دۆسیەی دەستگیركراوانی بادینان بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە

دەستگیركراوانی بادینان فۆتۆ: كەركوك ناو

سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو مانگ بەسەر داواكاری پێداچوونەوە بە بڕیاری سزادانی پێنج دەستگیركراوی بادینان، هێشتا هیچ بڕیارێك لەلایەن دەستەی دادگاوە دەرنەچووە و پارێزەری دۆسیەكەش دەڵێت، داوایەكمان پێشكەشكردووە بۆ ئەوەی دۆسیەكە بدرێتە دەستەیەكی فراوانتر.

بەشدار حەسەن، پارێزەری دۆسیەی دەستگیركراوانی بادینان ئەمڕۆ یەكشەممە 18ی نیسان بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، دۆسیەكە لە دەستەی دادگەری دوو لە بەردەم ئەندامانی دەستەكەیە و هێشتا هیچ بڕیارێكی نوێ دەرنەچووە.

ئەمەش دوای ئەوە دێت پاش دەرچوونی سزای پێنج لە بەندكراوان هەریەك لە (شێروان شێروانی، شڤان سەعید، ئەیاز كەرەم، هەریوان عیسا و گۆهدار زێباری) لە 16ی شوباتی ڕابردوو، لەلایەن پارێزەرانیانەوە داوای پێداچوونەوە (تەممیز)ی بڕیارەكە كرا.

بڕیاریشە پاش پێداچوونەوە بە بڕیارەكەدا، دەستەكە بڕیاری كۆتایی لەسەر بدات، وەك ئەوەی بەشدار حەسەن ئاماژەی پێدا.

ئاشكراشیكرد، “پێشتر داوایەكمان پێشكەشكرد بۆ ئەوەی پێداچوونەوەكە بدرێتە دەستەیەكی فراوانتر، بەڵام وەڵامی داواكارییەكەمان نەدراوەتەوە”.

جگە لەو دەستگیركراوانەی بڕیاری دادگایان بۆ دەرچووە، ژمارەیەك دەستگیركراوی دیكەی بادینان لە بەندینخانەكاندان و دۆسیەكانیان بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە. ئەو پارێزەرە وتی، “دۆسیەی یانزە كەسی دیكەمان لەبەردەستدایە، ئەوە نزیكەی دوو مانگە نوسراوی وەكالەتمان ناردووە و نایگەڕێننەوە بۆمان”.

خۆپیشاندانێكی پشتیوانی لە دەستگیركراوانی بادینان

هەڵمەتی دەستگیركردنی چالاكوان و رۆژنامەنوسان پاش خۆپیشاندانێكی ناڕەزایی بوو كە لە 19ی ئابی 2020 لە زاخۆ ئەنجامدرا و دواتر توندوتیژی لێكەوتەوە و بەریەككەوتن لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزەكانی پۆلیسدا رویدا.

زۆرینەی ئەو دەستگیركراوانە تۆمەتی “تێكدانی ئاسایش و ئاژاوەگێڕی”یان روبەڕووكراوەتەوە، لەنێویاندا پێنج كەسیان لە ناوەڕاستی شوباتی رابردوو بە شەش ساڵ زیندانیكردن سزادران و لەئێستاشدا بڕیارەكە لە بەردەم پێداچوونەوەدایە.

دوابەدوای دەرچوونی بڕیارەكە فشارە ناوخۆیی و دەرەكییەكان دەستیانپێكرد، دەربارەی كاریگەربوونی ئەو جۆرە هەوڵ و فشارانە، پارێزەری دۆسیەكە دوپاتیكردەوە كە بێگومان كاریگەری دەبێت و چاوەڕوانی ئەنجامی باش دەكەن.

ئەوەشی وت، “بڕیاری پێداچوونەوە هیچ وادەیەكی دیاریكراوی نییە، دۆسیە هەیە ساڵ و نیوێكی خایاندووە، دۆسیەش هەیە بە دوو یان سێ مانگ بڕیاری كۆتایی دەرچووە”.

لەماوەی رابردوودا چەندین گردبوونەوە و چالاکیی جۆراوجۆر لە ناوخۆ و وڵاتانی ئەوروپا و جیهان دژ بە دەستگیرکردن و سزادانی ئەو ڕۆژنامەنووس و چالاکوانانە بەڕێوەچوو، هەروەها ژمارەیەك رێكخراوی جیهانی راپۆرتیان لەسەر کەیسەکە بڵاوکردوەتەوە، جگە لە هەوڵ و فشاری كونسوڵی وڵاتان بۆ سەر دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تا سزای سزادراوان هەڵوەشێنێتەوە.

لە 19ی شوباتی ڕابردوو باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد، راگەیەندراوێكی لەبارەی دەستگیركراوان بڵاوكردەوە و ئاشكرایكرد، “لە نزیكەوە چاودێریی دەستگیركردنەكانی ئەمدواییانەی رۆژنامەنوس و چالاكوانان و دادگاییكردنیانمان كرد. ئەمریكا بە بەردەوامی لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا گفتوگۆی كردووە لەبارەی ئازادیی بیروڕا، لەنێویشیاندا ئازادیی بیروڕای رۆژنامەنووسان و ئەمریكا لەسەر هەمان ڕێباز بەردەوام دەبێت”.

باڵیۆزخانەی ئەمریكا دوپاتیشیكردووەتەوە، “كۆمەڵگە دیموكراتەكان، رێز لە ئازادیی بیروڕا دەگرن و پشتیوانی لە توانای رۆژنامەنوسان دەكەن لەپێناو گواستنەوەی هەواڵ بەبێ ترس و تۆڵەسەندنەوە”.

لای خۆیەوە رێكخراوی CPT، كە رێکخراوێکی نێودەوڵەتی بواری مافەکانی مرۆڤە، لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، پارێزەرانی ئەنجومەنی ئاسایش ھیچ بەڵگەیەکی ڕاستەوخۆ و بڕواپێھێنەریان پێشکەشنەکرد کە تۆمەتەکانیان بۆ چالاکوانان و رۆژنامەوانانی بادینان بسەلمێنێت.

دەشڵێت، “ئەندامانی تیمی CPT بەقوڵی نیگەرانی خۆیان دەردەبڕن سەبارەت بەم پڕۆسەیە کە تیایدا مافە مەدەنی و سەرەتاییەکان بە ئامانج دەگیرێن و دەبنە ھۆی تێکدانی ژیانی ئەوانەی کە راستییەکان ئاشکرادەکەن و بەڕووی توندوتیژیدا دەوەستنەوە”.

داواش لە حكومەتی هەرێم دەكات، دەستبەجێ (بەدەل بەرواری، ئومێد بەڕوشکی، ئەیاز کەرەم، گوهدار زێباری، شڤان سەعید و هاریوان عیسا) لە زیندان ئازادبکات.

بابەتی پێشتر

میلان 2-1 جێنەوا

بابەتی دواتر

دووەم كاروانی ڤاكسینی فایزەر گەیشتە عێراق

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بافڵ جەلال تاڵەبانی: دەبێت هەڵبژاردن بە شێوەیەك بێت گەشەكردنی هەرێمی كوردستان و بەهێزكردنی پایەكانی دیموكراسی بە دوای خۆیدا بهێنێت

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەگەڵ سەید عەمار حەكیم، سەرۆكی رەوتی حیكمە لە بەغداد كۆبووەوە. لە…
Total
0
Share