وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەی حكومەتی هەرێم دەڵێت، زیاتر لە 55 ملیار بۆ پڕۆژەی ڕێگای كەلار-سلێمانی تەرخانكراوە و دڵنیاییش دەدات لەوەی بەمنزیكانە تەرخانکراوی ساڵانەی بۆ دەستنیشان دەکرێت.
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێم ئەمڕۆ چوارشەممە لە ڕونكردنەوەیەكدا دەڵێت، پڕۆژەی رێگای (کەلار-سلێمانی) کە یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکان و لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەت جێبەجێ دەکرێت، لە ڕۆژی 2017/12/19 لە سەردەمی کابینەی پێشووی حکومەت دەستکراوە بەکارکردن تیایدا.
دەشڵێت، هەرچەندە لە کابینەی پێشوودا تەنها یەک پێشینەی بۆ تەرخانکرا کە بڕەکەی تەنها شەش ملیار و 934 ملیۆن و 260 هەزار دینار بوو، بەڵام لەماوەی تەنها ساڵ و نیوێکی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمدا بڕی 55 ملیار و 419 ملیۆن و 842 هەزار دینار بۆ بەڵێندەر خەرجکراوە و ڕێژەی ئەنجامدراویش گەیشتوەتە (53٪).
وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە ئاشكراشیدەكات، بە نوسراوی فەرمی داوای زیاتر لە 70 ملیار دیناری دیکە بۆ بەڵێندەر و تەواوکردنی پڕۆژەکە كراوە و، وەزیری ئاوەدانکردنەوەش دڵنیایی داوەتە بەڵێندەر کە بەمنزیکانە تەرخانکراوی ساڵانە بۆ پڕۆژەکە دەستنیشان دەکرێت.
ئەو پرۆژەیەی گەرمیانییەكان چاوەڕوانین لە “2022دا تەواو دەبێت”
دوێنێ عەدنان خەلیل، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی ڕێگاوبانی گەرمیان ڕایگەیاند، بۆ قۆناغی دووەمی ڕێگای کەلار- دەربەندیخان لە 2017/12/19 دەستکراوە بە کارکردن لە پرۆژەکە، “یەک ساڵ و نیو ھیچ بڕە پارە و تەمویلێک بۆ پرۆژەکە خەرجنەکراوە”.
بە وتەی ئەو بەڕێوەبەرەی ڕێگاوبانی گەرمیان، “لەئێستادا 53٪ی پرۆژەکە تەواوبووە، بەڵام بەھۆی خەرجنەکردنی پارەی تەرخانکراو، کارکردن لە پرۆژەکە زۆربەسستی بەڕێوەدەچێت”.
ئیدارەی گەرمیان لەسەر ڕاگرتنی پڕۆژەکە و بڕی پارەی پێویست بۆ پڕۆژەکە ئاشکرایکردووە، ئەوان 80 ملیار دیناریان بۆ تەواوکردنی لە حکومەت داواکردووە.