نوێنەرایەتییەکانی سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 11ی تشرینی یەکەم کە ڕۆژی جیهانی کچانی منداڵ و گەنجە ڕایانگەیاند، کچانی منداڵ و گەنج لە عێراق بەڕێژەیەکی ئەوەندە زۆر دووچاری توندوتیژی دەبنەوە کە جێگای قبوڵكردن نییە.
بەپێی ڕاگەیەنراوەکەی ئەو نوێنەرایەتییانە، %80ی كچانی گەنج و منداڵ لە عێراق ڕوبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە لە ماڵەوە و قوتابخانەکانیان، لەهەمان کاتدا ملیۆنانیان لە جیهاندا ڕوبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە لەوانە، خەتەنەکردن، هاوسەرگیریی منداڵان، گێچەڵی سێکسی، دەستدرێژی سێکسی و جۆرەکانی دیکەی توندوتیژی.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، “کچان بەگشتی لە عێراقدا لە ژێر کاریگەریی نەبوونی ئاسایشن لە عێراق، کە وایکردووە کۆت و بەندەکانی سەر کچان زیاتر ببن، هەروەها بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ڕێکارەکانی پەیوەست بەو دۆخە وایکردووە ئەو مەترسییانەی ڕوبەڕووی کچان دەبنەوە ڕوو لە زیادبوون بكەن”.
بەپێی ڕاگەیەنراوێکی بەڕێوبەرایەتیی زانیاریی توندوتیژی لەبارەی ئامارەکانی توندوتیژی، لە چارەکی یەکەمی ساڵی 2020 دا %23ی توندوتیژییە تۆمارکراوەکان لە تەمەنی منداڵ و مێردمنداڵ بوون، لە نێویاندا %6ی لە تەمەنکانی (سفر) بۆ (١١) ساڵ بوون، %17ی لە تەمەنی 12 بۆ 17 ساڵ تۆمارکراون.
بەپێی ئەو بەدواداچوونانەی نەتەوەیەکگرتووەکان لەنێو ئەو خێزانانەی لە کەمپی ئاوارەکانی ناوچە جیاوازەکانی پارێزگای نەینەوا کراوە، هاوسەرگیریی منداڵان تاوەکو ئێستا بە شێوەیەکی بەردەوام دووبارە دەکرێتەوە وەک ڕێگایەک بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکان لای خێزانە هەژارەکان.
ڕاگەیەنراوەکە داوای لە حکومەت و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و کۆمەڵە دینییەکان دەکات هەوڵەکانیان بخەنەگەڕ بە مەبەستی، “بەدیهێنانی یەکسانی لە خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی بەشێوەیەکی باش، قەرەبووکردنەوەی ئەو مێردمنداڵ و گەنجانەی لە خوێندن بێبەشبوون، دەرکردن و جێبەجێکردنی یاسا ڕوبەڕوبوونەوەی توندوتیژیی خێزانی و یاسای منداڵ و پاراستنی کچان”.