چۆن لە پێنج ساڵدا بەهێزترین یانەی جیهان دەکەیتە وێرانە؟ وەڵامەکە بارتۆمیووە

بارتۆمیو لە ماوەی پێنج وەرزدا بەرشلۆنەی لە لوتکەوە کردووەتە وێرانە

پێنجی حوزەیرانی 2015 پێکهاتەی بەرشلۆنە بە سەرپەرشتی لویس ئینریکی بۆ کۆتاجار جامی چامپیۆنزلیگی بەرزکردەوە، پێشتریش نازناوەکانی لالیگا و کۆپا دێل رێیان یەکلاییکردەوە و هەر سێ نازناوەکەیان بەیەکەوە کۆکردەوە.

پێنج ساڵ زیاتر بەسەر ناوازەترین ساتەکانی بلاوگرانا تێپەڕدەبێت، یانەکە لە عەرشی ئەوروپا و جیهانەوە بۆ قەیرانی دارایی و خراپترین ئاستی وەرزشیی هەنگاویناوە.

لەنێوان هەموو ئەو تەنگانەیەی بەرۆکی یانەکەی گرتووە، جوسێپ ماریا بارتۆمیوی سەرۆکی پێشوو و دەستگیرکراو لە کەیسی “بارسا گەیت” تێوەگلاو دوێنێ، دووشەممە بەم هۆیەوە لەلایەن موزس دی ئیسکواردای کەتەلۆنیەوە دەستگیرکرا.

چۆن بەرشلۆنەی وێرانکرد؟

بەر لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی یانەی بەرشلۆنە، ئیدارەی پێشوو بە سەرپەرشتی خودی بارتۆمیو وەک جێگیری سەرۆکی یانە گرێبەستیان لەگەڵ کۆمپانیای “قەتەر ئایروەیز”دا داخست.

دوای چنینەوەی نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکان ئیدارەی بارسا هەنگاوەکانی بۆ نوێکردنەوەی بۆندی قەتەریەکان بە بڕێکی زیاتر دەستپێکرد، بەڵام لەم ئەرکەدا سەرکەوتوو نەبوون و سپۆنسەرێکی زۆر بەهێزیان لەدەستدا.

بارتۆمیو لەم ئاستەدا نەوەستا و سەرەڕای ئەو لەدەستدانە داراییە، چەندین یاریزانی وەک ئاردا توران و ئالێکس ڤیدال و لوکاس دینی و پاکۆ ئالکاسێر و ئەندرێ گۆمێز و ساموێل ئومتیتی کڕی، هیچیشیان سوودیان بە یانەکە نەگەیاند.

دواتر بۆندی یاریزانانی وەک بوسکێتس و ئەلبا و مێسی و پیکێ و لویس سوارێز بە موچە و ئیمتیازاتی زیاتر نوێکرانەوە، یانەکە لە هەڵقوڵاوی ئەکادیمیایەکی لاوانەوە بووە خاوەن گرانبەهاترین پێکهاتە، بە شێوەیەک کە سەقفی موچەی یاریزانان لە سەرجەم یانەکانی دیکە بەرزتربووەوە.

قەیران بۆ قەیران

ساڵی 2017 یانەی پاریس سانت جێرمان لێدانێکی قورسی ئاڕاستەی کەتەلۆنیەکان کرد و نێیمار دا سیلڤای بەرازیلی بە 222 ملیۆن یورۆ کڕی، بەڵام دیسانەوە بارتۆمیو نەیتوانی ئەو بڕە زۆرە بە شێوەی دروست بەکاربخات.

گواستنەوەی کۆتینیۆ و عوسمان دیمبیلی بە هیوایەکی زۆرەوە جێبەجێکرا و هیچ یەکێکیش لەم دووانەیە نەیانتوانی بچوکترین کەلێنی گەوهەرەکەی سیلیساو پڕبکەنەوە.

لە کاتێکدا بەرشلۆنە بەدەست قەیرانەکانەوە دەیناڵاند و لە خولی یانە پاڵەوانەکان بەرانبەر ڕۆما و لیڤەرپوڵ دووچاری کارەساتی وەرزشیی دەبوو، ڕیاڵ مەدریدی ڕکابەری سێ نازناوی چنییەوە.

بارتۆمیو دوای وەرزێک لە بوونی بە سەرۆک، لە کەیسی خۆدزینەوەی ئیدارەی یانە لە باجی گواستنەوەی نێیمار تێوەگلا، کە لەژێر چاودێری خودی بارتۆمیو و ساندرۆ ڕۆسێلی سەرۆکی پێشوو ئەنجامدرا، سەرەڕای خاوێنبوونەوەیان لە تۆمەتەکان، بەڵام لەڕووی ڕاگەیاندنەوە شکۆی یانەیەکی مێژوویان شکاند.

بارسا گەیت

بارتۆمیو جارێکی دیکە ئابڕوچوونێکی دیکەی خوڵقاند و لە دۆسیەی “بارسا گەیت” تێوەگلا.

دادگای وەرزشی سەرۆکی ناوبراو و ئیدارەکەیی بەوە تۆمەتبارکرد کە لە ڕێگەی پەیج و ئەکاونتی وەهمیەوە سوکایەتی بە یاریزانان و ڕکابەرانی کردووە، دیسانەوە لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەکانەوە کاریزمای بەرشلۆنەی شکاند.

تەنانەت پەیوەندیەکانی بە شێوەیەک لەگەڵ یاریزانان تێکچوو تاوەکو کاتی دەست لەکارکێشانەوەشی نەگەڕایەوە پێگە بەرزەکەی پێشووی، وەرزی ڕابردوو مێسی داوای دەستبەرداربوونی کرد و لەم کەیسەدا نەیتوانی لەگەڵ ئەفسانەیەک بگاتە ڕێککەوتن لەسەر بەردەوامبوونی.

قەیرانەکانی بارتۆمیو و ستافەکەی، شکستەکانیان تاوەکو ئەم ساتەش بەردەوامە و هەمووان چاویان لەسەرئەوەیە سەرۆکێکی نوێ بتوانێت لە گێژاوی شکستە وەرزشیی و داراییەکان ڕزگاریان بکات.

بابەتی پێشتر

نرخی دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی بەرزبووەوە

بابەتی دواتر

كەشناسیی هەرێم: بارانبارین دەستپێدەكاتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share