ڕووداوە نەخوازراوەکانی کلاسیکۆ لە شەڕە بوتڵەکەی مەدریدەوە بۆ سەرە بەرازەکەی فیگۆ

کلاسیکۆی ئیسپانیا، ڕووبەڕوبونەوەیەکی مێژوویی تۆپی پێیە لەنێوان دوو جەمسەری نەیاری مەدرید و کەتەلۆنیا ئەنجام دەدرێت، لەگەڵ واتا وەرزشیەکەیدا لەڕووی سیاسیشەوە کاردانەوە دروست دەکات.

بڕیاربوو کلاسیکۆی چوونی وەرزی ٢٠١٩/٢٠٢٠ لەڕێکەوتی ٢٠ی ئۆکتۆبەر لە یاریگای کامپ نوی تایبەت بە یانەی بەرشلۆنە ئەنجام بدرێت، بەڵام بەهۆی خۆپشاندانە سیاسیەکانی هەرێمی کەتەلۆنیا و ئەگەری ڕوودانی کارەساتی چاوەڕوان نەکراو یارییەکە بۆ ١٨ی دیسێمبەر واتا ئەم مانگە دواخرا، ئەمەش یەکەمین و کۆتا کێشە نییە ڕوودەدات، بەڵکو بەدرێژایی مێژووی تۆپی پێی ئیسپانیا چەندین ڕووداوی نەخوازراوی تر ڕوویانداوە و لە (ئێستا سپۆرت)ەوە (١٠) لەو ڕووداوانە بۆ خوێنەرانمان ئاشکرا دەکەین.

١٣/٦/١٩٤٣
لەیاریی چوونی قۆناغی نیوەی کۆتایی جامی “جێنیڕاڵیزمۆ”ی وەرزی ١٩٤٢/١٩٤٣ یانەی بەرشلۆنە لەیاریگای “لێس کۆرتس” میوانداری ڕیاڵ مەدریدی ڕکابەری کرد و بە ئەنجامی سێ گۆڵی بێوەڵام سەرکەوتنی بەدەستهێنا، لە یاریی گەڕانەوەدا هاندەرانی شاهانە بەشێوەیەکی توند بەرەنگاری یاریزانانی یانە کەتەلۆنیەکە بوونەوە.
میرۆی گۆڵپارێزی بارسا دوای یارییەکە ڕایگەیاند، بەهۆی هێرش و بەردبارانی بەردەوامی هاندەرانی مەدریدوە نەیتوانیوە لەناو گۆڵەکەیدا تەرکیز بکات و بمێنێتەوە، یارییەکە بە ئەنجامی (١١ – ١) لەبەرژەوەندی ڕیاڵ کۆتایی هات، بەڵام کاتێک ئەنجامەکە گەیشتە (٨ – ٠) یاریزانانی بارسا ویستیان یاریگا بەجێبهێڵن و پۆلیس ڕێگەی پێنەدان تا ئەوکاتەی ناوبژیوان فیکەی کۆتایی لێدا، ئەم ڕووداوە کاردانەوەی جیهانی لێکەوتەوە و بەقێزەون ناوبرا، بەهۆیەوە سەرۆکی هەردوو یانە دەستلەکارکێشانەوەیان ڕاگەیاند.

١١/٧/١٩٦٨
لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ یاریی کۆتایی جامی “جێنیڕالێزمۆ” ئەنجامدرا و بەرشلۆنە بە گۆڵێکی بێوەڵام سەرکەوتنی بەدەستهێنا، هاندەران و ستافی یانە سپییەکە ڕەخنەی توندیان لە ئانتۆنی ڕیگۆی داوەری یارییەکە هەبوو، کار گەیشتە ئەوەی هاندەران کەوتنە هەڵدانی بوتڵ بۆنێو یاریگا و بەهۆی ئەو ڕووداوەوە یارییەکە لەمێژووی نوسراودا بە “فاینەڵی بوتڵ” ناوزەندکرا، یاریزانانی بارسا بە خۆیان و جامەکەیانەوە ناچاربوون خۆیان لە بوتڵی بێشوماری هاندەران بپارێزن تا دەگەنە دەرەوەی یاریگا.

