دوو تۆمەتبار بە هەزاران دۆلاری ساختەوە دەستگیركران

دۆلارە ساختەكان

پۆلیسی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، دوو تۆمەتبار دەستگیركران كە زیاتر لە چوار هەزار دۆلاری ئەمریكی ساختەیان پێبووە.

بەڕێوبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ یەكشەممە 11ی تشرینی یەكەم ڕایگەیاند، مەفرەزەكانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان و بەشی پۆلیسی فریاكەوتنی سلێمانی دوو تۆمەتباریان دەستگیركرد كە بڕێك پارەی ساختەیان پێبوو و ویستویانە لەناو بازار ساغی بكەنەوە.

ڕونیشیكردەوە، “دوای ئەوەی زانیاری گەیشتە پۆلیس لەبارەی تۆمەتبارانەوە، پۆلیسی سلێمانی لێكۆڵینەوەكانی دەستپێكرد و دوای كۆكردنەوەی زانیاری ورد و دەستنیشانكردنی شوێنی تۆمەتباران توانرا دوو تۆمەتبارەكە دەستگیربكرێن كە بڕی چوار هەزار و 600 دۆلاری ئەمریكی ساختەیان پێبووە و ویستویانە ساغی بكەنەوە”.

پۆلیسی سلێمانی دەشڵێت، لەئێستادا تۆمەتباران (ش ، م ، م ) و ( س، م ، أ ) دانیشتووی قەزای دوز بە بڕیاری دادوەر ڕاگیراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە.

دوێنێش بەڕێوبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، “دوو كەسیان بە ناوەکانی (م.ی.ع) و (ح.ی.ع) دەستگیرکرد، کە بڕی (3500) دۆلاری ئەمریکییان ساختە کردبوو و دەیانویست لە بازاڕ ساغی بکەنەوە”.

پێشتریش عیسا خدر ڕەشە، بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکانی هەرێم بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 586 كەس بە تۆمەتی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر و دراوی ساختەوە دەستگیرکراون.

بەپێی وتەی ناوبراو تەنها لەو ماوەیەدا 358 کیلۆ و 552 گرام مادەی هۆشبەر دەستیان بەسەردا گیراوە، لەگەڵ 2 ملیۆن و 650 هەزار دیناری عێراقی و 63 هەزار دۆلار و 100 هەزار یۆرۆی ساختە.

 

بابەتی پێشتر

پەکەکە بۆچوونی چییە لەسەر ڕێککەوتنی هەرێم و بەغدا لەسەر شەنگال؟

بابەتی دواتر

نەتەوەیەكگرتووەكان لەبارەی ڕەوشی كچانی عێراقەوە هۆشداری دەدات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share