چاڤی: ئێستا لەخۆم ڕادەبینم ببمە ڕاهێنەری بەرشلۆنە و ڕیاڵ مەدرید لە چامپیۆنزلیگدا چانسی هەیە

 

چاڤی هێرناندێز، ئەستێرەی دێرینی یانەی بەرشلۆنە و ڕاهێنەری ئێستای یانەی سەددی قەتەری لە تۆڕی یوتیوبەوە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ پێگەی (DJMariiO) ئەنجام دەدات.

مایسترۆ لە وەڵامەکانیدا ئاماژە بەگەڕانەوەی بۆ یانەی بەرشلۆنە و بۆچوونەکانی لەبارەی واژووکردنی بۆند لەگەڵ لاوتارۆ مارتینێز و نێیمار دا سیلڤای بەرازیلی ئاشکرا دەکات.

داهاتووی وەک ڕاهێنەری بەرشلۆنە

“نازانم خەڵکی بۆچی بەو شێوەیە لە من دەڕوانن (وەک ڕاهێنەر)، شانازی پێوەدەکەم و بەدڵمە، ئێستا و دوای تاقیکردنەوەی تواناکانم لەبواری ڕاهێنان، لەخۆم ڕادەبینم پۆستی ڕاهێنانی یانەی بەرشلۆنە وەربگرم و ئەوەش خەیاڵێکە، خەونی گەڕانەوە بۆ یانەی بەرشلۆنە، چەندین جاری دیکە وتوومە بەرشلۆنە ماڵی منە، ژیانی منە، من زیاتر فێردەبم، لەقەتەر وەک ڕاهێنەرێک زیاتر ئەزمون وەردەگرم، لەڕاستیدا ڕاهێنانی یانەی بەرشلۆنە کارێکی گەورەیە و دەبێت ئامادەباشیت هەبێت، هەموو ئەوەش پڕۆسەیەکە و هیوادارم ڕۆژێک لەڕۆژان ڕووبدات”.

بەرشلۆنە و مێژووی لالیگا و چامپیۆنزلیگ

” بەرشلۆنە وەک پاڵێوراوی سەرەکی لالیگا دەبینم، لە چامپیۆنزلیگ دۆخەکە جیاوازە، بەرشلۆنە هەر کاتێک نازناوەکەی بردبێت بەڕێژەیەکی زۆر لە ڕکابەرانی بەهێزتربووە و ئەو چانسە مێژووییەیان نییە کە یانەکانی دیکە هەیانە، بەرشلۆنە پێویستە زۆر بەهێزبێت و زۆریش متمانەی بەخۆیبێت، بۆچی ئەوان ناتوانن بەچانس نازناوی چامپیۆنزلیگ بەدەستبهێنن؟ ئەوە قورسە، لەڕووی مێژووییەوە هەر کاتێک بەرشلۆنە لەلوتکەدابووە و ڕکابەرانی لالیگای ڕاماڵیوە پاشان چامپیۆنزلیگی مسۆگەرکردووە”.

 

مەبەستت لە چانسی ڕیاڵ مەدریدە؟

“بەڵێ، ڕیاڵ مەدرید، بۆ نا؟ نەک بەتەنها مەدرید، بەڵکو چەندین یانەی دیکەش چانسیان هەبووە لە دەستەبەرکردنی نازناوە ئەوروپییەکەدا، بەرشلۆنە لە ستامفۆرد بریدج (ساڵی ٢٠٠٩) بە (١٠) یاریزانەوە و بەبێ هیچ لێدانێک بۆ گۆڵ گۆڵیان لەسەر یانەی خانەخوێ لەڕێگەی ئەندرێس ئینێستاوە تۆمار کرد، ئەوە چانسە، من دەڵێم چانس ئەوەیە وەرزێکی خراپ بەڕێبکەیت و لە پلەی پێنجەم و شەشەم و حەوتەمی لالیگا بیت و نازناوی چامپیۆنزلیگ بەدەستبهێنیت، ئەوە هەرگیز لەگەڵ بەرشلۆنە ڕووینەداوە، بەرشلۆنە نازناوی لالیگای بەدەستهێناوە و پاشان نازناوی چامپیۆنزلیگ، بەڵام ڕیاڵ مەدرید لە پلەی شەشەمی لالیگا بوو خولی یانە پاڵەوانەکانی بردەوە، من بەوە دەڵێم چانسی مێژوویی”.

