خاوەنی سەرنجڕاکێشترین پێکەنین چۆن ژیا و چۆن ماڵئاوایی لێکردین؟

ڕەنگە کەم کەس هەبێت لە جیهاندا بەکارهێنەری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بێت و (خوان خۆیا بۆرجا) خاوەنی کۆمیدیترین پێکەنینی نەبینیبێت.

خوان کە لە دوای بەناوبانگبوون بە El Risitas دەناسرا هەمیشە بۆ گاڵتەپێکردن یان تەنزدان لە شتێک چاوپێکەوتنەکەی بەکار دەهێنرا، پێکەنینە سەیر و سەمەرەکەشی وایلێدەکردی کە تا کۆتایی بەدیار ئەو ڤیدیۆیانەوە بمێنیتەوە کە پێکەنینەکانی خوانیان بەکار دەهێنا.

خوان دوو ڕۆژ پێش ئێستا واتە 28ی نیسان، بەهۆی نەخۆشی درێژخایەنەوە ماڵئاوای لە جیهان کرد، ئەمجارە بەکارهێنانی وێنەی خوان لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بۆ کۆمیدیا یان تەنز نەبوو، بەڵکو بۆ ماڵئاوایلێکردنی بوو کە توانی بە درێژایی 21 ساڵ خەندە بخاتە سەر لێوی زۆرینەی بەکارهێنەرانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان.

خوان لە ساڵی 1956 لە شاری سیڤلیا لە ئیسپانیا لە دایکبووە و بە درێژایی ژیانی کۆمەڵێک کاریکردووە، لەوانە کارکردن لە ڕیستۆرانت و کرێکاری و بەتاڵکردنەوەی کیسە چیمەنتۆ، دواجار دوای ماوەیەکی زۆر لە ململانێ لەگەڵ نەخۆشی لە تەمەنی 65 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.

El Risitas پێشتر لە ساڵی 2000 چاوپێکەوتنێکی بەناوی EL VAGAMUNDO  لەگەڵ کەناڵی2 ی ئیسپانی ئەنجامدا و بە شێوەیەکی کۆمیدی بەسەرهاتێکی گێرایەوە، دواتر لە ساڵی 2007 دیسانەوە دەرکەوتەوە و بەسەرهاتەکەی بەشێوەیەکی کۆمیدیتر گێرایەوە و دەموچاوی بووە سمبولێکی جیهانی کۆمیدیا.

ڤیدیۆی بەسەرهاتەکەی El Risitas ژێرنووسی هەڵەی زۆری بۆکراوە لە جیهاندا، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە باسی ئەوکاتەی خۆی دەکات کارمەندبووە لە ڕیستۆرانتێکی سەر دەریا، بەڕێوبەرەکەی پێی وتووە کە دەبێت 20 مقەڵی پیسبوو پاک بکەیتەوە، بەڵام مقەڵییەکان زۆر پیسبوون و پاکنەکراوەتەوە، بە ناچاری بردوویەتی بۆسەر دەریا تا لەوێ بەهۆی سوێری دەریاکەوە پاکببنەوە، ئەو مقەڵییەکانی داناوە و گەڕاوەتەوە خەوتووە، کە بەیانی ڕۆشتووەتەوە بۆ شوێنی مقەڵییەکان سەیر دەکات ئاستی دەریا زۆر بەرزبووەتەوە و تەنها یەک مقەڵی ماوە، ئەویش بەهۆی ئەوەی گیراوە لە بەردێک، دوای ئەو ڕوداوە لە کارەکەی دەریان کردووە.

بابەتی پێشتر

بكوژانی ڕوداوەكەی شەوی ڕابردووی گەڕەكی ڕاپەڕین دەستگیركران

بابەتی دواتر

هەواڵگیریی ئیسرائیل باس لە ڕۆشتنی فڕۆکەکانیان دەکات بۆ سەر ئاسمانی ئێران

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share