نێچیرڤان بارزانی پەیامێك پاش دیداری ماكرۆن بڵاودەكاتەوە

ئیمانوێل ماكرۆن و نێچیرڤان بارزانی

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەرۆكی فەڕەنسا كۆبووەوە و پاش دیدارەكەش پەیامێكی بڵاوكردەوە.

پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 30ی ئازار نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە كۆشكی ئیلیزێ لە پاریس لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا كۆبووەوە.

دوابەدوای كۆتایی هاتنی كۆبوونەوەكە نێچیرڤان بارزانی لە تویتێكدا ڕایگەیاند، “خۆشحاڵبووم بە دیداری هاوڕێم سەرۆك ئیمانوێل مەكرۆن ئەمڕۆ لە پاریس. سوپاسی خۆمم بۆ هاوكاریی بەردەوامی فەڕەنسا بۆ هەرێمی كوردستان دوپاتكردەوە”.

ئەوەشی خستەڕوو، لە كۆبوونەوەكەدا “پەیوەندییە دووقۆڵییەكان و كێشە هەنوكەییەكانی عێراق و ناوچەكە تاوتوێکران”.

لەسەر بانگێشتی فەرمیی سەرۆكی فەڕەنسا دوێنێ سەرۆكی هەرێم گەیشتە ئەو وڵاتە.

پێشتر فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم ئاشکرایکرد، “ئەم سەردانانە بۆ پەرەپێدانى پەیوەندییەکانى نێوان هەردوولایە و بە تایبەت پرسى سەقامگیرى لە عێراق و رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و هەرێمى کوردستان و پرسى شەڕ دژى تیرۆر و روبەڕوبوونەوەى توندڕەوى و پرسى پێکەوە ژیان و پاراستنى پێکهاتە ئاینى و نەتەوەییەکان، یەکێکە لە ئامانجەکانى سەردانەکى شاندى هەرێم بۆ پاریس”.

ئەم سەردانەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم لە دوای سەردانەکەی پاپای ڤاتیکان دێت بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان و بڕیاریشە لە سەردانەکەدا پرسی ئاوارەکان و هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان بۆ هەرێم لە تەوەری گفتوگۆکان بن.

بابەتی پێشتر

كازمی كەمكردنەوەی نرخی دۆلار ڕەتدەكاتەوە

بابەتی دواتر

كۆرۆنا لە هەرێم.. 860 توشبووی نوێ ڕاگەیەنرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share