گەڕانەوەی نێیمار بۆ بەرشلۆنە

” بۆ نا؟ هیچ گومانێکم لەتواناکانی نییە، لە ژووری جلگۆڕینەکان لەگەڵ ئەم یاریزانەدا ژیاوم و بەنسبەت منەوە کەسێکی مەزنە، یاریزانێکی پڕۆفیشناڵبوو و دڵنیام جیاوازی دروستدەکات، هەندێک بابەتی پەیوەندیدار بە سۆشیال بوونیان هەیە، من ناچمە ناو ئەو بابەتانە، بەڵکو ئەوەی گرنگە بەلامەوە لەناو یاریگادا یەکێکە لە پێنج باشترینەکە”.

 

ستایلی یاریکردن

” ئەوکاتەی تیپەکەم تۆپی پێدەبێت هێمن دەبم، بەلامەوە گرنگە پێکهاتەکانم تۆپیان پێبێت، نەک لەبەرئەوەی تۆپ لەنێو پێیەکانیاندا بێت و هیچیتر، بەڵکو پێویستە هێرشی پێبکەیتە سەر ڕکابەرەکانت، حەزم بە ستایلی فشاری قورسە بۆ گەڕاندنەوەی تۆپ”.

مەدرید لەم وەرزەدا

” پێموایە بەهێزن، مەحاڵە بەدرێژایی مێژوو یانەی ڕیاڵ مەدرید بەلاوازی بەرچاوکەوتبێت، بەدەگمەن ڕوودەدات وەک وەرزی ڕابردوو بەو ئاستە لاوازەوە ببینرێن، لەم وەرزەدا زۆر بەهێزن و چەندین یاریزانی پلە باڵایان هەیە”.

 

ئەو یاریزانانەی هەمان ستایلیان هەیە

” ئەو یاریزانانە زۆرن، وەک گۆندوگان، دی یۆنگ، ئارسەر، کرۆس، مۆدریچ، کازۆرلا، ئەوانە لەمن دەچن، لەڕووی هونەرییەوە توانای خوێندنەوە و ڕوماڵکردنی یاریگایان هەیە، بەئاسانیش تۆپ لەدەستنادەن”.

کڕینی لاوتارۆ مارتینێز

” بەدڵمە، کێ بەدڵی نییە؟ بەباشی لەناو یاریگادا دەوەستێت، باش دەردەکەوێت و چڕی و قوڵایی بە هێڵی هێرشبەر دەدات، یاریی بە تۆپی بەرزەوە دەکات، لەناو مەوداکاندا کاردەکات، بەرشلۆنە ئەگەر گرنگی پێبدات کارێکی باشدەکات”.

پویۆڵ و پیکێ

” قورسە بتوانم یەکێکیان پێش ئەوی دیکە بخەم، ئاڵۆزە، ئەوان جیاوازن، بەڕای من ئەو دوو یاریزانە دوو باشترین دووانەی سەنتەری بەرگری بوون لەمێژووی یانەی بەرشلۆنە”.

کۆرۆنا ڤایرۆس

” ئێمە لە دەوحەین و ڤایرۆسەکە لێرە باشتر کۆنتڕۆڵکراوە، حاڵەتی مردن کەمبووە، بەڵام چواردەورمان گیراوە و دۆخەکە وەک ئیسپانیا قورس نییە، لێرە هەموو شتێکیان ڕاگرتووە، قوتابخانەکان، تۆپی پێ، هەموو شتێک، پلەی گەرما (٣٥) پلەیە، بەڵام باخێکمان هەیە و لە مەلەوانگەکەمان مەلە دەکەین”.

ئیکەر کاسیاس

” پەیوەندی هاوڕێیەتی توندوتۆڵمان هەیە، دۆستمە، ڕابەرێکی گەورەیە، بینیومە ناڵاندوویەتی، بینیومە دڵخۆشبووە… بەیەکەوە هەموو شتێکمان بینیوە، زۆرم خۆشدەوێت، ئەو وەک برام وایە و هەمیشە هیوای باشترینی بۆ دەخوازم”.

بابەتی پێشتر

ئیگالۆ: پارەی ئەوەم پێنەبوو ناوی خۆم لەسەر درێسی مان یونایتد چاپ بکەم، ئێستا خەون دەبینم

بابەتی دواتر

یتۆ یاکی: لاوتارۆ کۆکراوەیەکە لە ئەگوێرۆ و گریزمان و پیاهەڵدانەکەی مێسی خۆشحاڵی کردووە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share