خولی سوپەری ئەوروپی.. جەنگی ماڵوێرانکەر و کودەتای یانە گەورەکان بەسەر یوێفا

خولی سوپەری ئەوروپا بە فەرمی ڕاگەیەنرا

بڕیاربوو فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا سیستمی نوێی خولی یانە پاڵەوانەکان بەکاربخات، بەڵام یانە گەورەکان ڕاپەڕینێکی کارگێڕییان بەسەریاندا کرد و خولی سوپەری ئەوروپییان ڕاگەیاند.

فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا بڕیار لەسەر بەکارخستنی سیستمی نوێی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا دەدات، تیایدا ڕێژەی یانە بەشدارەکان بەرزدەکرێتەوە و لە دابەشکاری داراییشدا گۆڕانکاری دەکرێت و سیستمەکە لە وەرزەکانی 2024 و 2025وە بەکاردەخرێت.

لە بەرانبەر ئەم هەوڵەدا، یانە یاخیبووەکان لە (یوێفا) لە پێش هەمووانەوە ڕیاڵ مەدرید و مانچستەر یونایتد دژایەتی خۆیان بۆ سیستمە نوێیەکە و دابەشکاری دارایی دەربڕی و خولی سوپەری ئەوروپییان ڕاگەیاندووە، کە بڕیارە لە وەرزەکانی 2022 و 2023 بەبێ ڕەزامەندی (یوێفا) سازبکرێت.

لەم خولەدا مافی پەخشە تەلەفزیۆنیەکان، یاخود بوارە داراییەکان بەگشتی بۆ یانە زەبەلاحەکان زیاتر دەبێت و ئەوەش سەرنجی ئەو یانانەی ڕاکێشاوە کە لە دەرەوەی بازنەکەدان.

ئەوەی ڕوودەدات کەلێنێکی گەورە دەخاتە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا و ڕەنگە یانە یاخیبووەکان لە خولە ناوخۆییەکانیش سزای کارگێڕی و دارایی بدرێن.

شارەزایان ئەم هەنگاوەی یانە زەبەلاحەکانی ئەوروپایان بە جەنگی ماڵوێرانکەری تۆپی پێ ناوبردووە، ڕەنگە کۆتاییەکەی دووبەرەکی، یاخود فراوانتربوونی مەودای نێوان یانە گەورە و بچوکەکان بێت.

12 یانە دامەزرێنەری خولی سوپەری ئەوروپان

یانە دامەزرێنەرەکان کێن

خولی سوپەری ئەوروپا، یاخود خولی یانە نایابەکانی ئەوروپا، بیرۆکەی چەند یانەیەکی گەورەی کیشوەرەکەیە و لە ئێستادا فلۆرنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەی ڕیاڵ مەدرید سەرکردایەتی دەکات.

چەند ساڵێکە یانە گەورەکانی ئەوروپا بیرۆکەکە لە نێوان خۆیاندا تاووتوێدەکەن، خولەکە تایبەتە بە یانە سەرمایەدارەکان، لە ئەگەری ڕێکخستنیدا خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا کێشی خۆی لەدەستدەدات و ئەم خولە جێگەی دەگرێتەوە.

چاوەڕواندەکرێت سوپەرلیگ لە ساڵی 2022 بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، یانە زەبەلاحەکانی ئیتاڵیا، ئیسپانیا، ئینگلتەرا بەشداری تێدادەکەن بەتایبەت یانەکانی، ڕیاڵ مەدرید، بەرشلۆنە، ئەتلەتیکۆ مەدرید، مانچستەر یونایتد، مانچستەر سیتی، چێڵسی، ئارسیناڵ، لیڤەرپوڵ، تۆتنهام، یوڤانتۆس، ئینتەرمیلان، ئەی سی میلان، بەشداری تێدادەکەن و بە یانە دامەزرێنەرەکان ناسراون.

ژمارەی یانە دامەزرێنەرەکان بۆ 15 بەرزدەبێتەوە و بڕیارە پێنج یانەی دیکەش بانگهێشتی خولەکە بکەن. بەشداران لە هەر وەرزێکدا لەبری ئەوەی 15 یاری لە خولی یانە پاڵەوانەکان بکەن، 30 یاری لە خولی سوپەری ئەوروپا “سوپەر لیگ” ئەنجامدەدەن.

