نهێنی ئاستبەرزی زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ لە تەمەنی 39 ساڵیدا چییە؟

زڵاتان بەهۆی سیستمی خۆراکی تایبەت و یاری تایکواندۆوە پارێزگاری لە جەستەی کردووە

گۆڤاری “جی کیو ئیتاڵیا” نهێنی ئەو ئاستە بەرزە ئاشکرادەکات، کە زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچی سویدی لە تەمەنی 39 ساڵیدا پێشکەشی هەوادارانی خولی ئیتاڵیای دەکات.

سوڵتانی تۆپی پێ لەم وەرزەدا 10 یاری بەدرێسی یانەی ئەی سی میلانەوە ئەنجامداوە و 11 گۆڵی تۆمارکردووە و دوو گۆڵی بۆ یاریزانانی دیکە ڕەخساندووە، شارەزایانی بواری تۆپی پێ بە سەرسامبوونەوە لە ئاستی جەستەیی زەبەلاحە سویدیەکە دەڕوانن و گۆڤارە ئیتاڵییەکەش نهێنیەکەی بۆ ئەو سیستمە خۆراکییە دەگێڕێتەوە کە چەند ساڵێکە یاریزانەکە پەیڕەویدەکات.

بەپێی زانیارییەکانی “جی کیو” زڵاتان شێفێکی تایبەتی هەیە، تەنانەت لە ماڵەکەیدا لەگەڵیدا دەژی و خاوەنی بڕوانامەیە لە زانستی “ئالگۆ – ڕیتم”.

زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ لە کاتی ڕاوکردنی ماسی

لیستی خۆراک و خواردەمەنییە قەدەغەکراوەکان

سیستمی خۆراکی زڵاتان هاوشێوەی ئەو سیستمەیە کە کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ جێبەجێیدەکات، چەندین خۆراکی قەدەغەکراوی تیادایە لە نمونەی پاستا و دۆندرمە، لە کاتێکدا ئەستێرەکانی دیکەی بواری تۆپی پێ بەڕێژەیەکی زۆر بەکارهێنەری ئەو جۆرە خواردەمەنیانەن.

زڵاتان لەم سنوورەدا نەوەستاوە، بەڵکو دوو وەرزە بەهیچ شێوەیەک مەشقی جەستەیی لە جیمی تایبەتی ئەی سی میلان ئەنجامنەداوە و بەردەوام هەوڵدەدات کێشی جەستەی لەنێوان 92 بۆ 94 کیلۆگرامدا بهێڵێتەوە.

لەگەڵ شێفی پاریس سانت جێرمان دەمەقاڵێی بووە

گۆڤارە ئیتاڵییەکە وردەکاری زیاتر لەسەر ژەمە خۆراکی ڕۆژانەی ئێبرا بڵاودەکاتەوە و نوسیویەتی، لە سەردەمی یوڤانتۆسەوە شارەزایەکی خۆراک ئامۆژگاری یاریزانەکەی کردووە ڕۆژانە هەشت دەنک بادەم بخوات بەهۆی زۆری ماگنسیۆم و ڕۆنی سروشتی تیایدا.

سیستمی ژەمە خۆراکی ئێبرا هێندە ئاڵۆزە، شێف و خواردنگەی یانەکان چەندینجار دووچاری کێشەبوونەتەوە لەگەڵیدا، تەنانەت کاتێک لە پاریس یاریکردووە لەگەڵ شێفی یانە فەرەنسیەکە دەمەقاڵێی بووە لەبەرئەوەی ڕۆژانە میوەی فرێشی بۆ یاریزانان ئامادەنەکردووە، دواتریش بڕیاریداوە لە بەقاڵێکی نزیک لە یاریگای مەشقەکان ڕۆژانە میوە بۆ خۆی و یاریزانانی دیکە دابین بکات.

منداڵێکی ئیتاڵی کێبڕکێی زڵاتان دەکات لە یاری تایکواندۆ

ناچێتە جیم و تایکواندۆ دەکات

ئێبرا حەزی بە ڕاهێنانی “بەدی بوڵدینگ” نییە، ڕۆژانە ناچێتە هۆڵی مەشقەکان و لەبری ئەوە خۆی بە تایکواندۆوە سەرقاڵکردووە لەگەڵ ڕاهێنەرێک بەناوی نیڵسن داماسینا.

زەبەلاحە سویدیەکە پێیوایە تایکواندۆ نەرمی و هێزی زیاتری لە هۆڵی مەشقەکان پێدەبەخشێت، بەهۆی ئەم یارییە و ژەمە خۆراکە تایبەتییەکانەوە توانیویەتی لەتەمەنی 39 ساڵیدا بەوپەڕی توانا و وزەوە یاری بۆ ئەی سی میلانی ئیتاڵی بکات، بەم هۆیەشەوە بووەتە نمونەیەک بۆ ئەستێرە هەڵکشاوە گەنجەکان.

بابەتی پێشتر

بایدن ئاژەڵی ماڵی دەباتە كۆشكی سپی

بابەتی دواتر

(ڤیدیۆ) بەرشلۆنە چوارینەی نوسییەوە و مێسی ژمارە 10ی مارادۆنای نمایشکرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share