١٠ گرنگترین فۆتۆگرافەر کە دەبێت بیانناسیت

ڕۆژانە چەندین فۆتۆگرافەر لە سەرتاسەری جیھاندا ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە. ئەم فۆتۆگرافەرانە دەچنە مەیدانەکانەوە بۆ گواستنەوەی ھەواڵ لەسەر ململانێ و جەنگ و ڕووبەڕووبوونەوەکان بۆ خەڵکی. ئەگەر ئەم فۆتۆگرافەرە چاونەترسانە نەبن، چەندین مەسەلەی گرنگ ھەن کە ھەرگیز ناکەونە بەر دیدی خەڵکی و ون دەبن.

ڕۆژانە چەندین فۆتۆگرافەر لە سەرتاسەری جیھاندا ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە. ئەم فۆتۆگرافەرانە دەچنە مەیدانەکانەوە بۆ گواستنەوەی ھەواڵ لەسەر ململانێ و جەنگ و ڕووبەڕووبوونەوەکان بۆ خەڵکی. ئەگەر ئەم فۆتۆگرافەرە چاونەترسانە نەبن، چەندین مەسەلەی گرنگ ھەن کە ھەرگیز ناکەونە بەر دیدی خەڵکی و ون دەبن.
لە خوارەوە لیستی ١٠ باشترین فۆتۆگرافەری جەنگ ھەن، کە دەبێت لەبارەی کارەکانیانەوە بزانیت.
١٠. ڕۆجەر فێنتۆن
فێنتۆن (٢٨ی ئازاری ١٨١٩ – ٨ی ئابی ١٨٦٩) فۆتۆگرافەرێکی بەریتانی بوو. لە ڕیزی فۆتۆگرافەرە جەنگییەکانی سەرەتادایە. دوای بەدەستھێنانی بڕوانامەی زانکۆ لە ھونەردا، حەزی بە تەکنەلۆجیای نوێ ھەبوو. لەو کاتەشدا، تەکنەلۆجیای نوێ فۆتۆگرافی دەگەیاند.

