كەمی باران و كەمبوونەوەی ئاوی زێ و دەریاچەكان مەترسی لەسەر كەرتی كشتوكاڵ و ئاژەڵداری لە گەرمیان دروستكردووە و ئیدارەی ناوچەكەش ڕێوشوێنە پێویستەكان دەگرێتەبەر و داوای بودجەی تایبەت لە حكومەت دەكات.
عەباس ئەنوەر، وتەبێژی ئیدارەی گەرمیان ئەمڕۆ سێشەممە 13ی نیسان بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، بەپێی ڕاپۆرتی بەڕێوبەرایەتی كشتوكاڵ و فەرمانگە پەیوەندیدارەكان، گەرمیان ئەمساڵ توشی وشكەساڵی بووە و ئەمڕۆ بە فەرمی ئەو پرسەمان ڕاگەیاند.
ڕونیشیكردەوە، ئەمڕۆ سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان لەگەڵ بەڕێوبەری فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی كشتوكاڵ و ئاو و ئاودێری و بەنداوی دەربەندیخان و بەڕێوبەری ناحییەكان كۆبووە و تیایدا هەریەك لە بەشداربووان ڕاپۆرتی خۆیان پێشكەشكرد تایبەت بە وشكەساڵی و ئەو هەنگاوانەی پێویستە بگیرێنەبەر.
عەباس ئەنوەر ئەوەشی وت، “ئیدارەی گەرمیان كۆی ئەو ڕاپۆرتانە وەردەگرێت و لە دووتوێی ڕاپۆرتێكی تایبەتدا پێشكەشی حكومەتی دەكات و لە چوارچێوەیشیدا داوای بودجەیەكی تایبەت بە وشكەساڵی بۆ گەرمیان دەكرێت”.
پێشتر ئەكرەم ئەحمەد، بەڕێوبەری گشتیی بەنداوەكانی هەرێم بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “بارودۆخی بەنداوەكان زۆر خراپن و داهاتی ئاومان زۆر كەمە، نیوەی ساڵی پار باران باریوە، بەنداوە بچوكەكان باشترن، بەڵام بەنداوە گەورەكان زۆر خراپن”.
ئەوەشی خستەڕوو، “ئەمساڵ بەگشتیی سەرچاوەكانی ئاومان خراپن، لە هەولێر و گەرمیان و چەندین ناوچەی هەرێم وشكەساڵی ڕاگەیەندراوە، لە هەرێمی وشكەساڵی ڕێژەییمان هەیە و وشكەساڵی كشتوكاڵی ڕویداوە”.
سەبارەت بە كاریگەرییەكانی وشكەساڵی و كەمبوونەوەی ئاوی بەنداوەكان، ئەكرەم ئەحمەد ئاشكرایكرد، “بەرهەمی خاك كەمدەبێت و ئاژەڵەكان كێشەیان دێتەپێش، ئاو كەم بەردەدرێتەوە و ئەوەش وا دەكات بەرهەمی كارەباش كەمبێتەوە”.
ڕێكارەكانی كەمكردنەوەی زیانەكانی وشكەساڵی لە هەرێم دەستیان پێكردووە