار) مامەڵە بکەن و بۆیان نابێت وەک نوێنەری هەرسێ جەمسەرەکە و لەهەموولایەکەوە پاداشتی دارایی بەدەستبهێنن.

بەپێی لێکۆڵینەوەکانی (فیفا)، لەساڵی ٢٠١٣وە لێپرسراوی کاروباری یاریزانان پارەیەکی خەیاڵییان لە یانە و بۆندە واژووکراوەکانەوە بەدەستهێناوە کە بڕەکەی (٢.٩) بلیۆن یورۆیە، ئەوەش لێدان و داتاشینی ئابوریی و دارایی یانەکانە و نابێت لەوە زیاتر ڕێگەی پێبدرێت.

بابەتی پێشتر

کریستیانۆ هیچ خەسڵەتێکی پیرپوونی تیادا دەرنەکەوتووە و خەو و خواردنیشی بە پلانە

بابەتی دواتر

(سه‌رکێشەکانی کلاسیکۆ) ئه‌و یاریزانانه‌ی شێتانه‌ ئاهه‌نگی سه‌رکه‌وتنیان گێڕا و هانده‌رانیان توڕه‌ کرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share