٣٠/٤/١٩٧٦
لەم کلاسیکۆیەدا هیچ ڕووداوێکی وەها ڕووینەدا بچێتە ڕیزی ڕووداوە نەخوازراوەکانەوە، بڕیاربوو یارییەکە ڕێکەوتی ١/٥ کە ڕۆژی شەممە دەکات ئەنجام بدرێت، ئەو ڕۆژەش بە “مەی دەی” لەلایەن ئیسپانیە نیشتیمان پەروەرەکانەوە هەژمار دەکرێت و تیایدا لایەنگرانی فرانکۆ ئاهەنگی کرێکاران و سەرکەوتن دەگێڕن، بەڵام لەو ڕێکەوتەدا دیکتاتۆرەکە لەژیاندا نەمابوو و یەکەمین ساڵ بوو لایەنگرانی لەدوای مردنی یادی ئەو ڕۆژە بکەنەوە، پۆلیسی ئیسپانیا لەپێناو پاراستنی گیانی یاریزانانی بەرشلۆنە داوایان لە ئیدارەی هەردوو یانە کرد کلاسیکۆ بۆ ڕۆژی هەینی دوابخرێت، ئەو داوایەش لەلایەن یانەکانەوە پەسەندکراو و بەرشلۆنەی سەردەمی یۆهان کرۆیف بە ئەنجامی دوو گۆڵی بێوەڵام سەرکەوتنی بەدەستهێنا.

٢٠/٨/١٩٩٧
لەیاریگای “کامپ نو”ی تایبەت بە یانەی بەرشلۆنە یاریی چوونی جامی سوپەری ئیسپانیا ئەنجامدرا، هاندەرانی یانە کەتەلۆنیەکە چەرخێکیان گرتە سەری ڕۆبێرتۆ کارلۆسی ئەستێرەی ناوداری ڕیاڵ و سەریان بریندار کرد، بەهۆی قوڵی برینەکەوە داوەر یاریی ڕاگرت و تا چارەسەری تەواوی پێدرا یارییەکە دەستی پێنەکردەوە.

١/١١/١٩٩٧
جیۆڤانی دا سیلڤای بەرازیلی یاریزانی یانەی بەرشلۆنە لەدوای بردنەوەی یانەکەی بە ئەنجامی (٣ – ٢) ڕەفتارێکی ناشرینی نواند و بەدەستەکانی ئاماژەی خراپی بۆ هاندەرانی ڕیاڵ مەدرید کرد، ئەم جوڵەیە توڕەیی مەدریدێستای تەقاندەوە و تا کاتی چوونە دەرەوەی یانە کەتەلۆنیەکە لە یاریگا، چەندین وشەی ناشرینیان ئاڕاستەکرا و بەشێکی زۆری ئامادەبووان بەهەمان جوڵەی یاریزانەکە ئاماژەیان بۆ دەکردنەوە.

١٨/٣/٢٠٠١
لەکاتێکدا پیپی ڕێنای گۆڵپارێز لە یەکێک لە کۆرنارەکانەوە دەیویست تۆپەکە بگەڕینێتەوە، لەلایەن هاندەرێکەوە لێیدرا، دواتر ڕایگەیاند :” وامدەزانی لێدانەکە لەلایەن ڕائولەوە بووە، بەڵام لێدانەوەکان دەریانخست کە هاندەرێکی ئاسایی بووە”، لەو یارییەدا هاندەرانی سانتیاگۆ بێرنابیۆ لویس ئینریکیان فیکەباران کرد و یارییەکەش (٢ – ٢) کۆتایی هات، کەتەلۆنیەکان ڕەخنەی توندیان لە ئەنجامەکە گرت و ئەوەش پشێوی لەنێو یاریگادا دروست کرد.

