چاودێریی بازرگانی: كەس نییە ڕێگری لە بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین بكات

جارێكی دیكە نرخی بەنزین لە هەرێمی كوردستان بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی سلێمانی دەڵێت، “كەس نییە ڕێگری لە بەرزبوونەوەی نرخەكەی بكات”.

ماوەی دوو ڕۆژە جارێكی دیكە نرخی بەنزین لە بەنزینخانەكاندا بەرزبوەتەوە، بۆ هەر لیترێك بەنزین 25 دیناری دیكەی چووەتەسەر.

سۆران عەبدولغەفور، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی سلێمانی ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “بەنزیكەیی ڕۆژانە بەرزبوونەوە لە نرخی بەنزیندا ڕوودەدات و كاری ئێمەش لەئێستادا تەنها ئەوەیە جیاوازیی نرخەكەی لە شوێنێكەوە بۆ شوێنێكی دیكە وەربگرین”.

ئەمڕۆ نرخی بەنزینی نۆرماڵ لە نێوان 650 بۆ 675 دیناردایە بۆ هەر لیترێك، بەنزینی موحەسەن 700 دینار و بەنزینی سوپەریش نرخەكەی گەیشتووەتە 775 دینار.

سۆران عەبدولغەفور وتی، “بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە جیهان و بەرزبوونەوەی دۆلار لەسەر ئاستی عێراق هۆكاری بەرزبوونەوەكانی ماوەی ڕابردوون”.

بۆ ئەم بەرزبوونەوەیەی ئێستاش، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی سلێمانی رایگەیاند، “بۆرسەی ئێران بەرزبووەتەوە، بەهۆی ئەوەی هەرچی بەنزینە لەوێوە بۆمان دێت، ئەوە هۆكارە”.

بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانی ئەوەشی خستەڕوو، پێشتر وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و بەر لەویش حكومەتی عێراق، نەوتی خاو یان بەنزینیان بە نرخی دیاریكراو دەدایە پاڵاوتگە و بەنزینخانەكان و نرخی فرۆشتنیشیان بۆ سنووردار دەكردن، “بەڵام لەئێستادا هیچ كەسێك نییە ڕێگری لە بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین بكات، بەهۆی ئەوەی بەنزینی بازرگانییە، تەنانەت كۆمپانیاكانی كار و قەیوانیش یەك لیتر نادەنە بەنزینحانەكان و بە نرخی بازرگانی بەنزینەكانیان دەفرۆشنەوە”.

ئاماژەی بەوەشكرد، “بۆ نمونە ئەمڕۆ كێشەیەك لە ئێران ڕووبدات، یان كێشەیەكی سیاسی لە عێراقدا ڕووبدات بەنزین لێرە گران دەبێت”.

بەرپرسەكەی چاودێریی بازرگانی جەختیكردەوە، “دەروازەكان بۆ هاوردەكردنی بەنزین و سوتەمەنی كراوەن و هەر بازرگانێك بەنزین بهێنێت، ئێمە ڕێگای پێدەدەین”.

سەرەڕای بوونی بەرهەمی ناوخۆ، بەڵام ڕێژەی 70% تا 80%ی بەنزینی هەرێمی كوردستان لە دەرەوە دەهێنرێت و بە دۆلار دەكڕدرێت، ئەمەش بە هۆكارێكی بەرزبوونەوەی نرخ دادەنرێت.

بابەتی پێشتر

گیگز بە ئابڕوچوونەوە لە پۆستی ڕاهێنەری وێڵز دوورخرایەوە

بابەتی دواتر

بە پێنج گۆڵی دیکە ڕیکۆردێکی 40 ساڵیی تۆماردەکات

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

نرخی بەنزین دادەبەزێت

بڕیارە لە دواینیوەڕۆی ئەمڕۆوە نرخی سەرجەم جۆرەکانی بەنزین لە سنووری سلێمانی داببەزێت. بەهمەن شێخ قادر وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی…
Total
0
Share