كۆمسیۆن: سبەی دوایین وادەی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەرانە

داوا لە هاوڵاتییان دەكرێت ڕوو لە ناوەندەكانی تۆمار بكەن

وادەی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران سبەی كۆتایی دێت و بەرپرسانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانیش داوا لە هاوڵاتیان دەكەن ڕوو لە ناوەندەكانی تۆمار بكەن.

چاوان خەلیل، بەڕێوبەری یەكێك لە ناوەندەكانی تۆماری دەنگدەران لە سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، لەئێستادا ناوەندەكانی تۆمار قەرەباڵەغی پێوە دیارە و ژمارەیەك لە هاوڵاتیان بۆ یەكلاكردنەوەی تۆمارەكانیان ڕوویان لێكردوون.

وتیشی، “سبەی كۆتا ڕۆژی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەرانە، داوا لە هاوڵاتییان دەكەین سەردانی ئەو ناوەندانە بكەن كە بۆ ئەو مەبەستە كراونەتەوە”.

بۆ نوێكردنەوەی تۆمار، ئەو هاوڵاتییانەی پێشتر خۆیان لە تۆماری بایۆمەتری تۆماركردووە، تەنها پێویستە بەڵگەنامەیەكی فەرمی وەك پێناسی باری شارستانی یان ڕەگەزنامە و كارتی دەنگدانیان پێبێت، ئەو هاوڵاتییانەش خۆیان تۆمارنەكردووە پێویستە پێناسی باری شارستانی یان ڕەگەزنامە یان كارتی نیشتیمانی و كارتی زانیاری و فۆڕمی خۆراكیان پێبێت، وەك ئەوەی چاوان خەلیل باسیكرد.

بۆ نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران 79 ناوەند لە سلێمانی كراونەتەوە و لەماوەی ڕابردوودا نزیكەی 150 هەزار كەس سەردانی ناوەندەكانیان كردووە و گرفتی ناو و ناسنامەی نزیكەی 60 هەزار كەس چارەسەركراوە.

ئامانج عەزیز، بەرپرسی ئۆفیسی سلێمانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، تۆماری بایۆمەتری لە ساڵی 2014ەوە دەستمان پێكردووە و تا پێش هەڵبژاردن بڕیار لەلایەن ئەنجومەنی كۆمسیارانەوە دەوەستێندرێت.

وتیشی، “پێدانەوەی كارتی بایۆمەتری بەردەوام دەبێت، بۆ ئەو هاوڵاتییانەی خۆیان تۆماركردووە و داوایان لێدەكەین ڕوو لە ناوەندەكان بكەن بۆ وەرگرتنەوەی كارتەكانیان”.

بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە بڕیارە لە 10ی تشرینی یەكەمی داهاتوو بەڕێوەبچێت یەك ملیۆن و 361 هەزار كەس لە سلێمانی مافی دەنگدانیان هەیە.

بابەتی پێشتر

سریلانكا 11 ڕێكخراوی ئیسلامی قەدەغە دەكات

بابەتی دواتر

هاوشێوە ئەمریكییەكەی سلێمان هەڵشۆیی كۆچی دواییكرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share