سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە لەگەڵ کونسوڵ و نوێنەری وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و ڕایگەیاند کە هەرێمی کوردستان ئامادەیی تێدایە بۆ پابەندبوون بە یاسای بودجە و داوایکرد حکومەتی فیدراڵیش شایستە داراییەکانی هەرێم بنێرێت.
لە ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەکەدا هاتووە، “لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی هەرێمی کوردستان و پەیوەندی لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا تاووتوێ کرا”.
ئاماژە بەوەشکراوە کە سەرۆکی حکومەت پابەندبوونی هەرێمی کوردستانی بە جێبەجێکردنی یاسای بودجەی فیدراڵی دووپاتکردەوە و داواشی کرد لە بەرامبەردا ، حکومەتی فیدراڵی پابەندبوونەکانی خۆی بەرامبەر هەرێمی کوردستان بۆ ناردنی شایستە داراییەکان جێبەجێ بکات.
مەسرور بارزانی باسیلەوەکردووە کە ماوەی 10 مانگ دەبێت، حکومەتی فیدراڵی، هیچ بەشە موچەیەکی بۆ هەرێمی کوردستان نەناردووە.
هیواشی خواست پەسەندکردنی یاسای بودجە، ببێتە دەستپێکێکی باش بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی تر بە شێوەیەکی بنەڕەتی و لە سەر بنەمای دەستوور، بە تایبەتی جێبەجێکردنی ماددەی 140 و ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، کە کاریگەرییەکی ئەرێنی لە سەر سەقامگیریی و ئاسایش و ئارامیی عێراق دەبێت.
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەشدا کە حکومەتی هەرێمی کوردستان ، هەموو ئاسانکارییەکی پێویست پێشکەشی وەبەرهێنەرانی بیانی و ناوخۆ دەکات بۆ پەرەپێدانی وەبەرهێنان لە هەموو بوارەکاندا .