وتەبێژی بارەگای بارزانی داوای لێبوردن لە كازمی دەكات

مستەفا كازمی و مەسعود بارزانی

دواى ئەوەی دوێنێ لە چاوپێکەوتنێکی میدیاییدا ڤیان دەخیل، وتەبێژی بارەگای بارزانی، ڕەخنەی توندی لە مستەفا كازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق گرت به‌وه‌ى “سەرۆك وەزیران دەسەڵاتی نییە و سەركەوتوو نەبووە لە كارەكانیدا”، لە ڕوونكردنەوەیەكدا ڤیان ده‌خیل پەشیمانی لەو قسانەی دەردەبڕێت.

ڤیان ده‌خیل ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 19ى ئاب له‌ ڕوونكردنەوەكه‌یدا ڕایگه‌یاندووه‌، “ئێزییه‌كان 73 كۆمه‌ڵكوژییان به‌سه‌رداهێنراون و زۆریان چه‌شتوون، ته‌نها ئه‌وه‌ی له‌وان بێت هه‌ست به‌ مه‌رگه‌ساتیان ده‌كات، به‌ڕێز مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیران، تۆ یه‌كه‌م سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق بوویت سه‌ردانى شه‌نگال بكات، گرنگیدانت به‌ نه‌هامه‌تییه‌كانى خه‌ڵكه‌كه‌ى زۆر ڕوونه‌ و سوپاس بۆ تۆى پایه‌دار”.

له‌درێژه‌ی ڕوونكردنه‌وه‌كه‌یدا ڤیان ده‌خیل جه‌ختیكردووه‌ته‌وه‌، “ئه‌وه‌ی دوێنێ له‌ میدیاوه‌ وتم، لەزارم دەرچوو، له‌زارده‌رچوونى خانمێكی ئێزیدی بوو كه‌ سۆزى به‌سه‌ر سیاسه‌تیدا زاڵبوو و ئه‌وه‌ی لێكه‌وته‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌ تۆ”.

دوابه‌دواى ئه‌وه‌ و له‌كۆتایی ڕوونكردنه‌وه‌كه‌یدا وتەبێژی بارەگای بارزانی ده‌ڵێت، “بۆیە داوای لێبوردن دەكەم گه‌ر دەربڕینی زمانم خیانەتی لێكردبم له‌وه‌ى كه‌ وتم، دەستی هاوكارییشم بۆ لای به‌ڕێزتان درێژدەكەم بۆ كۆتاییهێنان بە مەرگەساتی شەنگال و خەڵكەكەی”.

دوێنێ چوارشه‌ممه‌ له‌ چاوپێكه‌وتنى له‌گه‌ڵ كه‌ناڵێكی ته‌له‌ڤیزیۆنیدا ڤیان ده‌خیل وتى، “كازمى له‌ سیاسه‌تى ناوخۆدا شكستیهێناوه‌ و حه‌شدی شه‌عبى گوێرایه‌ڵى نین، بۆیه‌ نابێت خۆى به‌ سه‌رۆك وه‌زیران ناوزه‌د بكات”.

بابەتی پێشتر

مه‌ترسیداره‌ بۆ ته‌ندروستیی مرۆڤ<br> ڕوسیا ئامادەكاری بۆ تاقیكردنەوەی مووشەكێكی ئەتۆمی دەكات

بابەتی دواتر

عێراق.. ئەمجارە لە كەربەلا تاوەری كارەبا كرایە ئامانج

بابەتی پەیوەندیدار