وەزارەتی کارەبا: سیستمی پریپەید لە سەرتاسەری هەرێم جێبەجێدەکەین

وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، سیستمی پریپەید کە پێیدەڵێن پێوەری زیرەک سەرکەوتنی زۆری بەدەستهێناوە و لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان جێبەجێی دەکەن.

لە ڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی کارەبا گرنگی و سوودەکانی سیستمی پریپەیدی بڵاوکردووەتەوە، ڕایگەیاندووە، سیستمەکە لە دهۆک گەیشتووەتە 90%، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر زیادبوونی کارەبا هەیە، هەروەها کارەبا کەمتر بەفیڕۆدەدرێت.

ئاماژە بەوەشکراوە، بەهۆی سیستمەکەوە سوتان و لەکارکەوتنی تەلی کارەبا بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمدەبێتەوە، سیستمەکە لە سەرتاسەری هەرێم جێبەچیدەکرێت و بەوەش پارەی کارەبا دەکرێت بە پێشوەختە واتە کرێی کارەبا مانگانە پێشوەخت وەردەگیرێت.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

یه‌كێك له‌ پڕۆژە‌ گرنگەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، دانانی سیستەمی سمارت میته‌رزی کارەبایە، كه‌ پێوه‌ری زیره‌كی پێ ده‌ڵێن و ئێستا ڕێژەی دانانی ئەم سیستەمە لە پارێزگای دهۆك گەیشتووەتە ٩٠% و بڕیار وایە له‌ سه‌رجه‌م هه‌رێمی كوردستان جێبەجێ بکرێت.

سوودەكانی ئەم سیستەمە

سیستەمەکە چەند سوودێکی هەیە کە کاریگەری راستەوخۆیان لە سەر زیادبوونی کارەبای نیشتمانی هەیە، لە هەمان کاتدا کارەبا کەمتر لەلایەن هاووڵاتییانەوە بەفیڕۆدەدرێت. سوودێکی دیکەی سیستەمەکە ئەوەیە؛ پسوولەی خوێندنەوەی کارەبا و زانیارییەکان بەشێوەیەکی ئەلیکترۆنی و راستەوخۆ لە ماڵانەوە دەبێت، لەبری ئەوەی فەرمانبەرێک بچێت بۆ دیاریكردنی بڕی پارەی كارەبای بەكارهاتوو. هەر بەهۆی ئەو سیستەمەوە سووتان و له‌كاركه‌وتنی ته‌لی كاره‌با به‌ ڕێژە‌یه‌كی بەرچاو كه‌م دەبێتەوە، ئێستاش هەوڵەکان بۆ ئەوەن کە سیستەمە بكرێتە پریپەید، واتە وەرگرتنی كرێی مانگانەی كارەبا بە شێوەى پێشوەختە.

سیستەمی پریپەید لە دهۆك

سیستەمی پریپەیدی کارەبا لە دوو شوێنی دهۆک جێبەجێکراوە و سەرکەوتنی بەرچاوی تۆمارکردووە.

لە سه‌نته‌ری بازاڕی دهۆك، ٣ هەزار و ١١٨ هابەشی کارەبا هەیە کە به‌ ڕێژە‌ی ٨٠%، سیستەمەکەى تێدا جێبەجێ کراوە. ئه‌و بازاڕە ٨ مێگاوات کارەبای پێویسته‌ و ده‌توانرێت بۆ ماوه‌ی ٢٤ كاتژمێر كاره‌بای بۆ دابین بكرێت، واته‌ هاووڵاتیی یان هاوبه‌ش ده‌توانێت كارتێك لە سەنتەرەکانى فرۆشتن کە هەر لە نێو بازاڕەکە دانراوە، بكڕێت و ئاگاداری به‌كارهێنانی بڕى کارەباکەى و بڕى ماوەى بێت.

لە هەمان کاتدا ئەم سیستەمە لە‌ (ئه‌ڤڕۆ سیتی)ـش لە دهۆک لەجێبەجێکردندایە کە  ٤ هەزار و٥٨٦ هاوبه‌شى هەیە و نزیكه‌ی ٩٨%ـی كاره‌كانى دانانى سیستەمەکە جێبه‌جێ كراوە.

هاووڵاتیان به‌م سیستەمه‌ دڵخۆشن

بەهۆى گەڕانەوەى کارەبایەکى زۆر و بەفێڕۆنەچوونى، لەهەمان کاتدا بەهۆی کەمى سووتان و بەردەوامیى کارەبا لەڕێگەی سیستەمەکەوە، هاووڵاتیان دڵخۆشن بەم گۆڕانکارییە بنەڕەتییە، چونکە خۆیان دەبنەوە کۆنتڕۆڵکەرى کارەباکەیان و لەمەودا بەپێى پێویستى خۆیان کارەبا دەکڕن و بەکاریدەهێنن و چیتر فەرمانبەرى گەڕۆک ناچێتە نێو سنوورى ماڵەکانیان و مەترسى و سووتانى کارەبا و وایەرە سەرەکییەکانیشیان کەم دەبێتەوە و لە هەمووشى گرنگتر پێویستیان بە مووەلیده‌ نابێت. بوونى ئەم سیستەمە نەبووەتە هۆى بارگرانی لەسەر هاووڵاتییان، چونکە هیچ بڕە پاره‌یەک لە كرێی كاره‌باوە زیاد نەکراوە و بە هه‌مان نرخی ئێستایە.

ئەنجامێکى باش و گشتگیرگردنى

ئەنجامی دانانی ئەو سیستەمە ئەرێنى و دڵخۆشکەر بووە هەم بۆ هاووڵاتییان و هەم بۆ خودى حکومەت. بۆیە له‌م پێناوه‌دا كاره‌كان له‌ پارێزگای دهۆك به‌رده‌وامن و كۆمپانیاى جێبەجێکار لە ژێر چاودێریى حکومەت، بەردەوامە لە ڕوونكردنەوە و هۆشیارکردنەوەى هاوبه‌شان له‌باره‌ی چۆنیەتى به‌كارهێنانی ئه‌و سیستەمه‌. بڕیاریش وایە لەدوای تەواوبوون و دانانى سیستەمەکە بە تەواوى لەو دوو شوێنەی پارێزگای دهۆك، لە شوێنی دیکە هه‌مان سیستەمی پریپه‌ید جێبه‌جێ بكرێت.

بابەتی پێشتر

لە چەمچەماڵ کەسێک بە ڕووداوی هاتوچۆ گیانیلەدەستدا

بابەتی دواتر

ئایا شکست بە مەرگ دەهێندرێت؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share