کۆمپانیای “جەی پی مۆرگان”ی ئەمریکی پاڵپشتی و سپۆنسەری خولەکەی بە چوار ملیار دۆلارکردووە، چاوەڕوانیش دەکرێت داهاتی گشتی “سوپەرلیگ” لە وەرزێکدا بگاتە 10 ملیار دۆلار.

 

جیاوازی خولەکە چییە؟

سوپەرلیگ و چامپیۆنزلیگ لە هەردوو ڕووی وەرزشی و داراییەوە جیاوازییان هەیە، یانەکان لە خولە نوێیەکەدا یاری زیاتر ئەنجامدەدەن و داهاتی داراییان زیاتر دەبێت.

خەڵاتی براوەکانی یەکەم و دووەم و مافەکانی بەشداریکردن لە سوپەر لیگ زۆر زیاتر دەبێت لە خولی یانە پاڵەوانەکان، بەپێی ئەو زانیارییانەی ڕێکخەران ئاشکرایانکردووە، پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ نزیکی 120 ملیۆن لە وەرزێکدا کۆدەکاتەوە، بەڵام براوەی خولە نوێیەکە دەتوانێت 400 ملیۆن یورۆ داهات بەدەستبهێنێت.

لە هەموو ئەمانەش گرنگتر، یانە گەورەکان و ئەوانەی یاریگای گەورە و زەبەلاحیان هەیە و پێیان وایە لە مافەکانی پەخشی تەلەفزیۆنی ستەمیان لێکراوە، لەم خولەدا بە پارەی خەیاڵی قەرەبوودەکرێنەوە، دەکرێت لەم ڕێگەیەوە قەرەبووی قەیرانی دارایی کۆرۆنا بکەنەوە.

ئەندریا ئانێلی سەرۆکی یانەی یوڤانتۆس و سەرۆکی ڕایەڵەی یانەکانی ئەوروپا، لەگەڵ ئەلیکساندەر چیفرینی سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا

کێ لەم خولەدانییە؟ فیفا و یوێفا کاردانەوەیان چۆنە

یانەکانی خولی ئەڵمانیا و فەرەنسا بەهەموو شێوەیەک بەشداریکردنیان لە “سوپەر لیگ” ڕەتکردووەتەوە، واتا یانەکانی بایرن میونشن و بوروسیا دۆرتمۆند لە ئەڵمانیا و پاریس سانت جێرمان و مۆناکۆ و مارسیلیا و لیۆن لە فەرەنسا بەشداری ناکەن، بەم هۆیەشەوە (فیفا و یوێفا) بە فەرمی سوپاسنامەیان ئاڕاستەکردوون.

فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان (فیفا) سەرەڕای ئەوەی لە ساڵی 2021 جامی جیهانی یانەکان بەشێوە نوێیەکەی دەخاتەکار، کاردانەوەی تاوەکو ئێستا یەکلاکەرەوە نەبوووە و داوای دانوستاندن دەکات. چونکە ئەم پاڵەوانێتیە نوێیە لەژێر هەژموونی ئەواندا نییە و پەیوەندی بە کیشوەری ئەوروپا و فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا (یوێفا)وە هەیە.

سەرۆکایەتی یوێفا و ڕایەڵەی یانەکان لە خولە ناوخۆییەکان بەهیچ شێوەیەک بە بیرۆکەکە قایلنین و بگرە بەرهەڵستییەکی توندیشی دەکەن، هەڕەشەی دوورخستنەوەی سەرجەم یانە بەشدارەکان دەکەن لە خولە ناوخۆیی و ئەوروپییەکان لە ئەگەری بەردەوامبوونیان لە پڕۆژە نوێیەکە.

 

چامپیۆنز لیگ بۆ پاریس ؟

ئەندریا ئانێلی سەرۆکی یانەی یوڤانتۆس، کە یەکێکە لە دامەزرێنەرانی خولی سوپەری ئەوروپی دوای ڕاگەیاندنی سوپەرلیگ بەفەرمی، لە پۆستی سەرۆکی ڕایەڵەی یانە ئەوروپیەکان دەستیلەکارکێشایەوە.

بە ئەگەرێکی زۆرەوە ناسڕ خلێفی خاوەنی یانەی پاریس سانت جێرمان جێگەی دەگرێتەوە، کە کەسایەتیەکی بەهێزی هەیە، هەروەها یانەی پاریس سانت جێرمان و فەرەنسی و ئەڵمانیەکان یەکێکن لەو خولانەی لایەنداری فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا دەکەن.

