فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان داوای لێكۆڵینەوەی خێرا لەو هێرشانە دەكات كە شەوی ڕابردوو لە هەولێر و باشیك ڕویاندا.
لیوا یەحیا ڕەسوڵ، وتەبێژ بەناوی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە 15ی نیسان لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، مستەفا كازمی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان داوایكردووە لێكۆڵینەوەی بەپەلە بكرێت لەو هێرشانەی لە هەولێر و ناوچەكانی دیكە ئەنجامدراون و، دوپاتیكردوەتەوە كە ئاسایشی عێراق لە ئەستۆی حكومەت و هێزە ئەمنییەكانی عێراقدایە بە سەرجەم پێكهاتەكانیەوە.
كازمی دوپاتیشیكردوەتەوە، “ئەم جۆرە لە كاری تیرۆرستی” كە لە مانگی رەمەزاندا ئەنجامدەدرێت، ئامانجەكەی تێكدانی ئاسایشە.
فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان ئەوەشی وت، هەندێك دەیانەوێت ئاژاوە بنێنەوە و ئاسایش و سەقامگیری تێكبدەن، ئەمەش كارێكی ڕەتكراوەیە و یاسا و یەكگرتوویی گەلی عێراق ڕەتیدەكاتەوە.
شەوی ڕابردوو هێرشێك بۆ سەر فڕۆكەخانەی هەولێر ڕویدا، بەپێی وەزارەتی ناوخۆ هێرشەکە لەڕێگەی درۆنی TNT کراو بووە و ئاراستەی بنکەی هێزەکانی هاوپەیمانان کراوە لەناو فڕۆکەخانە.
هەر شەوی ڕابردوو بنكەی زلیكان لە ناحیەی باشیك، كە دەكەوێتە باكووری موسڵ و هێزەكانی توركیای تیایە لەڕێی چەند موشەكێكەوە هێرشی كرایەسەر.
بەپێی زانیارییەكان دوو لە موشەكەكان لەنێو بنكە سەربازییەكە كەوتووەتە خوارەوە و موشەكێكیش لە ناوچەیەكی دانیشتووان نشین كەوتووەتەوە و بەهۆیەوە منداڵێكی تەمەن 12 ساڵان برینداربووە.