حزبوڵای عێراقی هێرش بۆ سەر ئامانجەكانی ئەمریكا ڕادەگرێت

لایەنگرانی حزبوڵا لە بەردەم باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد

كەتیبەكانی حزبوڵای عێراق ڕایدەگەیەنێت، ڕەزامەندییان نیشانداوە لەسەر هەڵپەساردنی هێرشەكانیان بۆ سەر ئامانجەكانی ئەمریكا، بەڵام بەمەرج.

ئاژانسی ڕۆیتەرز لەسەر زاری محەمەد موحی، وتەبێژ بەناوی كەتیبەكانی حزبوڵای عێراقی ئەمڕۆ یەكشەممە 11ی تشرینی یەكەم ڕایگەیاند، ڕێككەوتنەكەیان لەسەر هەڵپەساردنی هێرش بۆ سەر ئامانجەكانی ئەمریكا سەرجەم گروپە “بەرگریكارەكان” لە عێراق دەگرێتەوە.

ڕونیشیكردەوە، “ئەم ئاگربەستە مەرجدارە” مەبەست لێی پێدانی كاتە بە حكومەتی عێراق بۆ دانانی خشتەیەك بۆ كشانەوەی هێزەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكان لە وڵات بەپێی ئەو بڕیارەی ئەنجومەنی نوێنەران لە كانونی دووەمی ڕابردوو پەسەندیكرد.

موحی جەختیشیكردەوە لەسەر پێویستی جێبەجێكردنی بڕیارەكەی پەرلەمان لەلایەن حكومەتەوە تایبەت بە كشانەوەی سەرجەم هێزە بیانییەكان لە وڵات، ئەوەشی دوپاتكردەوە كە هیچ خشتەیەكی كاتییان نەخستووەتە بەردەم حكومەت بۆ جێبەجێكردنی ئەو بڕیارە.

هەڕەشەی ئەوەشی كرد كە “گروپەكانی بەرگری” سەرجەم چەكە بەردەستەكان بەكاردەهێنن ئەگەر ئەمریكییەكان ڕێز لە بڕیارەكانی ئەنجومەنی نوێنەران نەگرن كە داوای كشانەوەی لێكردوون، هۆشداری ئەوەشیدا كە هەڵدانی موشەكی كاتیۆشا بۆ سەر هێز و نێردە دیبلۆماسییەكانی ئەمریكا پەیامێكە بۆ واشنتن و بەدوایدا هێرشی توندتر دێت.

بەرپرسانی ئەمریكی كەتیبەكانی حزبوڵا بە بەرپرسی زۆرێك لەو هێرشە موشەكییانە ناودەبەن كە ناوبەناو دەكرێتەسەر هێز و بنكەكانی ئەمریكا لە عێراق.

هێرشەكان بۆ سەر ئامانجەكانی ئەمریكا ماوەیەكە زیادیكردووە و بەهۆیەوە ئیدارەی واشنتن بڕیارێكی سەرەتایی بۆ داخستنی باڵیۆزخانەكەی لە بەغداد نیشاندا.

بابەتی پێشتر

نەتەوەیەكگرتووەكان لەبارەی ڕەوشی كچانی عێراقەوە هۆشداری دەدات

بابەتی دواتر

ئازەربایجان: ئەرمینیا دووەم گەورەترین شاری بۆردومان کردووین

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ئێران باڵیۆزێكی نوێ دەنێرێتە عێراق

ئێران باڵیۆزێكی نوێی بۆ بەغداد دەستنیشانكرد و تاران لەبارەی دەستبەكاربوونییەوە ڕوونكردنەوە دەدات. سەعید خەتیب زادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی…
Total
0
Share