لە نێوان ساڵانی ١٨٥١/١٨٥٢، دەستیکرد بە فۆتۆگرتن و سازکردنی پێشانگا بۆ فۆتۆکانی. لەوەوە بووە پێشڕەوی فۆتۆگرافیی بەریتانی. ھەروەھا ئەندامێکی دامەزرێنەری کۆمەڵەی شاھانەی فۆتۆگرافی بوو.
لە ساڵی ١٨٥٤دا، چاپخانەی تۆماس ئاگنێوسەنز لە لەندەن، داوایان لێکرد ڕووداوەکانی قرم تۆمار بکات. بەم شێوەیە بووە یەکێک لەو فۆتۆگرافەرە چالاکانەی ڕووداوەکانی جەنگی قرمیان ڕووماڵ دەکرد.
لەو کاتەدا کەرەستەی فۆتۆگرافی، قەبە و قورس بووە. ئەگەر بیویستایە فۆتۆی ھەر شتێک بگرێت، پێویستی بە ئەسپوعەرەبانەیەک و یاریدەدەرێک بوو کە وێنەی دوورمەودا بگرێت.
بەھۆی ئەم سنووردارییەی کارەکەیەوە، تەنھا دەیتوانی وێنەی شتی جێگیر بگرێت. لەبەر ئەوە تەنھا وێنەی دەشتودەری دەگرت، بەوپێیەی نەیدەویست فۆتۆی مردووان بگرێت.
فۆتۆکەی خوارەوە، فۆتۆی “دۆڵی تارمایی مەرگ”ـە، کە لەدوای ھێرشی لیوای سووک و شیعرەکەی تێنیسنەوە ناونراوە.
ھیچ سەرکەوتنێکی بازرگانیی ئەوتۆی بەم فۆتۆیانە بەدەست نەھێنا.
٩. نیک ئوت
ئوت (٢٩ی ئازاری ١٩٥١) فۆتۆگرافەرێکی ڤێتنامی-ئەمەریکییە. کاری بۆ ئەسۆشیەیتد پرێس لە لۆس ئانجلس کردووە. خەڵاتی فۆتۆی ساڵی میدیای جیھانیی بەدەستھێنا لەسەر فۆتۆی “تیرۆری جەنگ”.
وێنەکە ھەندێک منداڵ پیشان دەدات کە لە جەنگی ڤێتنام لە بۆمبارانی ناپاڵم ھەڵدێن. گرنگیی ئەم فۆتۆیەی بۆ ململانێکانی جەنگی ڤێتنام دەگەڕێتەوە، کە تێیدا منداڵێکی نۆ ساڵان دەبینین بە ڕووتوقووتی بەرەو ڕووی کامێراکە ڕادەکات.
فۆتۆکە ڕەخنەی ئەوەی لێگیرا کە کچەکە بە ڕووتی پیشاندراوە. بەڵام ئوت یارمەتیی کچەکەی دابوو و پێش گواستنەوەی فیلمەکە گەیاندبوویە نەخۆشخانە. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە چۆن فۆتۆگرافەرانی جەنگ یارمەتیی ئەو کەسانەش دەدەن کە فۆتۆیان لێ دەگرن. ئەم فۆتۆیەی ئوت بووە براوەی خەڵاتی پولیتزەریش.
نیک ئوت ئەوکاتەی ١٦ ساڵان بوو فۆتۆی بۆ ئاژانسی AP دەگرت. سەرەتای کارەکەشی دوای مردنی برایەکی، کە ئەویش فۆتۆگرافەری ئاژانسەکە بوو و ڕووماڵی جەنگەکەی دەکرد، دەستپێکرد.
دواتریش بەردەوام بوو لە کارکردن بۆ ئاژانسەکە و ڕووماڵی تۆکیۆ، کۆریای باشوور و ھانۆی دەکرد. لە دواییشدا ساڵی ٢٠١٧ خانەنشین بوو.
٨. مارگرێت بۆورک وایت
بۆورک (١٤ی حوزەیرانی ١٩٠٤ – ٢٧ی ئابی ١٩٧١) یەکەم پەیامنێری مێینەی جەنگ بوو. یەکەم ژنیش بوو ڕێی پێدرا لە زۆنی جەنگدا و لە میانی جەنگی جیھانیی دووەمدا کار بکات.
لە ساڵی ١٩٤١دا، بەرەو یەکێتیی سۆڤیەت ڕۆیشت، ئەو کاتەی ئەڵمانیا پەیمانی ھێرشنەکردنە سەر سۆڤیەتی شکاند. بۆورک تاکە فۆتۆگرافەری بیانی بوو لە مۆسکۆ، کاتێک سوپای ئەڵمانیا لەشکرکێشییەکەی دەستپێکرد. پەنای بردە بەر باڵوێزخانەی ئەمریکا و بە کامێراکەی فۆتۆی بۆمبارانکردنی مۆسکۆی گرت.
لەگەڵ بەردەوامبوونی جەنگدا، لەگەڵ ھێزی ئاسمانیی ئەمریکیدا ڕۆیشت بۆ باکووری ئەفریقا. دوای ئەوە، چووە ڕیزەکانی سوپای ئەمریکا لە ئیتاڵیا و دواتریش ئەڵمانیا. لە ئیتاڵیا، چەندین جار دەستڕێژی گوللەی لێ کرا.
حەزی ئەم فۆتۆگرافەرە لە خولیایەکەوە دەستیپێکرد. باوکی پاڵپشتی کرد، خۆیشی حەزی بە کامێرا کۆنەکان بوو. دوای مردنی باوکی، وازی لە  خوێندنی ئاژەڵناسی ھێنا. لە چەندین کۆلێژی جیاجیادا تەراتێنی دەکرد، پێش ئەوەی لە زانکۆی کۆرنێڵ دەربچێت.
لە ساڵی ١٩٢٨دا بوو کە بەتەواوی بووە فۆتۆگرافەر. ستۆدیۆیەکی بازرگانیی فۆتۆگرافی لە نیویۆرک کردەوە. پاش ساڵێک، بووە ئەندامی ستافی فۆتۆگرافەرانی گۆڤاری فۆرچیون تا ساڵی ١٩٣٥.
٧. فیلیپ جۆنز گریفتیس
جۆنز گریفیتس (١٨ی شوباتی ١٩٣٦ – ١٩ی ئازاری ٢٠٠٨) دەرمانسازی خوێندووە، نەوەک فۆتۆگرافی. لە شەفتی شەوانی کۆمپانیای بوتسی دەرمانسازی کاری دەکرد، شەفتی بەیانیانیش فۆتۆگرافەری (Guardian) مانچستەر بووە.
تا ساڵی ١٩٦١یش بەتەواوی خۆی بۆ فۆتۆگرافی تەرخان نەکردبوو. لەو ساڵەدا بووە فۆتۆگرافەری (The Observer). یەکەم ئەرکی ئەوە بووە لە ساڵی ١٩٦٢دا بچێت بۆ جەزائیر. دوای ئەفریقاش، لە ساڵی ١٩٦٦دا چووە بۆ ڤێتنام. کاری بۆ ئاژانسی (Magnum) کردووە و ململانێ بەردەوامەکانی ڕووماڵ کردووە. ئاژانسەکە بۆی قورس بووە کارەکانی بڵاو بکاتەوە، بەوپێیەی لە وێنەکانیدا ھەست بە ھەڵوەشاندنەوەی کۆلۆنیالیزم لەو ناوچەیەدا دەکرێت. کاتێک فیلیپ ڕووماڵی پشووی جاکی کەنەدی، کوڕی جۆن کەنەدی، دەکات لە کەمبۆدیا، کارەکانی دەتەقنەوە. فرۆشی فۆتۆکانی ئەوەی بۆ دەڕەخسێنن لە ڤێتنام بمێنێتەوە.
لە ساڵی ١٩٧١ ئەلبوومی دامەزراوەی ڤێتنام (Vietnam Inc.) بڵاودەکاتەوە. ئەم کتێبە ئەو تۆقین و ترسەی جەنگ و ژیانی گوندیی ڤێتنامییەکانی خستووەتەڕوو.

