حکومەتی ھەرێم بەشداری لە کۆبوونەوەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان دەکات

حکومەتی ھەرێم بەشداری لە کۆبوونەوەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان، تایبەت بە خولی 19ی ڕێککەوتننامەی پاراستنی کەسەکان لە شوێنبزرکردنی زۆرەملێ دەکات.

دینداری زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، بەشداریکردنی ھەرێم لە چوارچێوەی لیژنەی نوسینەوەی ڕاپۆرتەکانی تایبەت بەو ڕێککەوتننامە و پەیماننامە نێودەوڵەتییانەیە کە حکومەتی عێراقی فیدراڵ ئەندامە تیایدا و لە کۆبوونەوەکاندا حکومەتی ھەرێم وتاری خۆی پێشکەش دەکات بە مەبەستی خستنەڕووی پابەندبوونەکانی ھەرێمی کوردستان تایبەت بەو ڕێککەوتننامەیە.

دیندار زێباری ئەوەیشی خستەڕوو، لە گفتوگۆکاندا ئەو نەھامەتیانە دەخرێنەڕوو کە ڕووبەڕووی گەلی کورد بوونەتەوە، چونکە گەلی کورد بەدرێژایی مێژوو ڕووبەڕووی گەورەترین و مەترسیدارترین ھێرشی کۆمەڵکوژی بوەتەوە لەسەر دەستی ڕژێمە یەک لە دوا یەکەکانی عێراق تا ڕژێمی بەعس لە ساڵی 2003، یەکێک لەو تاوانانەی کە پیادەکرا بریتی بوو لە شوێنبزرکردنی زۆرەملێ و تیایدا بە ھەزاران کەس لە عێراق بوونە قوربانی کە بەشی ھەرەزۆریان لە کوردستان بوون.

ئەوەیشی ئاشکراکردووە کە لە میانی کۆبوونەوە و گفتوگۆکاندا، شاندی حکومەتی ھەرێم تیشک دەخاتەسەر ئەوەی گەلی کوردستان بە گشت پێکھاتە ئایینی و نەتەوەییەکانییەوە گەورەترین قوربانی تاوانی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ بوون بە درێژایی مێژووی عێراق کە ئەمەش خۆی دەبینێتەوە لە پڕۆسەی بەدناوی ئەنفال و شوێنبزرکردنی کوردە فەیلییەکان لەنێوان ساڵانی 1980-1990 و ئەنفالکردنی ھەشت ھەزار بارزانی و 182 ھەزار کوردی بادینان و گەرمیان، ئەم تاوانانە دژ بە گەلی کورد بە کۆتایی ھاتنی ڕژێمی بەعس کۆتاییان نەھات، بەڵکو دوای ھێرشی تیرۆریستانی داعشیش بەردەوام بوو و بە ھەزاران ھاوڵاتیی کوردی ئێزدی بێسەروشوێن کرد.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە ڕاگەیەندراوەکەیدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەتایبەتی لەسەر ئاستی نەتەوەیەکگرتووەکان لە نزیکەوە ئاگاداری ئەو تەحەدیاتانە بێت کە ڕووبەڕووی ھەرێم بوونەوە و مامەڵەی یاسایی بەپێی پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ لەگەڵ گیراوانی داعش.

بڕیاروابوو لە سەرەتای مانگی نیسان کۆبوونەوەکانی خولی 19ی لیژنەی تایبەت بە ڕێککەوتننامەی پاراستنی ھەموو کەسەکان لە شوێنبزرکردنی زۆرەمڵی لە بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان لە جنێڤ بە بەشداری شاندی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت، بەڵام بەھۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا کۆبوونەوەکان دواخرا و بڕیاردرا لە ڕۆژانی پێنج و حەوتی تشرینی یەکەم لە بارەگای یۆنامی لە بەغدا ئەنجام بدرێت.

بابەتی پێشتر

سەبارەت بە تایبەتکردنی کەرتی کارەبا ڕوونکردنەوە دەدرێت

بابەتی دواتر

گەنجێکی تەمەن 23 ساڵ لە لایەن چەند کەسێکەوە کوژرا

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

له‌ هه‌ولێر پێنج کەس بەتۆمەتی دەستکاریکردنی پێوەری زیرەکى كاره‌با دەستگیرکران

لیژنه‌كانى قائیمقامییه‌تى هه‌ولێر پێنج کەسیان بەتۆمەتی دەستکاریکردنی پێوەری زیرەکى كاره‌با دەستگیرکرد. نوسینگه‌ى ڕاگەیاندنی پارێزگاری هەولێر له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ى…
Total
0
Share