پۆستی سەرۆککۆماری عێراق، ئەو پۆستەیە کە پشکی کوردە و بە بەرزترین پۆستی کارگێڕیی عێراق دادەنرێت.
ئەو کەسەی دەبێتە سەرۆککۆماری عێراق رۆڵی گرنگ لە پاراستنی سەقامگیری و چارەسەرکردنی کێشەکان لە وڵاتدا دەگێڕێت.
لە چەندین ماددەی دەستووریی هەمیشەیی عێراقدا بەڕوونی باس لە دەسەڵاتەکانی سەرۆککۆماری عێراق کراوە.
دەسەڵاتەکانی سەرۆککۆمار ئەمانەن:
-سەرۆککۆماری عێراق خاوەنی کۆمەڵێک دەسەڵاتە و لە حاڵەتی پێشێلکردنی دەستوور و نادادی بەرامبەر بە پێکهاتە و گەلانی عێراق بەکاریاندەهێنێت.
-بەگوێرەی ماددەی 66ی دەستوور، سەرۆککۆمار دەسەڵاتی راپەڕاندنی فیدراڵیی هەیە کە دەتوانێت بەگوێرەی دەستوور و یاسا دەسەڵاتەکانی پیادەبکات.
-بەگوێرەی ماددەی 67، سەرۆککۆمار سەرۆکی وڵات و نیشانەی یەکپارچەیی نیشتمان و سەروەریی وڵاتە، پارێزگاری لە سەربەخۆیی، سەروەری، یەکێتی و پاراستنی خاکی عێراق دەکات.
– بەگوێرەی ماددەی 73ی دەستوور، سەرۆککۆمار دەسەڵاتی دەرکردنی بڕیاری لێبوردنی تایبەتی هەیە لەسەر راسپاردەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، بەڵام ئەو بڕیارە ئەو کەسانە ناگرێتەوە کە بە تاوانی نێودەوڵەتی، تیرۆر و گەندەڵیی دارایی و کارگێڕیی حوکمدراون.
-پەسەندکردنی پەیماننامە و رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان پاش وەرگرتنی رەزامەندیی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
– پەسەندکردن و دەرکردنی ئەو یاسایانەی ئەنجومەنی نوێنەران دایاندەنێن.
– بانگهێشتکردنی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ کۆبوونەوە دوای پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، بەمەرجێک لە 15 رۆژ تێپەڕ نەکات.
– بەخشینی نیشانە و مەدالیا لەسەر راسپاردەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و بەگوێرەی یاسا.
– دەرکردنی مەرسومی کۆماری و پەسەندکردنی حوکمی ئەو لەسێدارەدانانەی لەلایەن دادگا تایبەتمەندەکانەوە دەردەچن.
لە 13ی تشرینی یەکەمی 2022، د. لەتیف رەشید وەک نۆیەمین سەرۆککۆماری عێراق هەڵبژێردرا، ئێستا چاوەکان لەسەر ئەوەن کە کێ ئەو پۆستە وەردەگرێت و چوار ساڵی داهاتوو سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق دەکات.
رۆژی دووشەممە، 5ی کانوونی دووەمی 2026 وەک دوا وادەی خۆکاندیدکردن بۆ ئەو پۆستە دەستنیشانکراوە.