حكومەت تانە لە 10 ماددەی یاسای بودجە دەدات

مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژكاریی دارایی سەرۆكوەزیران

ڕاوێژكارێكی سەرۆكوەزیرانی عێراق دەڵێت، حكومەت لە دادگای فیدڕاڵی تانە لە 10 ماددەی یاسای بودجە دەدات و هەندێك لە هەموارەكان بە ڕێگری لە كاری حكومەت ناودەبات.

مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژكاریی دارایی سەرۆكوەزیرانی عێراق لە لێدوانێكدا، كە ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕۆژنامەی (مەدا) بڵاویكردەوە، ڕایگەیاندووە، حكومەت تانە لە یاسای بودجەی گشتیی فیدڕاڵی ساڵی 2021 دەخاتە بەردەم دادگای فیدڕاڵی، وتیشی، “ئەنجومەنی نوێنەران هەندێك هەمواری بەسەر بودجەدا هێناوە، كە بەربەست و ڕێگری بۆ كاری دەسەڵاتی جێبەجێكردن دروستدەكات، لەوانە زیادكردنی خەرجی و كورتهێنان”.

لە دانیشتنی ڕۆژی سێشەممەی ئەنجومەنی وەزیران، تاوتوێی تانەدان لە یاسای بودجە كرا، ئەنجومەنەكە مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراقی دەستكراوە كرد لە تانەدان لە ماددەكانی یاساكە.

ڕاوێژكارەكەی كازمی پێیوایە، “ئەو زیادانەی ئەنجومەنی نوێنەران لە یاسای بودجەی فیدڕاڵیدا دایناوە، بە دەستتێوەردان لە كاری دەسەڵاتەكان دادەنرێت”، ڕونیشیكردەوە، “حكومەت مافی تانەدان لەو هەمواركردن و زیادكردنانەی هەیە، كە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە كراون”.

دەستووری عیراق، دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی لە زیادكردنی بڕگە بۆ یاسای بودجە داناوە، نەك هەمواركردن، لەحاڵەتی بوونی هەمواریشدا، پێویستە بە ڕاوێژ لەگەڵ حكومەت بێت، بەپێچەوانەی ئەوەشەوە دەسەڵاتی جێبەجێكردن مافی پێشكەشكردنی تانەی بۆ بەردەم دادگای باڵا هەیە، وەك ئەوەی ڕاوێژكارە حكومییەكە ئاماژەی پێدا.

پێشبینیی ئەوەشدەكات، ئەو ماددانەی تانەیان لێدەدرێت، زیاتربێت لە 10 ماددە، دەستووریبوون یان دەستوورینەبوونی جێدەهێڵدرێت بۆ بڕیاری دادگا.

دەستوور لە ماددەی 62دا دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی دیاریكردووە و دەستكراوە نییە، ڕێگە بە گواستنەوە لە بڕگە و ماددەكانی بودجە و كەمكردنەوەی كۆی بڕی پارەكانی دەدات، لەكاتی پێویستیشدا دەتوانێت پێشنیار بۆ ئەنجومەنی وەزیران بكات بۆ زیادكردنی كۆی خەرجی.

بەهەمان شێوە دەستوور سەنەدی یاسایی دەداتە حكومەت بۆ تانەدان لەبەردەم دادگای باڵا بۆ ڕەتكردنەوە و پوچەڵكردنەوەی ئەو حوكمانەی پەرلەمان بۆ یاسای بودجە زیادیدەكات بەپێی ماددەی 13 لە دەستوور، بەهۆی نادەستووریبوونیانەوە.

بابەتی پێشتر

نێیمار چانسێکی دیکە بە بەرشلۆنە دەدات

بابەتی دواتر

خولەکانی هۆڵەندا و بەلجیکا یەکدەخرێن؟

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

سودانی دەیەوێت سەدر ڕازیبكات

محەمەد شیاع سودانی كاندیدی پۆستی سەرۆك وەزیران، هەوڵی بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی موقتەدا سەدر رێبەری ڕەوتی سەدر دەدات و مەرجەكانی…
Total
0
Share