جۆنز گریفیتس زۆر لێھاتوو بووە لە ڕووماڵکردنی جەنگ، بەشێوەیەک سەرۆکی ڤێتنامی باشوور لە سەرەتای لیستی ئەو ناوانەدا دایدەنێت کە نابێت ڕێیان پێ بدرێت بگەڕێنەوە وڵاتەکە.
ھێنری کارتێر برێسۆن لە بارەی گریفیتسەوە دەڵێت “لە سەردەمی فرانسیسکۆ گۆیاوە، ھیچ کەس ھێندەی فیلیپ جۆنز گریفیتس، بەباشی تابلۆی جەنگی نەکێشاوە”.
٦. مۆیسس سامان
سامان (١٩٧٤) فۆتۆگرافەرێکی ئیسپانی-ئەمەریکییە و لە تۆکیۆ نیشتەجێیە. یەکێکە لە ئەندامانی دەستەی فۆتۆگرافەرانی ئاژانسی (Magnum Photos) و “بە یەکێک لە پێشڕەوانی فۆتۆگرافەرانی جەنگیی نەوەی خۆی دادەنرێت”.
سامان زیاتر بە فۆتۆکانی عێراقی دەناسرێت. ھەروەھا ڕووداوەکانی شۆڕشی لە میسڕ ڕووماڵ کردووە. کتێبەکەی، دیسکۆردیا (٢٠١٦) ئەم وێنانە پیشان دەدات، لەگەڵ شۆڕشی بەھاری عەرەبی.

