بەیاننامەی كۆتایی گفتوگۆی ستراتیژی عێراق و ئەمریكا بڵاوكرایەوە

ویلایەتە یەكگرتووەكان پێشوازیكرد لەو پێشكەوتنەی لە پەیوەندییەكانی نێوان حكومەتی ناوەند و حكومەتی هەرێمی كوردستان هاتووەتەدی

عێراق و ئەمریكا هەماهەنگییەكانی نێوانیان پەرەپێدەدەن و هەردوولا لەسەر چەند بڕیار و هەنگاوێك بۆ بەهێزكردنی تواناكانی عێراق ڕێككەوتن.

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 7ی نیسان گەڕی سێیەمی گفتوگۆی ستراتیژی نێوان عێراق و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەڕێی ڤیدیۆ كۆنفڕانسەوە دەستیپێكرد.

بەپێی بەیاننامەی كۆتایی، گفتوگۆكە بە سەرپەرشتی فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بووە و تیایدا هەردوولا جەختیانكردووەتەوە لەسەر گرنگی پەیوەندی دووقۆڵی بەهێز كە بەسوود بۆ هەردوو گەلی عێراق و ئەمریكا دەشكێتەوە.

تیایدا پرسەكانی ئاسایش و ڕیشەكێشكردنی تیرۆر، ئابوری و وزە و ژینگە، پرسە سیاسییەكان و پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەكان تاوتوێكران، لە گفتوگۆكاندا نوێنەرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەشداربوون، وەك ئەوەی لە بەیاننامەكەدا هاتووە.

دەشڵێت، هەردوو وڵات جەختیان لەسەر گرنگی بەرنامەی ڕێككەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی كردەوە و، ویلایەتە یەكگرتووەكان دوپاتی ڕێزگرتن لە سەروەریی عێراق و پارێزراوی خاكەكە كردەوە و پابەندی بە بڕیارە پەیوەندیدارەكان كە لەهەردوو دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێكردنی عێراقەوە دەرچوون نیشانداوە.

ڕونیشیدەكاتەوە، شاندی ئەمریكی جەختیكردوەتەوە لەوەی كۆمپانیا ئەمریكییەكان دەتوانن هاوكاری پێشكەشبكەن بۆ جۆراوجۆركردنی ئابوریی عێراق لەڕێی وەبەرهێنان لەو پڕۆژانە كە دەبێتە هۆی دروستبوونی هەلی كار و باشكردنی خزمەتگوزارییە گشتییەكان و پەرەپێدانی سەرچاوەكانی وزە لە وڵات.

لە بەشێكی دیكەی بەیاننامەكەدا هاتووە، هەریەك لە عێراق و ویلایەتە یەكگرتووەكان نیازی هاوبەشیان نیشاندا بۆ چارەسەری دۆخی لەناكاوی ئاووهەوا و پێكەوە كاركردن بۆ زیادكردنی وزەی خاوێن و ڕوبەڕوبوونەوەی گۆڕانی ئاووهەوا، لەنێویشیاندا كاركردن لەگەڵ كەرتی تایبەت لە ویلایەتە یەكگرتووەكان، لەڕێی جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژانە دەبێتەهۆی بەهێزكردنی وزەی خاوێن و باشكردنی بەرهەمهێنانی كارەبا بە بەكارهێنانی وزەی خۆر و پەرەپێدانی توانای بەرهەمهێنانی وزە و چارەسەری ئەو گازەی لە ئاكامی دەرهێنانی نەوت-دا دێتەدەرەوە.

هەروەها ویلایەتە یەكگرتووەكان پێشوازیكرد لەو پێشكەوتنەی لە پەیوەندییەكانی نێوان حكومەتی ناوەند و حكومەتی هەرێمی كوردستان هاتووەتەدی لە گەیشتنە ڕێككەوتن دەربارەی بودجە و وزە و پرسە ستراتیژییەكانی دیكە.

ویلایەتە یەگرتووەكان پشتیوانی خۆی بۆ سەروەری عێراق و پارێزراوی خاكەكەی و ئازادی ڕادەربڕین نیشاندا كە دەستوور زامنیكردووە. هەردوو شاند ئەو ڕێگایانەشیان تاوتوێكرد كە بەهۆیەوە ویلایەتە یەكگرتوەكان لەڕێیەوە دەتوانێت پشتیوانی حكومەتی عێراق بكات لەوەی پەیوەندی بە فەراهەمكردنی پاراستنی خۆپیشاندەرانی ئاشتییانە و چالاكوانانی كۆمەڵی مەدەنییەوە هەیە، جگە لە پشتیوانی عێراق لە گەیشتن بە چارەسەری پرسی ئاوارەبووانی ناوخۆ و پێشكەشكردنی هاوكاری بۆ ئەو توێژانەی لەلایەن داعشەوە ڕوبەڕووی لەناوبردنی بەكۆمەڵ بوونەتەوە.

بەیاننامەكە ڕونیشیدەكاتەوە، هەردوو وڵات گەیشتنە ئەو بڕیارەی ڕۆڵی هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەئێستادا گۆڕاوە بۆ ئەركی ڕاهێنان و ڕاوێژ، لەسەر ئەو بنەمایەش سەرلەنوێ ڕێكخستنەوە بۆ هێزە شەڕكەرەكان دەكرێت بۆ دەرەوەی عێراق، لە بەرامبەریشدا عێراق بەڵێنی پاراستنی تاك و كاروانەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و نێردە دیپلۆماسییەكان دەكات.

لە بواری خوێندنی باڵا و هەماهەنگیی زانستی و ڕۆشنبیریش، هەردوو حكومەت تاوتوێی پشتیوانی ویلایەتە یەكگرتووەكانیان كرد بۆ ئەو هەوڵانەی عێراق گرتوویەتیەبەر بۆ پەرەپێدانی خوێندنی باڵا بە هەماهەنگی لەگەڵ زانكۆ ئەمریكییەكان لەڕێی بەرنامەی فولبڕایت (Fulbright) و دەستپێشخەریی خوێندنی باڵای باڵیۆزخانەی ئەمریكا (Higher Education Partnership Initiative) و پشتیوانی بەرفراوانی ئەمریكا بۆ زانكۆكان لە ناوچە ئازادكراوەكان (Liberated Universities Initiative).

لە كۆتایشدا وەك ئەوەی لە بەیاننامەكەدا هاتووە، هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگیی پەیوەندییە ستراتیژییەكانی نێوانیان و سووربوون لەسەر درێژەپێدانی و هەنگاوی پێویست بۆ پتەوكردنی بەجۆرێك كە خزمەت بەهەردوو وڵات بكات و ببێتە هۆی هاتنەدی ئاسایش و سەقامگیری و بوژاندنەوە لە ناوچەكەدا كردەوە.

بابەتی پێشتر

یوڤانتۆس 2-1 ناپۆلی

بابەتی دواتر

ئاژەڵ كە سەرخۆش دەبێت چی لێبەسەردێت؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
2
Share