لوبنانی نغرۆبوو یەكێك لە دژوارترین قەیرانە ئابورییەكان كە چەند دەیەیەكە بەدەستییەوە دەناڵێنێت، هیچ سەرچاوەیەكی بۆ هاوكاری نەدۆزییەوە جگەلە عێراق كە ئەویش گرفتاری دەستی قەیرانی ئابورییە.
هەردوولا ڕێككەوتنێكیان واژووكرد تایبەت بە فەراهەمكردنی نەوت لەلایەن بەغدادەوە لە بەرامبەر پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی لە بەیروتەوە، وەك ئەوەی ئاژانسی فەرمی لوبنان بڵاویكردووەتەوە.
بەپێی ڕێككەوتنەكە كە دوێنێ هەینی 2ی نیسان لەلایەن حەسەن تەمیمی، وەزیری تەندروستی عێراق و حەمەد حەسەن-ی هاوتا لوبنانییەكەیەوە واژووكرا، لوبنان 500 هەزار تۆن نەوتی عێراقی پێدەدرێت، وەك ئەوەی ڕیمۆن غجەر، وەزیری وزەی لوبنان ئاماژەی پێدا.
ڕێككەوتنەكە بەهەمان شێوە “هەماهەنگی لە بواری بەڕێوبردنی نەخۆشخانەكان” لەخۆدەگرێت، كە تیایدا شارەزایانی لوبنانی و تیمی پزیشكی تایبەت بەشداردەبن لە بەڕێوبردنی دامەزراوەی نوێ و شاری پزیشكی لە عێراق، جگە لە ڕاهێنانی پزیشكی كە بەشێكی دیكەی ڕێككەوتنەكە لەخۆدەگرێت.
عێراق بە زەرەرمەندترین وڵاتی عەرەبی بە كۆڤید-19 دادەنرێت و، چەند دەیەیەكیشە بەدەست كەمی كادری پزیشكی و دەرمان و كەلوپەلی تەندروستییەوە دەناڵێنێت.
لە بەرامبەریشدا لوبنان بە “تیماری جیهانی عەرەبی” دادەنرێت بەهۆی خزمەتگوزارییە پزیشكییە پێشكەوتووەكانی لە كەرتی تایبەتدا، سەرەڕای لێهاتوویی پزیشكەكانی كە زۆرینەیان لە ئەوروپا و ویلایەتە یەكگرتووەكان دەخوێنن.
س: ئەلعەرەبییە