بە پێنج گۆڵی دیکە ڕیکۆردێکی 40 ساڵیی تۆماردەکات

ڕۆبێرت لیڤاندۆڤیسکی، هێرشبەری پۆلەندا و یانەی بایرن میونشن

هێرشبەری پۆڵەندی یانەی بایرن میونشن لە پێکان چارەسەربووە و دوای گەڕانەوە بۆ نێو یاریگاکان دەتوانێت ڕیکۆردێکی مێژوویی تۆماربکات.

ڕۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی ڕاپۆرتێکی لەژێر ناونیشانی ” پێنج گۆڵ بۆ نەمری” بڵاوکردووەتەوە، تیایدا ئاماژە بە ڕیکۆردی تۆماری گۆڵەکانی گێرد مولەری ئەفسانەی تۆپی پێی ئەڵمانیا و بایرن میونشن دەدات، کە بۆ ماوەی 40 ساڵە هیچ یاریزانێک نەیتوانیوە هاوتای بکاتەوە.

ڕیکۆردەکەی مولەری ناسراو بە “بۆمبەرمان” بریتی بووە لە تۆمارکردنی 40 گۆڵ لە کۆی 34 ڕوبەڕوبوونەوەدا، لەم وەرزەدا ڕۆبێرت لیڤاندۆڤیسکی هێرشبەری باڤاری لە کۆی 25 ڕوبەڕوبوونەوە 35 گۆڵی تۆمارکردووە، هەروەها هەشت گۆڵی بۆ هاڕێکانی ڕەخساندووە.

بایرن میونشن لەم وەرزەدا 30 ڕوبەڕوبوونەوەی خولی پلە یەکی ئەڵمانیای ئەنجامداوە و بە کۆکردنەوەی 71 خاڵ و جیاوازی 10 خاڵ بەرانبەر لایپزیکی نزیکترین ڕکابەری، لوتکەی خولەکەی گرتووە.

لیڤاندۆڤیسکی لەم وەرزەدا لەبەردەم ڕیکۆردێکی مێژووییدایە

تاوەکو کۆتایی وەرز باڤارییەکان چوار ڕوبەڕوبوونەوەیان لەبەردەمدا ماوە، لیڤاندۆڤیسکی لە پێکان دەگەڕێتەوە و بەشداری یارییەکانی ماینز، مونشنگلادباخ، فرایبۆرگ، ئاوگسبۆرگ دەکات، ئەگەر لەم ڕوبەڕوبوونەوانەدا سەرکەوتووبێت لە تۆمارکردنی پێنج گۆڵ، هاوشانی گێرد مولەری ئەفسانە دەبێتە گۆڵکاری مێژوویی خولی ئەڵمانیا و خولەکانی ئەوروپا.

بابەتی پێشتر

چاودێریی بازرگانی: كەس نییە ڕێگری لە بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین بكات

بابەتی دواتر

کلینزمان دەرگای بۆ تۆتنهام کردەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share