هەندێک لەسەرچاوە جیهانییەکان بڵاویانکردووەتەوە، کە چامپیۆنزلیگ و یوروپالیگی تاوەکو یەکلاییبوونەوەی دۆسیەی سوپەرلیگ بە ئەگەرێکی زۆرەوە ڕادەگیرێن.

لە قۆناغی نیوەی کۆتایی چامپیۆنزلیگ یانەکانی مان سیتی و ڕیاڵ مەدرید و چێڵسی و پاریس سانت جێرمان بوونیان هەیە، سیان لە یانەکان “سیتی، ڕیاڵ، چێڵسی” بەشدارن لە پڕۆسەی سوپەرلیگ و ئەگەر دووربخرێنەوە ، یاخود سزابدرێن ڕەنگە نازناوەکە بە شێوەی سپاردن بە یانەی پاریس سانت جێرمان بدرێت.

خێزانی گلایزەرس بە هاوکاری فلۆرنتینۆ پێرێز و 10 یانەی دیکە کودەتایان بەسەر فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپادا کردووە

خولە نوێیەکە بە چ سیستمێک دەبێت؟

ماڵپەڕی تایبەتی سوپەرلیگ زانیاری وردی لەبارەی سیستم و شێوازی بەڕیوەچوونی خولەکەوە ئاشکراکردووە.

بەپێی سەرچاوەکە، 12 یانەی دامەزرێنەر ڕێژەی یانە بەشدارەکان بۆ 20 (بەخۆیانەوە) بەرزدەکەنەوە.

(20) یانە بەشدارەکە دەکرێن بە دوو گروپی جیاوازەوە و لەهەر کۆمەڵەیەک سێ یانەی یەکەم بۆ قۆناغە یەکلاکەرەوەکان سەردەکەون، پاشان باشترینەکانی چوارەم و پێنجەم لەهەر گروپێک پاڵاوتنیان بۆ دەکرێت بۆ گەیشتن بە قۆناغە یەکلاکەرەوەکان.

بەشێوەیەکی گشتی ساڵانە 15 یانە بە جێگیری و بەشداری دەکەن، پێنج یانەش بە شێوازی پاڵاوتن پێگەیەک بۆخۆیان دەگرن.

 

ئامادەن بۆ جەنگ

تۆڕی سکای سپۆرتی بەریتانی، فلۆرنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەی ڕیاڵ مەدرید بە سەرتیپی یانە یاخیبووەکان و دامەزرێنەری خولی سوپەرلیگی ئەوروپی لەقەڵەمدەدات.

کەسایەتیە ناودارەکەی ئیسپانیا بە پاڵپشتی 12 یانەی زەبەلاحی ئەوروپی و کۆمپانیای “جەی پی مۆرگان” و تۆڕی “دی ئەی زێد ئێن”، ڕوبەڕوی فیدراسیۆنەکانی تۆپی پێی ئەوروپا و جیهان، حکومەتی ئیسپانیا و بەریتانیا و ڕایەڵەی یانەکانی ئەوروپا و تەنانەت یەکێتی ئەوروپا وەستاوەتەوە، دروشمی “ئامادەین بۆ جەنگ”یان بەرزکردووەتەوە.

بڕیارە لەسەرەتاوە پێرێز سەرۆکی ڕایەڵەی یانەکانی سوپەرلیگ بێت، پاشان جۆن هێنری خاوەنی لیڤەرپوڵ و جوێل گلایزەرزسی خاوەنی بەشێک لە پشکەکانی یونایتد و ستان کرۆنکی خاوەنی ئارسیناڵ بە نۆرە جێگەی بگرنەوە.

شارەزایانی بواری سیاسی پێیان وایە ئەم هەنگاوەی یانە گەورەکانی ئەوروپا کاریگەری نەرێنی لەسەر جیهان بەگشتی دروستدەکات، بەدووری نازانن دوای تێکەڵبوونی سەرۆکی وڵاتان و سیاسییەکانی یەکێتی ئەوروپا، بابەتی سوپەر لیگ جەنگی جیهانی سێیەمی لێبکەوێتەوە، بەوپێیەی بابەتە دارایی و سەرمایەدارییە و ئەم دوو بابەتەش بەردەوام بە سیاسەتەوە بەندن.

بابەتی پێشتر

كەشناسی: لە سبەینێوە پلەكانی گەرما بەرزدەبنەوە

بابەتی دواتر

منداڵانی پۆلی یەک "زۆرینەیان نەخوێندەوارن"

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share