چێڵسی کارگەی وەبەرهێنانی یاریزانانە و نرخی شەش گەنجیان لە هیچەوە گەیاندە (٢٠٠) ملیۆن

یانەی چێڵسی ئینگلیزی یەکێکە لە بەهێزترین یانەکانی خولی نایابی ئینگلیزی و ئەوروپا بەگشتی، لەڕووی پێگەیاندنی یاریزانانیشەوە خاوەنی یەکێک لەهەرە بەهێزترین ئەکادیمیاکانی تۆپی پێن لەجیهان.

ڕۆژنامەی مارکای ئیسپانی لەژێر ناوی شەش “بەیبی بلوزەکە” ڕاپۆرتێکی بڵاوکردۆتەوە، تیایدا ئاماژە بە خێرایی و کوالیتی ئیدارەی یانەی چێڵسی دەکات لە پێگەیاندنی لاوان و فرۆشتن و لەهەمان کاتدا بەرزکردنەوەی نرخەکانیان.

بەپێی سەرچاوەکە، خاوەندارێتی یانە بەسەرپەرشتی ڕاهێنەرانی تیپەکانی منداڵان و لاوان لەماوەی چەند وەرزی ڕابردوودا کاریان لەسەر پێگەیاندنی شەش یاریزان کردووە، کە پێکهاتوون لە: تامی ئابراهام، فیکایۆ تۆمۆری، ماسۆن ماونت، هودسۆن ئۆدۆی، ڕیچی جەیمس، بیڵی گیڵمۆر.

هەریەکێک لەم یاریزانانە لە کەسێکی نەناسراوەوە بوونەتە یەکێک لە ناودارانی بواری تۆپی پێ لە شاری لەندەن و ئینگلتەرا بەگشتی، کۆی گشتی نرخی گواستنەوەیان لەئێستادا (٢٠٠) ملیۆن یورۆیە، سەرجەم ئەم لاوانەش بە سەرپەرشتی فرانک لامپاردی ڕاهێنەر بەردەوامن لەبەرەوپێشچوون و لەداهاتوودا نرخیان زیاتریش دەکات.

• فیکایۆ تۆمۆری: لە پێگەی ناوەندی بەرگری یاریی دەکات و تەمەنی (٢٢) ساڵە، لە سێ یانە بەشێوەی خواستن یاریی کردووە، لە ساڵی ٢٠١٩ نرخی گواستنەوەی حەوت ملیۆن یورۆ بووە، لە یەکەم مانگی ساڵی ٢٠٢٠ نرخەکەی بۆ (٢٠) ملیۆن یورۆ بەرزبووەتەوە.

• ماسۆن ماونت: لەلاوانی چێڵسیەوە بۆ پێکهاتەی یەکەم بەرزکراوەتەوە، لە سەرەتاکانی ساڵی ٢٠١٩ نرخی گواستنەوەی تەنها (١٠) ملیۆن بووە، لەئێستادا نرخەکەی بۆ (٤٥) ملیۆن بەرزبووەتەوە.

• هودسۆن ئودۆی: یەکێکە لە ئەستێرە هەڵکشاوەکانی بواری تۆپی پێ و چاوەڕوانی داهاتوویەکی پرشنگداری لێدەکرێت، نرخی سەرەتایی (٢٥) ملیۆن بووە و لەئێستادا نرخەکەی بۆ (٣٥) ملیۆن بەرزبووتەوە، هێشتا ماوە بگاتە ترۆپکی توانا هونەرییەکانی.

• تامی ئابراهام: لەم وەرزەدا و لەکۆی (٢٤) ڕووبەروبونەوە (١٣) گۆڵی تۆمار کردووە، بووە بەیەکێک لە باشترین هێرشبەرانی خولی نایابی ئینگلیزی و نرخی گواستنەوەی (٥٠) ملیۆن یورۆیە، لەنێوان مانگی (١٢)ی ٢٠١٩ بۆ (٢)ی ٢٠٢٠ نرخەکەی (١٥) ملیۆن زیادی کردووە.

• ڕیچی جەیمس: تەمەنی (٢٠) ساڵە و لە (١٣) یاریی پریمەرلیگ بەشداری کردووە، لەم وەرزەدا لەخواستن گەڕاوەتەوە، وەرزی ڕابردوو لەم ساتانەی وەرزدا نرخی یەک ملیۆن یورۆ بووە، بەڵام لەئێستادا بۆ گواستنەوەی پێویستە (١٥) ملیۆن یورۆ پێشکەش بکرێت.

• بیڵی گیڵمۆر: لەتەمەنی (١٨) ساڵیدایە و بە یەکێک لە گرنگترین یاریزانانی داهاتووی چێڵسی هەژمار دەکرێت، یاریزانە سکۆتلەندییەکە لەهێڵی ناوەند یاریی دەکات و لەم وەرزەدا دوو یاریی ئەنجامداوە، فرانک لامپارد سەرجەم ئۆفەرەکانی بۆ گواستنەوەی ڕەتکردۆتەوە و نرخی ئێستای سێ ملیۆن یورۆیە.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share