سوپای پاسداران لە زەریف توڕەیە

لەسەر ئەو تۆمارە دەنگییەی محەمەد جەواد زەریف، كە دزەیكرد و تیایدا باسی قاسم سولەیمانی دەكات، میدیاكانی سەر بە سوپای پاسداران هێرشیان كردە سەر وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەویش وەڵامی دانەوە، دەڵێت، “با كار لەپێناو مێژوودا نەكەین و لە خەڵك بترسین”.

لەچەند رۆژی ڕابردوودا تۆمارێكی دەنگیی محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران دزەیكرد، تیایدا ڕەخنەی ئەوە لە قاسم سولەیمانی دەگرێت، كە لە چوارچێوەی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەكەدا كارینەكردووە و پرسە سەربازی و ئەمنییەكانی پێش دیپلۆماسییەت خستووە.

قسەكانی زەریف بووە مایەی ڕەخنە و هێرشی میدیاكانی سەر بە سوپای پاسداران، بە گومانەوە لە هۆكارەكانی دزەپێكردنی تۆمارە دەنگییەكە دەڕوانن، لەو نێوەندەدا ئاژانسی هەواڵی فارس-ی نزیك لە سوپای پاسداران بەچەند وتارێك وەڵامی قسەكانی وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەی داوەتەوە، دەڵێت، “هەڵوێست و جیاوازییەكانی زەریف لەگەڵ ئاراستەی گشتیی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لای كەس شاراوە نەبووە، بەڵام ئەم تۆمارە دەنگییە هەڵوێستەكانی زیاتر ڕوونكردەوە”.

ئاژانسەكە زیاتر لەوەش ڕۆیشتووە و نوسیویەتی، “بەو تۆمارە دەنگییە و ڕوبەڕوبوونەوەی قاسم سولەیمانیی پاڵەوانی مەیدان، زەریف گەیشتە لێواری ڕووخانی سیاسی”.

ئاژانسی تەسنیم-یش بەهەمانشێوە بە گومانەوە لە دزەپێكردنی تۆمارە دەنگییەكەی ڕوانیوە، پرسیاری ئەوەی كردووە، كە چۆن دەكرێت تۆمار و قسەگەلێكی بەوشێوەیە لەم كاتەدا دزەیپێبكرێت، كە بۆی هەیە كەشی سیاسیی ئێران ئاڵۆزبكات؟

ئاژانسەكەی نزیك لە پاسداران گومانی ئەوەی كردووە، ئامانج لە دزەپێكردنی تۆمارە دەنگییەكە بۆ كاریگەریخستنە سەر هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئێرانە، كە بڕیارە لەمانگی تەمووزی داهاتوو بەڕێوەبچێت.

لای خۆیەوە محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران، زۆر بە كورتی وەڵامی ئەو هێرشانەی میدیاكانی سەر بە سوپای پاسدارانی داوەتەوە، لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئینستاگرام پارچەیەك ڤیدیۆی هەمان چاوپێكەوتنی دزەپێكراوی بڵاوكردوەتەوە، تیایدا دەڵێت، “پێموایە ئێمە نابێت لەپێناو مێژوودا كاربكەین.. با لەبارەی مێژووەوە دوودڵ نەبین، با لە خودا و خەڵك بترسین”.

بابەتی پێشتر

ئەمڕۆ یەکەم ڕوبەڕوبوونەوەی نیوەی کۆتایی چامپیۆنزلیگ ئەنجامدەدرێت

بابەتی دواتر

کانی ماسی.. لە کاتی چاککردنەوەی کارەبای چەند گوندێک بۆمبێک بە کارمەندانی کارەبادا تەقییەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share