٢٣/١١/٢٠٠٢
بۆ یەکەم جار لەدوای جێهێشتنی بەرشلۆنە و پەیوەندیکردنی بە یانەی ڕیاڵ مەدریدەوە، لویس فیگۆی پورتوگالی بەدرێسی سپیەوە گەڕایەوە بۆ یاریگای “کامپ نو”، کەتەلۆنیەکان هێرشی توندیان کردە سەری و بە (خیانەتکار) ناویانهێنا، هەروەها چەندین چەرخ و بوتڵیان تێگرت و لە کۆرنارێکدا کار گەیشتە ئەوەی سەرە بەرازیان تێگرت، کە لە ئیسپانیا واتای خیانەت دەبەخشێت.

٢٩/١١/٢٠١٠
بەرشلۆنە بەئەنجامی پێنج گۆڵی بێوەڵام لە ڕیاڵ مەدریدی بردەوە و یارییەکەش لە کامپ نو ئەنجامدرا، لەو یارییەدا گواردیۆلا تۆپێکی بەدەستەکانی گرتەوە و هەوڵیدا لە کریستیانۆ ڕۆناڵدۆی دووربخاتەوە، بەڵام یاریزانە پورتوگالیەکە بە سوکایەتی لەقەڵەمیدا و پاڵێکی بێوەنا، ئەم ڕووداوە شەڕێکی دەستەویەخەی نێوان یاریزانانی هەڵگیرساند و بەهۆیەوە کریستیانۆ و ڤیکتۆر ڤاڵدێز کاردی زەرد بەڕوویاندا بەرزکرایەوە.

١٧/٨/٢٠١١
لە جامی سوپەری ئیسپانیا کلاسیکۆ لە یاریگای کامپ نو ئەنجامدرا، لە جوڵەیەکدا مارسێلۆ و سیسک فابریگاس بەریەککەوتن، پێکدادانەکە شەڕی یاریزانانی لێکەوتەوە و لەم نێوەندەدا جوزێ مۆرینیۆی پورتوگالی ڕاهێنەری ئەو سەردەمەی ڕیاڵ بەبەرچاوی میدیا و هاندەرانەوە پەنجەی کرد بە چاوی تیتۆ ڤیلانۆڤای کۆچکردوو، کە لەوکاتەدا یاریدەدەری ڕاهێنەر بوو.

٣٠/١/٢٠١٣
لە جامی شای ئیسپانیا و لەیاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ ڕیاڵ و بارسا ڕووبەڕوبوونەوە، لەساتێکی یارییەکەدا هاندەرانی ڕیاڵ چەرخێکیان گرتە جێرارد پیکێی بەرگریکاری بارسا، یاریزانەکە چەرخەکە هەڵدەگرێتەو تا نیشانی داوەری یارییەکەی بدات، بەڵام کارلیس پویۆڵی کاپیتانۆ و ئەفسانەی یانە دەستەکانی دەگرێت و چەرخەکەی لێدەسەنێت و فڕێی دەداتە دەرەوەی یاریگا بۆ ئەوەی کێشە لەنێوان یاریزاناندا دروست نەبێت، ئەم ڕووداوەش کاردانەوەی میدیایی لێکەوتەوە و تەنانەت ڕۆژنامەکانی مەدریدیش ئەم یاریزانەیان بە “نۆبڵمان” وەسف کرد.

 

بابەتی پێشتر

"ماچ دەی" زنجیرەی دوکۆمێنتاری بەرشلۆنە نھێنیەکانی ئەو یانەیە ئاشکرا دەکات

بابەتی دواتر

شازادەی سعودیە خەونەکەی ھێتلەر دەھێنێتە دی و لەشارێکدا جیهانی وەرزش کۆدەکاتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share