هاوسەرۆكی یەكێتی پیرۆزبایی ئاراستەی ئیزدییان دەكات و بەڵێنی خۆیشی دووپاتدەكاتەوە لەسەر پاڵپشتی و پشتگیری داواكانیان.
بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە 13ی نیسان پەیامێكی بڵاوكردەوە و تیایدا هاتووە، “بەبۆنەی جەژنی سەری ساڵی ئێزدییەوە پیرۆزباییەکی گەرم ئاراستەی خوشک و برایانی ئێزدی لە کوردستان و جیهان دەکەم و هیوادارم جەژنێکی پڕ خۆشی و کامەرانیتان هەبێت”.
بافڵ تاڵەبانی دەشڵێت، کوردانی ئێزدی پێکهاتەیەکی گرنگ و کاریگەری کوردستانن و وڵاتەکانمان بە ئەوانەوە جوانتر و فرەڕەنگترە.
“ئێمە ئازار و نەهامەتییەکانی خوشک و برایانی ئێزدیمان لەیادنەکردووە، دەزانین لە رابردوودا زوڵم و ستەمێکی زۆریان بەرامبەر کراوە و قوربانی زۆریان داوە. بۆیە بە ئەرکی خۆمان دەزانین هەموو هەوڵەکانمان لەپێناو دابینکردنی ژیانێکی شایستە و خۆشگوزەران بۆ خوشک و برا ئێزدییەکانمان چڕبکەینەوە و هەنگاوی جدی بنێین بۆ گەڕانەوەی ئەو ئازیزانەمان کە تاوەکو ئێستا چارەنووسیان نادیارە” هاوسەرۆكی یەكێتی وادەڵێت.
جەختیشیدەكاتەوە، “دەمەوێت بەڵێنی خۆم بۆ سەرجەم خوشک و برایانی ئێزدی دووپاتبکەمەوە کە خۆم بە پاڵپشت و هاوکاری ئێوە دەزانم و پشتگیری داوا ڕەواکانتان دەکەم”.