دەستەی مافی مرۆڤ بەدواداچوون بۆ دۆسیەی ئازادكردنی چالاكوانانی بادینان دەكات

سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤ لە چاكسازیی گەورانی هەولێر بەدواداچوون بۆ دۆسیەی ئازادكردن بە مەرجی زیندانیانی بادینان دەكات.

مونا یوقا سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێم ڕایگەیاند، لە سەربەیانی ئەمڕۆوە سەردانی ناوەندی چاكسازیی گەورانی هەولێری كردووە بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ دۆخی زیندانیانی مانگرتوو، ئەوانەی داوای ئازادكردنی مەرجدار (ئیفراج شرطی)یان كردووە.

ڕوونیشیكردەوە، بەدواداچوونیشیان بۆ دۆسیەی ئازادكردنی مەرجداری زیندانیان كردووە و داوایان كردووە پەلەبكرێت لە یەكلاكردنەوەی، بەپێی ڕێككارە یاساییەكان.

پێنجشەممەی ڕابردوو بەشدار حەسەن، سەرۆكی تیمی پارێزەرانی بەرگری لە چالاكوانانی بادینان بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، دوای ئەوەی دۆسیەی زیندانییان لە دادگای كەتنەوە گەڕێندرایەوە بۆ چاكسازیی گەورانی هەولێر بەمەبەستی تەواوكردنی كەموكوڕییەكانی ناو دۆسیەكان،لە چاكسازی دۆسییەكانیان تەواونەكرد و خستیانە هەفتەی ئایندە.

وتیشی، “بابەتەكە سیاسییە و دەستی دەستیمان پێدەكەن، بەڵام بەپێی ماددەی 329 لە یاسای سزادانی عێراقی، هەر كەسێكی ڕاسپێردراو بە خزمەتی گشتی، ئەگەر بڕیاری دادگا جێبەجێنەكات، وادادەنرێت كە تاوانێكی ئەنجامداوە”.

بۆیە وتی، ئەگەر ڕۆژی یەكشەممە كەموكوڕیی دۆسیەی زیندانییانی بادینان و هەموو ئەوانەی بە ماددەی 1ی یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003ی پەرلەمانی كوردستان زیندانیكراون تەواونەكرێت، كە داوای ئازادكردنی بەمەرجیان كردووە، ئەوكات ناچاردەبن سكاڵا دژی بەڕێوەبەری چاكسازیی گەوران تۆماربكەن.

سەبارەت بە دۆخی تەندروستیی زیندانییانیش بەشدار حەسەن وتی، “دۆخی تەندروستییان زۆر زۆر خراپە، ناهێڵن بیانبینین، دەزانن گەر بیانبینین ڕای گشتی لێئاگاداردەكەینەوە”.

ئەوەشی وت، مانگرتنی زیندانییان بەردەوامە، بەهۆیەوە بەشێكیان گورچیلەیان لاواز بووە، بەشێكیان چاویان كز بووە و یەكێكیشیان تووشی خوێنبەربوون بووە.

سەرۆكی تیمی پارێزەرانی بەرگری ڕوونیشیكردەوە، شیروان شیروانی دوو ڕۆژە لەهۆش خۆی دەچێت، یوسف شەریف هەموو جەستەی تووشی كیسی ئاو بووە، ئەمجەد ڕێكانی تووشی ڤایرۆسی جگەر بووە و هەردوو گورچیلەشی كز بوون و نێچیرڤان بەدیع-یش بەهۆی خوێنبەربوونەوە چاوەكانی كز بوون.

بابەتی پێشتر

تەندروستیی سلێمانی: سەنتەری فریاکەوتنی خێرا کارەکانی ڕاگرت

بابەتی دواتر

ژمارەیەك هەلی كار لە وەزارەتێكی هەرێمەوە ڕاگەیەنرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share