ئەحمەد دڵزاری شاعیر کۆچی دواییکرد

ئەمڕۆ 10 ی نیسان، ئەحمەد دڵزاری شاعیر و نوسەری کورد لە تەمەنی 101 ساڵیدا لە هەولێر کۆچی دوایکرد.

ئەحمەد دڵزار لە ساڵی 1920 لە شاری کۆیە لە دایک بووە و وەک خۆی دەڵێت لە بنەماڵەیەکی کەمدەرامەت و دەستکورت لە دایک بووە.

لەبارەی ژیانی خۆیەوە پێشتر دڵزار نوسیوویەتی، ” من لە ئێوارەی رۆژی (8)ی مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 1920 لە شاری کۆیە لە دایک بووم، لە بنەماڵەیەکی ناسراو بەڵام دەستکورت هاتمە سەر دونیا، ئەو کات تازە شەڕی یەکەمی جیهانی کۆتایی پێ هاتبوو گرانیەکی سەیر رووی لە کوردستان کرد رۆژانە بە دەیان کەس دەمردن من لەو رۆژانە دا لە دایک بووم”.

دڵزار لە درێژەی نوسینەکەیدا دەڵێت” کە چاوم بە دونیا هەڵێنا گوێم لە دەنگی شیعر و ئاواز و مۆسیقا وجوانییەکانی سروشت بوو، بەرلەوەی بچمە قوتابخانە، باوکم شیعری فارسی بۆ دەکردینە کوردی، داستانی جوانی بۆ دەخوێندینەوە لەوانە (شانامەی فیردۆسی) کاریگەری زۆر کردە سەرمن، لەتەمەنی (7)ساڵی دا باوکم منی دایە دەستی (مەلا ئەسعەد) و لەوێ فێری نووسین و خوێندن بووم، قورئانم خەتم کرد ساڵی 1929 چوومە قوتابخانەی سەرەتایی لە کۆیە، مامۆستاکانم هەر هەموویان کوردبوون، لە ساڵی 1937 بۆ یەکەم جار قوتابخانەی ناوەندی لە کۆیە کرایەوە و منیش چوومە قوتابخانەی ناوەندی ئیتر دەستم لە خوێندن هەڵگرت لە شوباتی 1943 چوومەناو عەسکەری بۆ تەواو کردنی خزمەتی سەربازی، ساڵی 1943 لە بەغدا بووم و 1944 چوومە بەسرە، دواتر گەڕامەوە کۆیە.

دڵزاری شاعیر لە ساڵی 1959 بە ئەندامی یەکێتی ئەدیبانی عیراق وەرگیراوە، لە ساڵی 1970 ش بە ئەندامی یەکەم دەستەی بەڕێوەبەری یەکێتی نوسەرانی کورد ھەڵبژێردرا.

لەنێوان ساڵانی 1974 بۆ ساڵی 1979 نوێنەری بەرەی نیشتیمانی بووە لە لیژنەی ھەولێردا، لەپاڵ ئەمەدا ئەندامی دەورەی یەکەمی ئەنجومەنی یاسا دانان بووە لە ھەرێمی کوردستان. لە ساڵی 1975 دا بە ئەندامی ئەنجومەنی ھاوکاری عێراقی ئاشتی وەرگیرا، دواتر کوردستانی جێھێشتووە بەرەو وڵاتی سوید.

بابەتی پێشتر

كازمی: دووەم گەورە كەسی داعشمان لەنێو دەیانی دیكەدا كوشت

بابەتی دواتر

فراكسیۆنێك داوای كۆتایی هێنان بە لێبڕینی موچە دەكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share