بەدەر لەو خەڵاتە زۆرانەی لەلایەن وێڵد پرێس فۆتۆ (World Press Photo) پێی دراوە، خەڵاتی وێنەی ساڵی نێوەدەوڵەتیشی وەرگرتووە. ھەروەھا خەڵاتی (Guggenhein Fellowship)یشی وەرگرتووە.
ماگنەم فۆتۆس لە ساڵی ٢٠١٠دا بانگھێشتی سامانی کرد تاوەکو بچێتە ڕیزی فۆتۆگرافەرانیان. لە ساڵی ٢٠١٤شدا بووە ئەندامی ئاژانسەکە.
٥. ژواو سیلڤا
سیلڤا (٩ی ئابی ١٩٦٦) فۆتۆگرافەرێکی جەنگیی پرتوگالییە و لە ئەفریقای باشوور لەدایک بووە. سیلڤا کۆتا ئەندامی یانەی بانگ بانگ بوو. ئەم گرووپە لە چەند فۆتۆگرافەرێک پێکھاتبوو کە ڕووماڵی ئەفریقای باشووریان دەکرد.
ژواو فۆتۆی کاتی ئازادبوونی نێڵسن ماندێلای گرتووە. لەگەڵ کیڤن کارتەردا کاری کردووە، کە فۆتۆکانی بوونە ھۆی مشتومڕ و دەمەقاڵێ لەنێو بینەرانیدا.
سیلڤا لە چەندین ناوچەی جۆراوجۆری جیھاندا کاری کردووە؛ ئەفریقا، بەڵقان، ئاسیای ناوەڕاست، ڕووسیا و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستیش.
وەک زۆرینەی فۆتۆگرافەرانی دیکەی جەنگ، لە کاتی فۆتۆگرتندا بریندار بووە. لە ٢٣ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٠دا، لە نۆبەتی پشکنینێکی سەربازە ئەمریکییەکان لە قەندەھار، ئەفغانستان، سیلڤا پێ بە مینێکدا دەنێت و بەھۆیەوە ھەردوو قاچی لەدەست دەدات. لەنێوان کاتی تەقینەوەکە و بێھۆشبوونیدا، توانی سێ فۆتۆ بگرێت.
ژواو جارێکیان لەبارەی خۆیەوە وتی “من مێژوونووسێکم بە کامێرایەکەوە”.
٤. تیم ھێتەرینگتۆن
تیمۆسی ھێتەرینگتۆن (٥ی کانوونی یەکەمی ١٩٧٠ – ٢٠ی نیسانی ٢٠١١) فۆتۆجۆرناڵیستێکی بەریتانی بوو. لە کاتی ڕووماڵکردنی جەنگی لیبیا لە ساڵی ٢٠١١، بەھۆی تەقینەوەوە پارچەی بەرکەوت و گیانی لەدەستدا.
ھێتەرینگتۆن لەڕێی گەشتکردنی بۆ ھیندستان و چین و تبتەوە، بیرۆکەی فۆتۆگرافی بۆ ھات. چەندین ساڵ لە خوێندنگەیەکی شەوان فۆتۆگرافی خوێند. دواتریش لە کاردیف فۆتۆجۆرناڵیزمی خوێند.
تیم بە فیلمە دۆکیومێنتارییەکەی بەناوی ڕێسرێپۆ (٢٠١٠) بەناوبانگ بووە. فیلمەکە بە ھاوبەشی لەگەڵ سێباستیان یونگەر کاری دەرھێنانی بۆ کرابوو. دۆکیومێنتارییەکە خەڵاتی مەزنی دەستەی داوەرانی فێستیڤاڵی فیلمی سەندانسی وەرگرت و ھەڵبژێردرا بۆ بردنەوەی خەڵاتی ئۆسکار.
ھێتەرینگتۆن چەندین خەڵاتی دیکەی بردووەتەوە، گرنگترینیشیان خەڵاتی وێڵد پرێس فۆتۆی ساڵی ٢٠٠٧ بوو.
٣.  دۆن مەککوڵن
دۆن مەککوڵن (٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٣٥)، ھەڵگری مەدالیای CBE و مەدالیای فەخریی کۆمەڵەی فۆتۆگرافەرە خانەدانەکان، فۆتۆفۆرناڵیستێکی بەریتانییە. بە فۆتۆی جەنگ و ململانێی شار دەناسرێت.

دۆن وەک یاریدەدەری فۆتۆگرافەر دەستیپێکرد، ھاوکات لە ھێزی ئاسمانیی شاھانەشدا خزمەتی نیشتمانی دەکرد. لە تاقیکردنەوەی فۆتۆگرافەریدا دەرنەچوو، ئەمەش وای لێکرد زۆربەی کاتەکانی لە ژوورێکی تاریکدا بەسەر ببات.

خاڵی وەرچەرخانی دۆن لە کارەکەیدا بۆ گرتنی فۆتۆی گرووپێکی شەقاوەی لەندەن و بڵاوکردنەوەیان دەگەڕێتەوە. زنجیرەی فۆتۆکانی لەژێر ناونیشانی “The Guvnors”دا بڵاو کردەوە، کە بە واتای کەڵەگاکان دێت.

مەککوڵن لە کاری فۆتۆگرافی بەردەوام بوو، تا دواتر خۆی خستە ناو جەنگی ڤێتنام و ململانێی ئیرلەندای باکوور. لە ساڵی ١٩٦٨دا، کامێرا نیکۆنەکەی گوللەیەکی بەرکەوت، نیشانەکە لە خودی دۆن مەککوڵن گیرابوویەوە.
٢. ڕۆبێرت کاپا
ڕۆبێرت کاپا (٢٢ی تشرینی یەکەمی ١٩١٣ – ٢٥ی ئایاری ١٩٥٤) فۆتۆگرافەر و فۆتۆجۆرناڵیستێکی ھەنگاری بوو. لەگەڵ فۆتۆگرافەری پیشەگەر گێردا تارۆی کاری کردووە.

