هێزە ئەمنییەكان بڵاوەپێدەكرێن.. ڕێوشوێنە تەندروستییەكان لە سلێمانی چڕدەكرێنەوە

شاری سلێمانی

بڕیارە لە ئێوارەی ئەمڕۆوە ڕێوشوێنە تەندروستییەكان لە سلێمانی چڕبكرینەوە و سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانیش دەڵێت، لەكاتژمێر 9ەوە كافتریا و یانە و هۆڵەكان دادەخرێن.

بەپێی ئەو زانیارییانەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 1ی نیسان لە لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی سلێمانییەوە دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە، بڕیارە لە كاتژمێر هەشتی ئێوارەی ئەمڕۆوە مەفرەزەكانی هێزەكانی ئاسایش و پۆلیسی سلێمانی لەناو شاردا بڵاوەپێدەكرێن بەمەبەستی جێبەجێكردنی ئەو بڕیار و ڕێوشوێنە تەندروستییانەی لەلایەن لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا لە هەرێم و لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی سلێمانی دەركراون.

هاوكات لەشكر حەمید، سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەتی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، لە كاتژمێر 9ی ئەمشەوەوە سەرجەم کافتریا و یانە شەوانەکان و هۆڵی ئاهەنگ و بۆنەکان دادەخرێن.

ئەوەشی وت، “بە ڕۆژیش پێشكەشكردنی نێرگەلە لە كافتریا و یانەكاندا بەهەموو شێوەیەك قەدەغە دەكرێت”.

دوێنێ لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی سلێمانی چەند بڕیارێكی لەبارەی خۆپارێزییەوە دەركرد و تیایدا هاتووە، “لە ڕۆژی 1ی نیسانەوە، تیمە هاوبەشەکانی هێزەکانی ناوخۆ و ئاسایش و لیوای یەکی پاراستنی سلێمانی و پێشمەرگە بەشێوەی جێگیر و جوڵا و بە هەماهەنگیی تیمەکانی تەندروستیی و پۆلیسی هاتوچۆ، لەژێر چاودێریی لیژنەی ئارامیی سلێمانی و یەکە کارگێڕییەکانی تردا، بۆ ماوەی سێ ڕۆژ ڕێنمایی بەستنی ماسک بەشێوەی ئیلزامی پێشکەش بە هاوڵاتییان دەکەن، لەدوای ئەو ماوەیەوە هەر هاوڵاتییەک پابەندی بەستنی ماسک نەبێت بەپێی خاڵی هەشت لە بەیانی ژمارە (10)ی ساڵی (2021) مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت”.

ئاماژە بەوەشكراوە، “بەڕێوبەر و بەرپرسی هەر دامەزراوە و فەرمانگەیەکی حکومی و ناحکومی بەرپرسیارن لە جێبەجێکردنی بڕیار و ڕێکارە تەندروستی و خۆپارێزییەکان لەناو فەرمانگەکەی خۆیدا، هەروەها بەرپرسیارە لە جێبەجێکردن و بەدواداچوون و چاودێری و لێپرسینەوەی هەر کەس و بوار و شوێن و پیشەیەک کە مۆڵەتی فەرمی لەو فەرمانگەیە وەرگرتبێت”.

“لەڕێی فەرمانگەی داواکاریی گشتییەوە داوا لەسەر هەرکەس و لایەن و شوێن و دامەزراوەیەک تۆماردەکرێت، کە زیان بە پاراستنی ئاسایشی تەندروستی و تەندروستیی گشتی و جێبەجێکردنی ڕێکارە تەندروستییەکان بگەیەنێت”، وەك لە خاڵێكی بڕیارەكاندا هاتووە.

بابەتی پێشتر

ڕێكخراوێكی مافی مرۆڤ: مانگی ڕابردوو 15 كۆڵبەر كوژران و برینداربوون

بابەتی دواتر

سەرۆكایەتیی یەكێتی: پەسەندکردنی بودجە سەرەتایەكی گرنگە بۆ کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکان

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share