ئەمشەو، پێنجشەممە چوار ڕوبەڕوبوونەوەی یەکلاکەرەوەی گەڕانەوەی قۆناغی چارەکی کۆتایی خولی ئەوروپی “یوروپا لیگ” ئەنجامدران، یانەکانی مانچستەر یونایتد و ئارسیناڵ و ڕۆما و ڤیاڕیاڵ سەرکەوتنیان بۆ قۆناغی نیوەی کۆتایی مسۆگەرکرد.
لە گرنگترین یاریدا، یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی لە یاریگای ئۆڵدترافۆرد میوانداری غەڕناتەی ئیسپانی کرد و یاریی نێوانیان بە ئەنجامی (2-0) لەبەرژەوەندی ئینگلیزەکان کۆتاییهات، گۆڵەکان لە خولەکی شەش و 90 لەلایەن ئیدینسۆن کاڤانی و خیسۆز فایخۆ (بەهەڵە) تۆمارکران.
لە ڕوبەڕوبوونەوەیەکی بەهێزی دیکەدا، ئارسیناڵ یانەی سلاڤیا پراگی چیکی لەناو یاریگای خۆیدا گۆڵباران کرد و بە ئەنجامی چوار گۆڵی بێوەڵام بردنەوەیان تۆمارکرد، گۆڵەکان لە خولەکەکانی 18 و 21 و 24 و 77 لەلایەن نیکۆلاس پیپی، ئەلیکساندەر لاکازێت (دوو گۆڵ) و بوکایۆ ساکاوە تۆمارکران.
لە ڕوبەڕوبوونەوەی سێیەمدا یانەی ڤیاڕیاڵی ئیسپانی لە یاریگای لا سیرامیکا بە ئەنجامی دوو گۆڵ بەرانبەر گۆڵێک لە دینامۆ زاگریبی کرواتی بردەوە، گۆڵەکانی ڤیاڕیاڵ لە خولەکەکانی 36 و 43 لەلایەن پاکۆ ئالکاسێر و جێرارد مۆرینۆ، تاکە گۆڵەکەی دینامۆ لە خولەکی 74 لەلایەن میسلاڤ ئۆرسیچەوە تۆمارکران.
یانەی ڕۆما لە ئۆڵۆمپیکۆ بەهەمان شێوە یارییەکی یەکلاکەرەوەی بەرانبەر ئەیاکس ئەمستەردامی هۆڵەندی ئەنجامدا، یاری نێوانیان بە ئەنجامی (1-1) کۆتاییهات، گۆڵەکەی ڕۆما لە خولەکی 72 لەلایەن ئیدین جیکۆ و گۆڵەکەی ئەیاکس لە خولەکی 49 لەلایەن براین بروبیەوە تۆمارکران.
بەپێی ئەنجامە تۆمارکراوەکان و بە کۆی ئەنجامی یاری چوون و گەرانەوە، یانەکانی مانچستەر یونایتد، ئارسیناڵ، ڕۆما، ڤیاڕیاڵ سەرکەوتنیان بۆ چوارگۆشەی زێڕینی یوروپا لیگ مسۆگەرکرد.
یارییەکانی قۆناغی نیوەی کۆتایی بەم شێوەیە دەبێت:
(29/4/2021) یاری چوون
مانچستەر یونایتد – ڕۆما (10:00)
ڤیاڕیاڵ – ئارسیناڵ (10:00)
(6/5/2021) یاری گەڕانەوە
ئارسیناڵ – ڤیاڕیاڵ (10:00)
ڕۆما – مانچستەر یونایتد (10:00)