زۆر کەس کاپایان بە بەناوبانگترین فۆتۆگرافەری جەنگ داناوە لە مێژوودا. ھۆکاری بەناوبانگییەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ مشتومڕە زۆروزەبەندەکان لەسەر فۆتۆکانی و شێوازی مردنەکەی.

مەککوڵن لە بوداپێست لەدایک بووە، ھەر ئەوکات ھەستی بە ستەمکاریی سیاسیی ھەنگاری کردبوو و ئەمەش وای لێکردبوو بەرەو بەرلین ھەڵبێت. لەوێ چاوی بە سەرھەڵدانی ھیتلەر کەوت، ئەمەش وایکرد بەرەو پاریس بگوازێتەوە. لە پاریس چاوی بە گێرتا پۆھۆریلێ کەوت و لەگەڵیدا دەستیکرد بە کار.

گێرتا ناوەکەی خۆی بە گێردا تارۆ گۆڕی. ئێندرێش ناوەکەی بە ڕۆبێرت کاپا گۆڕی، کە ناوەکەی لە تەکنیکی قرش لە فۆتۆگرافیی سەرشەقام وەرگرتووە. ھەردووکیان لەژێر ناوی کاپادا کارەکانیان بڵاو دەکردەوە، تا گێرتا ناوەکەی گۆڕی، دوای ئەوە کارەکانی بەجیا بڵاو دەکردەوە.

ڕۆبێرت کاپا ڕووماڵی پێنج جەنگی کردووە؛ جەنگی ناوخۆی ئیسپانیا، جەنگی دووەمی سینۆ-ژاپۆنی، جەنگی جیھانیی دووەم لە ئەورووپا، جەنگی ١٩٤٨ی نێوان دەوڵەتە عەرەبییەکان و ئیسرائیل، ھەروەھا جەنگی یەکەمی ئیندۆشینا. وێنەکانی بە ھەموو جیھاندا و لە گۆڤار و ڕۆژنامەکاندا بڵاو دەبوونەوە.

سەرەڕای بەناوبانگییەکەی وەک یەکێک لە باشترین فۆتۆگرافەرەکانی جەنگ، بەڵام حکوومەتی کۆنەخوازی بەریتانیا ڕێیان لێ گرت ڕووماڵی جەنگی فاڵکلاند بکات.
١. جەیمس ناچوەی
جەیمس ناچوەی (١٤ی ئازاری ١٩٤٨) فۆتۆجۆرناڵیست و فۆتۆگرافەرێکی جەنگیی ئەمەریکییە. یەکێکە لەو فۆتۆگرافەرە جەنگییانەی زۆرترین خەڵاتیان وەرگرتووە. نەک تەنھا پێنج جار مەدالیای ئاڵتوونی ڕۆبێرت کاپای یانەی میدیای جیھانی وەرگرتووە، بەڵکو دوو خەڵاتی وێڵد پرێس فۆتۆشی وەرگرتووە.

ناچوەی ساڵی ٢٠٠٣، بەھۆی تەقینەوەی نارنجۆکێک لە بەغداد بریندار بوو. بەپێچەوانەی زۆرینەی ئەو کەسانەی ھەمان کاریان کردووە، ناچوەی بەختی ھەبوو و بەتەواوی چاک بووەوە.

جەیمس لە تەمەنی ٣٦ ساڵییەوە بە گرێبەست کاری فۆتۆگرافی بۆ گۆڤاری تایمز کردووە. ھەروەھا کاری بۆ ئاژانسی بلاک ستار (١٩٨٠-١٩٨٥) و ئاژانسی ماگنەم فۆتۆز (١٩٨٦-٢٠٠١) کردووە.

ھاوکاریی دامەزراندنی ئاژانسی (VII Photo) (٢٠٠١-٢٠١١) کردووە، کە لە سەرتاسەری جیھاندا تایبەتمەند بوون لە ژانرەکانی دۆکیومێنتاری و فۆتۆگرافیی جەنگ.
بەدەر لە ڕووماڵکردن و فۆتۆگرتنی ١١ی سێپتەمبەر، فۆتۆی لە ھەموو جیھاندا چرکاندووە. بەناوبانگترینی فۆتۆکانیشی، ئەوانەی جەنگی یوگزلافیا و جەنگی ئەفغانستان و شەڕەکانی چیچان بووە.
بابەتی پێشتر

مەیدانی دار لە سلێمانی

بابەتی دواتر

بۆچی میوزیک یادەوەرییەکانمان دەورووژێنێت؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share